ڕۆژنیوز - محه‌مه‌د و شه‌ماڵ
حه‌سه‌ن شه‌ره‌فى، جێگرى سکرتێرى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، دانیشتن و له‌یه‌ک نزیکبوون له‌سه‌ر پرسى گه‌لى کورد به گشتى له هه‌موو پارچه‌کان بە تەنیا ڕێگاچارە دەزانێت و ڕاشیدەگەیەنێت:" گه‌یشتنى لایه‌نه‌کان بۆ لاى یه‌ک و یه‌ک ده‌نگى له ناو ماڵى کورد زه‌حمه‌ته، به‌ڵام هه‌موو شتێکیش چاوه‌ڕوان کراوه و نا مومکین نییه".
حه‌سه‌ن شه‌ره‌فى، جێگرى سکرتێرى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا) له چاوپێکه‌وتنێکى ئاژانسى ڕۆژنیوزدا سه‌باره‌ت به خه‌بات له ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان، دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنێکى هاوبه‌ش و گرنگی یەکێتی نەتەوەیی و بەستنی کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى، هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەیاقن لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستان(حدک) و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی ئێران، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
-له ڕۆژه‌ڤى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌نگۆى ئۆپۆزسیونێکى هاوبه‌ش له ئارادایه (حدکا) بۆچوونى له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته چۆنه؟
"له‌یه‌ک نزیکبوون له‌سه‌ر پرسى گه‌لى کورد، تەنیا ڕێگا چارەیە"
شه‌ره‌فى: یه‌کگرتوویى کورد له هه‌موو کاته‌کاندا پێویستیه‌کى گرنگ بووه، کورد له‌هه‌ر سه‌رده‌مێکدا یهکگرتووبووبێت، ئه‌وا سه‌رکه‌وتنى به ده‌ست هێناوه، به‌ڵام هه‌ر کاتێک په‌رش و بڵاوبوون دوژمن توانیوێتى کاریگه‌ر بێت له‌سه‌ر خه‌بات و تێکۆشانى گه‌لى کورد، پرسى یه‌کگرتن و یه‌ک ده‌نگى له ڕۆژهه‌ڵات و ئێران کاریگه‌رى ده‌خاته سه‌ر ڕۆڵ و کاریگه‌رى کورد له ڕۆژهه‌ڵاتدا ئه‌مه له لایه‌ک، له لایه‌کى تره‌وه له کوردستان به گشتى یه‌کگرتنى هه‌موو لایه‌نه‌کان پێویستیه‌کى گرنگه، به‌ڵام ئه‌م یه‌کگرتن و هاوده‌نگییه ناکۆکى و به کێشه نابێت، چونکه هه‌ر حزب و لایه‌نێک فکر و سیاسه‌ت و خه‌باتى جیاوازى هه‌یه، له ساڵانى ڕابردوودا لایه‌نه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان یه‌کتریان زۆر تۆمه‌تبار ده‌کرد و دژى یه‌کترى کاریان ده‌کرد خۆشبه‌ختانه ئێستا ئه‌م جۆره کرده‌وانه نه‌ماوه، ساڵانى ڕابردوو ڕه‌وتى له یه‌ک بڵاوبوون و له یه‌ک دابڕان بوو بۆیه زۆر کات لێدوانى دژ به یه‌ک وای ده‌کرد، که بارودۆخه‌که ئاڵۆزتر بێت، بۆیە له ئێستادا پێش ئه‌وه‌ى به‌ره‌یه‌کى هاوبه‌ش پێکبهێندرێت، ئه‌وا پێویسته ئه‌م ئاڵۆزی و ناکۆکییانه‌ى، که هه‌ن به‌لاوه بنرێن بۆیه لێره‌دا ده‌ڵێم له ئێستادا گفتوگۆ له سه‌ر ئه‌م پرسه بکرێت بۆ داهاتوو له سه‌ر پێکهێنانى به‌ره‌یه‌کى هاوبه‌ش هه‌ر چه‌نده من ئه‌مه به زه‌حمه‌ت ده‌زانم، به‌ڵام له هه‌مانکاتیشدا به شتێکى مهحالیشى نازانم بۆیه دانیشتن و له‌یه‌ک نزیکبوون له‌سه‌ر پرسى گه‌لى کورد به گشتى له هه‌موو پارچه‌کان ته‌نیا ڕێگه چاره‌یه.
-ئەگەر لەیەک نزیکبوون تەنیا ڕێگاچەرەبێت، کەواتە حدکا، بەستنی کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى چۆن دەبینێت؟
"یه‌ک ده‌نگى له ناو ماڵى کورد زه‌حمه‌ته، به‌ڵام نامومکینیش نییە"
حه‌سه‌ن شه‌ره‌فى: کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ماوه‌یه‌کى درێژه کارى بۆ ده‌کرێت و له ئێستاشدا ڕۆژه‌ڤى سه‌ره‌کییه له ناو حزبه‌کان و خه‌ڵکى کوردستان، خۆشبه‌ختانه چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له هه‌ولێر لایه‌نه سه‌ره‌کیه‌کانى هه‌ر چوار لاى کوردستان به‌شدارى یه‌که‌م هه‌نگاوى ده‌ستپێکردنی کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى بوون منیش یه‌کێک له‌و پێنج که‌سه‌ى لایه‌نى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان بووم، که به‌شدارى هه‌نگاوى به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى بووم، سه‌ره‌تا کاره‌کانى کۆنگره زۆر به باشى به‌ڕێوه‌ده‌چوو له سه‌ر کۆمیسیونهکانى کۆمه‌ڵایه‌تى، فه‌رهه‌نگى، ڕاگه‌یاندنى هاوبه‌ش قسه کرا و کۆمیسیۆنهکانیش ده‌ستنیشان کران، به‌ڵام کاتێک کار که‌وته سه‌ر پۆست و هه‌ر پارچه‌یه‌ک به چه‌ند که‌س به‌شدار بیت کێشه‌که زیاتر له سه‌ر ئه‌مه بوو، گه‌یشتنى لایه‌نه‌کان بۆ لاى یه‌ک و یه‌ک ده‌نگى له ناو ماڵى کورد زه‌حمه‌ته، به‌ڵام هه‌موو شتێکیش چاوه‌روان کراوه و نا ممکین نییه.
-سەبارەت بە کێشەی کورد لەگەڵ ڕژێمی ئێران، ئێوە رێگای سەربازی بە گونجاو ەدزانن یان گفتوگۆ؟
"ڕۆڵه‌کانى کورد به جێگاى ڕادەستبوون، خۆڕ‌اگرى و شه‌ڕیان هه‌ڵبژارد"
شه‌ره‌فى: ئێمه پێمان خۆشه به ڕێگه‌ى دیالۆگ کێشه‌ى کورد له ئێران چاره‌سه‌ر بیت مێژوو پێمان ده‌ڵێت هه‌ر وڵاتێک شه‌ڕى کردووه له دواى هه‌موو شه‌ڕێک دواجار به دیالۆگ و دانیشتن کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بوون، له هاتنه سه‌ر کارى ڕ‌ژێمى کۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه زۆر هه‌وڵمان دا به دانیشتن و گفتوگۆ کێشه‌ى کورد چاره‌سه‌ر بکه‌ین ئێران هیچ ڕێگه‌یه‌کى بۆ نههێهێشتینهوه یان ده‌بوایه ڕادەست ببین یا به‌رگرى له خۆمان بکه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش ڕۆڵه‌کانى کورد به جێگاى ڕادەستبوون، خۆڕ‌اگرى و شه‌ڕیان هه‌ڵبژارد، ڕژێمێکى ئیدۆلۆژى مه‌زهه‌بى نه باوەڕى به دیموکراسى ده‌بێت که ویست و داخوازی ئێمه‌یه، نه باوەڕی به دادى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه، نه باوەڕى به یه‌کسانى ژن و پیاو هه‌یه، بۆیه ئه‌و خه‌باته‌ى ئێمه خه‌باتێکى هه‌مه جۆر و هه‌مه ڕه‌نگه چی پێویست بکات ئه‌نجامى ده‌ده‌ین، پشتمان به‌خه‌ڵکى گوند و شاره‌کان به‌ستووه.
-هه‌وڵدان هه‌یه بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ى هه‌ر دوو باڵى حزبى دیموکرات؟
"ده‌ستمان به گفتوگۆ کردووه"
شەرەفی: له ڕاستیدا جیابوونه‌وه زۆر به ئاسانى ده‌کرێت، به‌ڵام یه‌کگرتنه‌وه ماوه ده‌بات و ده‌بێت سه‌بریش هه‌بێ، له ئێستادا ئێمه له‌گەڵ هاوڕێیانمان له حزبى دیموکراتى کوردستان ده‌ستمان به گفتوگۆ کردووه، گفتوگۆکان له ماوه‌ى ڕابردوودا باش نه‌بوون، به‌ڵام له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا ده‌ستمان به گفتوگۆ کردۆته‌وه هیوادارم هاوڕێکانمان به باشى نزیک ببنه‌وه و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش چاره‌سه‌ر بێت.
-ئێران زۆر جار هه‌ڕه‌شه و هێرشى کردۆته سه‌ر ئێوه وەڵامتان چ چى ده‌بێت؟
" به‌رگریمان له خۆمان کردووه"
شه‌ره‌فى: ئه‌مه جارى یه‌که‌م و دووهه‌م نییه که ئێران هێرش و هه‌ڕه‌شه له ئێمه ده‌کات چه‌ندین جار له قه‌ندیل به فڕۆکه بۆردومان کراوین، لێره له کۆیه چه‌ندین جار هێزى چه‌ند هه‌زار که‌سى هێرشیان کردووەته سه‌ر ئێمه به‌رگریمان له خۆمان کردووه، ئه‌م جۆره هه‌ڕه‌شه و هێرشانه ئێمه له خه‌بات و تێکۆشان سارد ناکاته‌وه هه‌موو پلانى کۆمارى ئیسلامى ئێرانمان له دژى خۆمان پێشبینى کردووه.
-هه‌ڵبژاردنى ئه‌مساڵى ئێران بایکۆت ده‌که‌ن یا به پێچه‌وانه‌وه؟
"هەڵبژاردن بۆ گەلی کورد تەنیا ئاڵوگۆڕ له مۆره‌کاندا ده‌کرێت"
شه‌ره‌فى: تا ئێستا ئێمه له کۆمیته‌ى ناوه‌ندى حزبه‌که‌مان له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته کۆنه‌بووینه‌ته‌وه به ڕوونى پێتان بڵێم ئێمه چى ده‌که‌ین، به‌ڵام به پێى ئه‌و ناسینه‌ى له گه‌ل حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران هه‌مه، هه‌روه‌ها به پێی ئه‌وه‌ى، که حزبه‌که‌مان ناسینى له سیاسه‌تى ئێران هه‌یه هیچ سیاسه‌تێک له کۆمارى ئیسلامى ئێران ناگۆڕێت، بۆیه هەڵبژاردنەکە بۆ گه‌لى کورد ئه‌ونده جدى نییه تەنیا ئاڵوگۆڕ له مۆره‌کاندا ده‌کرێت وه‌کو تر چ له سیاسه‌ت و گۆڕانکارى له ئێران‌دا نایه‌ته ئاراوه.
-په‌یامى کۆتاییتان بۆ گه‌لى کورد چییه؟
شەرەفی: پێم وایه خه‌ڵکى کوردستان کاتى ئه‌وه هاتووه که زیاتر له جاران خۆیان به شه‌ریکى خه‌بات و بزوتنه‌وه‌ى خۆیان بزانن له هه‌ر شوێنێک ده‌توانن ناڕه‌زایه‌تى خۆیان له دژى کۆمارى ئیسلامى ده‌رببڕن بۆیه ده‌بێت زیاتر له جاران به‌شدارى له خه‌بات و چالاکیه‌کاندا بکه‌ن، هه‌ر وه‌ها بۆ حزب و لایه‌نه سیاسیه‌کانى کوردستان ئه‌وه‌یه ئه‌و هه‌وڵ و له یه‌ک نزیک بوونه‌وانه که هه‌ن بگه‌نه ڕێگه چاره‌یه‌ک و ئه‌و هه‌ولانه‌ش فراوانتر و به‌ره‌و پێشترى ببهیهن بۆ ئه‌وه‌ى زه‌مینه‌یه‌کى باش له داهاتوودا بۆ گه‌لى کورد بڕخسێنین.
ش.ف