Smiley face
Smiley face
Smiley face

پەنابەرانی باکور بانگەوازی دەکەن هەموان لە قەندیل نەورۆز پیرۆزکەن

2017-03-20 13:31:33



ڕۆژنیوز – سلێمانی

 

پەنابەرانی باکوری کوردستان، کە ئێستا نیشتەجێی شاری سلێمانین، ڕەخنە لە هەڵوێستی پارتی دەگرن لەبەرامبەر رێگریکردن لەچوونی هاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆ قەندیل و پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز، بانگەوازیش دەکەن هەموان پێکەوە لە بناری قەندیل نەورۆز پیرۆزکەن.

 

دروستکردنی ئاستەنگی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراقەوە بۆ هاوڵاتیانی سنوری دەسەڵاتی خۆی و بەتایبەت پەنابەرانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە.

 

عەلائەدین ئەحمەد، چاودێری سیاسی باکوری کوردستان و پەنابەر لە سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت:"ئامانجی پارتی ئەوەیە، کە کورد ئەوەی بەدەستی هێناوە لە ساڵەکانی ڕابردوو بە دەستی دوژمنان لەناوی ببات، تورکیا دەیەوێت پێشکەوتنەکانی باشور یان باکور یان ڕۆژئاواو و ڕۆژهەڵات شکست پێبهێنێت و لایەنگرێکی ئەو پرۆژەیەی تورکیایە".

 

عەلائەدین ئەحمەد

 

عەلائەدین ئەحمەد، وتیشی:"پێویستە کە پارتی هەڵوێستی خۆی دیاری بکات، کە ئایا کوردە یان دژی کوردە، لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەتی خۆی ڕوون بکاتەوە، چونکە پێویستە کوردان بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل بکەن".

 

ئەو چاودێرە سیاسییەی باکور، ئاماژەی بەوەشدا:"ئەوەی کە پارتی دەیکات بەرگە نەگرتنە لە تێکۆشانی کورد لە پارچەکانی تر، کە لەسەر ئەو بنەمایە چەندین کوردی باکوری لە هەولێر دەستگیرکردووە، پارتی نایەوێت کە کورد پێشبکەوێت و ببێتە خاوەن ئیرادەی خۆی".

 

عەلائەدین ئەحمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:جەژنی نەورۆز بۆ گەلی کورد جەژنی بەرخودان و یەکێتی نەتەوەییە وە جەژنی هەرچوارپارچەی کوردستانە، بۆیە ئێمە بانگەوازی لە گەلی کورد دەکەین، کە بەیەکەوە نەورۆز یاد بکەینەوە و ئاگر دابگیرسێنین.

 

لەسەر هەمان بابەت، موسلیم حاجی، پەنابەرێکی دیکەی باکوری کوردستان، کە ئێستا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە بۆ ڕۆژنیوز دوا و لە سەرەتادا جەژنی نەورۆزی لە هەموو گەلی کورد پیرۆزکرد و وتی:"جەژنی نەورۆز بۆ گەلی کورد جەژنی ژیانەوە و بەرخۆدان و یەکێتی-یە، بۆیە بانگەوازی لە گەلی کورد دەکەم کە هەموو پێکەوە جەژنی نەورۆز پیرۆزبکەن".

 

موسلیم حاجی

 

موسلیم، وتیشی:"بانگەوازی ئێمە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییە، نەک بۆ ئاستەنگکردنی جەژنی نەورۆز بەرژەوەندی تەسکی حزبی، بانگەوازیش لە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین کە ببنە یەک و لە بناری چیای قەندیل بە یەک دەنگ و یەک زمان نەورۆز پیرۆز بکەن".

 

ئەو هاوڵاتییەی باکوری کوردستان، داواشی لە پارتی کرد، ئاستەنگی لەبەردەم خەڵکدا دروست نەکات بۆ ئەوەی بەشداری جەژنی نەورۆز ببن.

 

هەموو ساڵێک لە ٢١/ئازار بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز هاوڵاتیانی چوار پارچەی کوردستان ڕوو لە بناری قەندیل دەکەن و بەجۆش و خرۆشێکی مەزنەوە لەگەڵ گەریلاکان جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن.

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin