ڕۆژنیوز - دانا عومه‌ر
ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، کە ئەوان چاوه‌ڕوانى وەڵامی یه‌کێتیی-ن بۆئه‌وه‌ى بەیەکەوە سه‌ردانى دووه‌م بۆ لاى لایه‌نه‌کان ده‌ستپێبکه‌ینه‌وه، سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی-ش لەلایەن بارزانی-یەوە، دەڵێت:"من ناڵێم که‌ى ده‌وڵه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، چونکه ئه‌مه عه‌قڵانى نییه".
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى دیموکراتى کوردستان- عێراق ه و هه‌روه‌ها وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتی له پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ڕۆژنیوزدا وه‌ڵامى چه‌ند پرسێکى وه‌ک خولى دووه‌مى دانیشتنه‌کانى پارتى بۆلاى لایه‌نه‌کان و نیه‌تى پارتى بۆ نه‌رمى نواندن له‌به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌کاندا بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانى سیاسى هه‌رێمى کوردستان و پرسى ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى کوردى و تێڕوانینى پارتى بۆ کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ده‌داته‌وه.
ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که:
-که‌ى دانیشتنه‌کانى پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کاندا ده‌ستپێده‌کاته‌وه؟
"پارتى چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى یه‌کێتیه"
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: ئێمه کۆبوونه‌وه‌کانمان به‌رده‌وامه، کۆمه‌ڵێک کۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ شاندى باڵاى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستاندا هه‌بووه، ئه‌م فهترهیهى که کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى تردا دواکه‌وتووه ئه‌وه‌نه‌ى من ئاگادار بم په‌یوه‌ندى به کۆبونه‌وه‌کانى ناوخۆى یه‌کێتیه‌وه هه‌بووه، چونکه بڕیار وابوو یه‌کێتى و پارتى پێکه‌وه سه‌ردانى لایه‌نه‌کان بکه‌ن، بۆیه پارتى چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى یه‌کێتیه.
-نه‌خشه ڕێگاى پراکتیکى پارتى چییه بۆ گۆڕانکارى له سێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ى هه‌رێمدا، ده‌وترێت پارتى دواى له‌یه‌کێتى کردووه سه‌رۆکى په‌رله‌مان وه‌رگرێت، ئه‌گه‌ر یه‌کێتى ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت گۆڕان چى به‌رده‌که‌وێت؟
"پارتى باوه‌ڕى به‌خه‌باتى به‌ره‌یى و بڕیارى پێکه‌وه‌یى هه‌یه"
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: بۆخۆى دابه‌شکردنى پۆسته‌کان شتى ته‌کنیکییه، ئه‌وه په‌یوه‌سته بهشاندنى دانوستانکاره‌وه، به‌ڵام به‌بۆچوونى من حکومه‌تى بنکه فراوان سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه، هێزێک که شه‌ریکه له‌حکومه‌تدا ده‌بێت به‌رپرسیارێتى هه‌موو کێشه‌کان هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام هه‌ندێک هێز به گیرفان له‌ناو حکومه‌تدا بوون و له‌ده‌ره‌وه وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کرد، پارتى به‌رپرسیارێتى هه‌موو شته‌کانى هه‌ڵگرت بۆیه مافى خۆیه‌تى شه‌ره‌فى سهرکهوتنهکانیشى پێببڕێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتى باوه‌ڕى به‌خه‌باتى به‌ره‌یى و بڕیارى پێکه‌وه‌یى هه‌یه، وه ئه‌م قۆناغه‌ش ئێمه ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتى ئه‌وه‌ى که گوتارێکى نیشتیمانى یه‌کگرتوومان هه‌بێت، پێویسته حزبه‌کان هه‌موو پێکه‌وه قۆناغى سازان به‌ڕێوه به‌رن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه یه‌کده‌نگى.
-له‌و سه‌ردانانه‌ى که کردتان بۆ لاى لایه‌نه‌کان هیچ نزیک بوونه‌ته‌وه له سازانى لایه‌نه‌کان؟
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: به‌دڵنیاییه‌وه پێش دانیشتنه‌کان هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رده‌م قه‌یرانێکدا بوو، لانى که‌م دانیشتنه‌کان ئاشتبوونه‌وه‌یه‌کى له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا پێکهێنا.
- تۆ ئاماژه‌ت به‌وه‌کرد که پارتى دیموکراتى کوردستان سیاسه‌تى به‌ره‌یى هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌واقعدا ده‌بینرێت پاتى له گۆڕەپانی سیاسیی‌دا به‌ته‌نیا ماوه‌ته‌وه و زۆربه‌ى لایه‌نه‌کان ڕه‌خنه له سیاسه‌ته‌کانى ده‌گرن له‌سه‌ر په‌کخستنى په‌رله‌مان و ده‌رکردنى نه‌یاره‌کانى له‌هه‌ولێر، هه‌روه‌ها پارتى به‌ته‌نیا مایه‌وه له‌کاتى ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه یاساى بودجه‌ى ساڵى ٢٠١٧ى عێراق ؟
"ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ڕانه‌گیرایه ڕه‌نگه کۆى کایه‌ى سیاسى له‌کوردستاندا لهناوبچوایه"
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که ئێمه له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه یاساى بودجه ته‌نیا که‌وتین، به‌لاى منه‌وه ئه‌وه شه‌ره‌فێکى گه‌وره‌یه بۆ ئێمه که به‌ته‌نیا داکۆکى له مافه نه‌ته‌وه‌یه‌کانمان بکه‌ین، یاساى بودجه کێشه‌ى زۆر تیابووه، بۆیه پارتى نه‌چووه ژێر بارى ئه‌وه‌ى ده‌نگ به‌و یاسایه بدات، له‌باره‌ى په‌کخستنى په‌رله‌مانه‌وه، من واى نابینم پارتى په‌رله‌مانى په‌ک خستبێت، به‌ڵکو په‌رله‌مان هه‌وڵیده‌دا که حزبێک بخاته ده‌ره‌وه‌ى کایه‌ى په‌رله‌مان که خاوه‌نى ٣٨ کورسى په‌رله‌مانیه، هێزێک دێت له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه ده‌یه‌وێت ئه‌م پارته خاوه‌ن مێژووه بخاته ده‌ره‌وه‌ى کایه‌ى سیاسى، ئه‌مه په‌رله‌مانى په‌کخست، پارتى هات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى که کۆى کایه‌ى سیاسى له‌ژێر ههڕشهدابوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه، بۆ ماوه‌یه‌ک په‌رله‌مانى ڕاگرت، خۆ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ڕانه‌گیرایه ڕه‌نگه کۆى کایه‌ى سیاسى له‌کوردستاندا له‌ناو بچوایه.
-پێتوایه گۆڕان و لایه‌نه‌کانى تر مه‌ترسى بوون بۆسه‌ر پڕۆسه‌ى سیاسى له هەرێمی کوردستاندا ، یان ده‌یانویست په‌ره به دیموکراتى بده‌ن له هەرێمی کوردستاندا و په‌رله‌مان کارا بکه‌ن، چونکه ئه‌وان هیچ بڕیارێکیان به‌بێ زۆرینه نه‌داوه، ته‌نانه‌ت ئه‌وڕۆژه‌ى که بڕیار بوو په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌باره‌ى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بکرێت، ڕێژه‌ى یاسایى ته‌واو نه‌بوو سه‌رۆکى په‌رله‌مان دانیشتنه‌که‌ى دواخست؟
"که تۆ پابه‌ند نه‌بیت به‌یاساوه نا‌توانیت بلێیت هێزێکى دیموکراتیم"
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: یه‌ک له‌و هۆکارانه‌ى که په‌رله‌مان په‌کى که‌وت ئه‌وه‌بوو، که بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌یتوانى ئه‌و ڕۆژه ڕێژه‌ى یاسایى ئاماده‌بوونى په‌رله‌مانتاران ته‌واو بکات بۆ تێپه‌ڕبونى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، له‌باره‌ى په‌ره‌دان به‌دیموکراسی-شه‌وه، دیموکراسى به‌واتا فه‌لسه‌فیه‌که‌ى ئه‌وه‌یه سیستمێکه بۆ به‌ڕێوبردنى ده‌سه‌ڵات، له‌هه‌موو دنیادا ئه‌و هێزه‌ى ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ده‌بات به‌رپرسیارێتى پاراستنى سیستمى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ، بۆیه پارتى که هێزێکه له‌ده‌سه‌ڵاتدا پشکى شێرى به‌رکه‌وتووه خۆى به‌رپرسیار ده‌زانێت به‌رامبه‌ر پاراستنى کایه‌ى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى، ههرهێزێکى سیاسى به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌م ڕەوتە ئیش بکات پارتى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵدا ناکات، دیموکراسى واتاى سه‌روه‌رى یاسا، ئه‌نجومه‌نى شوراى دادوه‌رى له‌هه‌رێمى کوردستان به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریه، بڕیارى ده‌رکردووه بزوتنه‌وه‌ى گۆَڕان لێره‌وه به‌یاننامه ده‌رده‌کات ده‌ڵێت پابه‌ند نابم پێیه‌وه، که تۆ پابه‌ند نه‌بى به‌یاساوه نا‌توانیت بڵێیت هێزێکى دیموکراسیم، به‌ڵام له‌ئێستادا کاتى ئه‌وه نییه قه‌تماغه‌ى هه‌ندێک برین هه‌ڵبده‌ینه‌وه، کاتى ئه‌وه‌یه هه‌موو لایه‌ک قسه‌ى خێر بکه‌ین بۆ نزیکبونه‌وه‌ى لایه‌نه‌کان و ڕێکخستنى نێوماڵى کورد.
- کێشه‌ى سه‌ره‌کى له هه‌رێمى کوردستاندا له‌نێوان پاتى و گۆڕان-دایه، وه‌ک ده‌ڵێیت پارتى ئێستا بهنههجى نه‌ته‌وه‌یى کار ده‌کات، که‌واته ئه‌و نهرمیانه چین، که پارتى ده‌ینوێنێت به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆئه‌وه‌ى دۆخى سیاسى هه‌رێم چاره‌سه‌ر بێت؟
"نه‌رمى نواندن له‌ئه‌نجامى دانووستان و گفتۆگۆ دروست ده‌بێت"
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: له هیچ شوێنێکى دنیا نه‌بووه که سه‌رۆکێک شه‌ڕ به‌رێته‌وه، داواى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه بکات، به‌ڵام سه‌رۆکى هه‌رێم له‌دواى دوورکه‌وتنه‌وه‌ى داعش له سنوره‌کانى هه‌رێمى کوردستان و له‌دوا سنوره‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌وه داواى له‌لایه‌نه‌کان کرد که گۆڕانکارى له‌سێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ى هه‌رێمى کوردستاندا بکه‌ن، له‌مه‌زیاتر نه‌رمى نوادن چییه، پێکهێنانى شاندى باڵا له مه‌کته‌بى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ سه‌ردانى لایه‌نه‌کان ئه‌مه‌ش هه‌ر نه‌رمى نواندنه، نه‌رمى نواندن له ئه‌نجامى دانووستان و گفتۆگۆ دروست ده‌بێت، پارتى هه‌میشه ده‌رگاى گفتوگۆى دانه‌خستووه، وه بڕواى وایه که گفتوگۆ جۆرێکه له سیاسه‌تکردنى نه‌رم.
- ئێوه بۆ درێژه‌دان به گفتوگۆکان هه‌ر چاوه‌ڕێى یه‌کێتى ده‌که‌ن، یان ئه‌گه‌ر تا ماوه‌یه‌کى تر یه‌کێتى وەڵامی نه‌دانه‌وه خۆتان ده‌ست به خولى دووه‌مى گفتوگۆکان ده‌که‌ن؟
"ڕه‌نگه گفتوگۆکان خێرا بکرێن"
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: له‌به‌رئه‌وه‌ى که گۆڕانکارییه‌کان خێرا بوون له جیهان و ناوچه‌که‌دا ڕه‌نگه گفتوگۆکان خێرا ببن، ده‌بێت ئه‌وه‌ى پێشتر بووبوو به‌گرفت تێیپه‌ڕێنین و هه‌موومان به‌شدارى له بڕیارى سیاسی‌دا بکه‌ین، ئێمه بێجگه له‌مانه هه‌میشه باسمان له ڕیفراندۆم کردووه، ڕیفراندۆم واتاى ڕۆڵدانه به تاکى کورد له‌دیاریکردنى پرسه چاره‌نوس سازه‌کاندا و دروستکردنى ده‌وڵه‌تیش بڕیارى چاره‌نوس سازه.
-ئایا ڕیفراندۆم بۆ ئه‌وه‌نیه به‌رپرسیارێتى کاردانه‌وه‌کانى دروستبونى ده‌وڵه‌ت بدرێت بهکۆڵى میلـله‌ت-دا، یان پێویست نیه پێش ڕیفراندۆم لایه‌نه کوردییه‌کان گه‌ره‌نتى پاراستنى ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌ده‌ست بهێنن که ڕیفراندۆمى بۆ ده‌که‌ن، یاخود به‌م دۆخى ئابووریه‌وه ده‌توانین ده‌وڵه‌ت ڕابگه‌یه‌نین؟
"ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر ئیراده دروست ده‌بێت"
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: زۆر ده‌وڵه‌ت دروست بوون که ئابوورى به‌هێزیان نه‌بووه، ته‌نانه‌ت مهلیکیشیان نه‌بووه، که ده‌وڵه‌تى عێراق دروست بوو مه‌لیکى نه‌بوو، مهلیکێکیان له‌ده‌ره‌وه بۆهێنا، لەکاتێکدا کورد له‌و کاته‌دا مه‌لیک مه‌حمودى هه‌بوو، ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر ئیراده دروست ده‌بێت، ئێمه ئابووریه‌کى به‌هێزمان هه‌یه، به‌ڵام ئێستا تووشى قه‌یران بووه، هێزێکى پێشمه‌رگه‌ى به‌هێزمان هه‌یه، نزیکه‌ى ٢٢ ده‌وڵه‌ت ئێستا له کوردستاندا ڕاهێنان به هێزى پێشمه‌رگه ده‌کات، له‌لایه‌کى تریشه‌وه پشتگیرى نێو ده‌وڵه‌تیمان هه‌یه، وڵاتانانى دراوسێش دژایه‌تى دروستبوونى ده‌وڵه‌تى کوردى ناکه‌ن، ئێران ناڕازى نییه، به‌ڵام هه‌ندێک دڵنیایى ده‌وێت، تورکیا پێویستى به بوژاندنه‌وه‌ى ئابوورى خۆیه‌تى بۆیه پێویستى به مامه‌ڵه‌کردنه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا، عه‌ره‌به‌کان به‌جۆرێک گه‌شتونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ى که ده‌وڵه‌تى کوردى زیانى بۆئه‌وان نابێت.
- بەپێی قسەکانی ئێوە بێت له ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌ت نزیک بوونه‌ته‌وه، ئایا له‌م نه‌ورۆزه‌دا بارزانى ده‌وڵه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نێت، چونکە خەڵک دەڵێت هەموو بەهارێک بارزانی دەڵێت دەوڵەت رادەگەیەنین؟
" من ناڵێم که‌ى ده‌وڵه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، چونکه ئه‌مه ئه‌قڵانى نییه"
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: ئه‌وه قسه‌ى میدیا و قسه‌ى هه‌ندێک خه‌ڵکه، که به‌بێ گرنگى له بڕیارى سه‌رۆک و میلـلهتى خۆى ده‌ڕوانێت، له‌هه‌موو دنیا هیچ شۆڕشێک به‌بێ ڕابه‌ر ناتوانێت سه‌ر بکه‌وێت، ئێمه ڕابه‌رێکمان هه‌یه که براوه‌ى جه‌نگى داعشه و سه‌رۆکێکى مه‌یدانییه، هه‌روه‌ها مێژوویه‌ک له‌خه‌باتى هه‌یه، بۆیه مافى خۆیه‌تى که بڕیار بدات، وه پێویسته تاکى هۆشیاریش له‌پشتى بڕیارى سه‌رۆکه‌که‌یه‌وه بێت، من ناڵێم ئه‌م به‌هاره ده‌وڵه‌ت راده‌گه‌یه‌نرێت، به‌ڵام وه‌ک چۆن له ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان گفتوگۆکان به‌رده‌وامه له‌ده‌ره‌وه‌ش به‌هه‌مان شێوه گفتوگۆى سیاسى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غداشدا هه‌یه، به‌ڵام هه‌رێمى کوردستان ئێستا له‌ڕوى ئه‌خلاقیه‌وه ده‌وڵه‌ته، بۆیه ئه‌وانیش نه‌رمیان هه‌یه به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تى کوردى هه‌یه، من ناڵێم که‌ى ده‌وڵه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، چونکه ئه‌مه ئه‌قڵانى نییه و باسکردن له‌کاتى ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌ت دیراسه‌ى ده‌وێت، به‌ڵام بهبۆچونى من نزیکه.
- ئاماژه‌ت به‌وه‌دا که پارتى زۆربه‌ى جومگه‌کانى ده‌سه‌ڵاتى به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆیه به‌شی زۆرى سه‌روه‌ریه‌کانى به‌ر ده‌که‌وێت، ئایا پارتى شکستى که‌رتى نه‌وت و غاز و که‌رتى ئابووریش ده‌گرێته ئه‌ستۆ؟
"من پێى ده‌ڵێم بنیاتنانى ئابوورى"
عه‌تا شێخ محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ى به‌ڕێزت ناوى ده‌نێیت شکستى که‌رتى ئابوورى من پێى ده‌ڵێم بنیاتنانى ئابوورى، فه‌ره‌نسییه‌کان که قه‌یرانى دارایى ڕووى کرده وڵاته‌که‌یان سێ فڕۆکه‌خانه‌ى گه‌وره‌یان هێنایه سه‌ر فرۆشتن، ئه‌مریکا توشى قه‌یرانى دارایى بوو، یۆنان توشى قه‌یرانى دارایى بوو، ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه تووشى ئه‌و قه‌یرانه بووین، ئێمه ئێستا خه‌ریکه ڕووبه‌ڕووى قه‌یرانى دارایى ده‌بینه‌وه، ئیراده‌ى ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌یه، وه ده‌رکه‌وته‌کانى چاره‌سه‌رى کێشه‌ى دارایى ده‌رکه‌وتووه.
-کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى پرسێکى گرنگه بۆ کورده‌کان، کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که) له‌ماوه‌ى ڕابردوودا بانگه‌وازێکى بۆ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى بڵاوکرده‌وه بانگى له‌لایه‌نه‌کان کرد بۆ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى، ئایا ئه‌و ههنگاوانهچین که پارتى ده‌ینێت بۆ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى؟
"ئه‌وه‌ى که ئێستا گرنگه له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا دروستکردنى میساقى نیشتیمانییە"
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن: کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى له‌پێشتردا هه‌نگاوى بۆ نرا، وه ڕه‌نگه سه‌روه‌رى هه‌نگاوى یه‌که‌م بۆ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى به پارتى ببڕێت، به‌ڵام ئێستا زه‌مه‌نێکى تره، ئه‌وه‌ى که ئێستا گرنگه له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا دروستکردنى میساقى نیشتیمانیه، میساقى نیشتیمانى ئه‌وه یه‌کلا ده‌کاته‌وه هێزه‌کانى هه‌رێمى کوردستان چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئێران و تورکیا بکه‌ن، پارتى دیموکراتى کوردستان خۆى بە میراتگری کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ده‌زانێت، به‌ڵام میکانیزمه‌کان بۆ دواکه‌وت ئه‌وه پرسێکى دیکه‌یه من نامه‌وێت ئێستا قسه‌ى له‌سه‌ر بکه‌م.
-ئه‌گه‌ر هه‌نگاوى دووه‌م هه‌بێت بۆ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى پارتى چۆن نزیکى ده‌بێته‌وه؟
من ده‌ڵێم ئێستا کاتى دروستکردنى میساقى نه‌ته‌وه‌ییه، ئه‌وه‌ى گرنگه له‌کوردستاندا پرسى ده‌وڵه‌تى کوردیه، ئه‌گه‌ر هێزێک ده‌یه‌وێت کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى دروست بکات با پشتگیرى دروستبونى ده‌وڵه‌تى کوردى بکات و سه‌روه‌رى خاکى کوردستان پێشێل نه‌کات و ئیستیفزازى هه‌رێمى کوردستان نه‌کات، کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌وه‌یه لهپراکتیکى کرده‌وه‌ى هێزه سیاسه‌کاندا ڕه‌نگ بداته‌وه.
ش.ف