Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئارێز عەبدوڵا: هەرێم پشتی بە تورکیا بەستووە کە مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر ئایندەی

2017-03-12 09:58:15



ڕۆژنیوز – سۆران حسێن

 

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پشت بەستنی هەرێم بە تورکیا لە هەناردەکردنی نەوت-دا بە مەترسییەکی گەورە بۆ دواڕۆژی هەرێم دەبینێت و دەڵێت:"دەبێت هەرێمی کوردستان ڕێڕەوی تر بدۆزێتەوە بۆ فرۆشتنی نەوت".

 

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆکی کۆمسیۆنی نەوت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ڕۆژنیوز، باس لە دۆخی ئێستای هەرێم، سیاسەتی سیاسەتی نەوتی هەرێم، هۆکار و چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بانگەشەکان بۆ دەوڵەتی کوردی و چەند پرسیکی دیکە دەکات.

 

لەسەر بانگەشەی دەوڵەت لەلایەن پارتییەوە، ئارێز عەبدوڵا وتی: پەرلەمانی هەرێم کارناکات، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە، هێزی پێشمەرگە تا ئێستا دوو هێزی حزبە، ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەرچوو، قەیرانێکی گەورەی دارایش هەیە، بۆیە من دەڵێم ئایا ئەو بانگەشانە بۆ دروستکردنی دەوڵەتە، یان بۆ چاوپۆشیکردنی ئەو قەیرانانەیە کە لە هەرێمی کوردستان دروستکراون.

 

ناوبراو، دەشڵێت:دەرگای گفتوگۆی بەغدا دانەخراوە و دەکرێت لەسەر کێشەکان ڕێکبکەوین و خۆشمان ڕێکبخەینەوە، چونکە خۆ بەغدا پەرلەمانی هەرێمی دانەخستووە و ڕێگری لە هەڵبژاردنی سەرۆکێکیش نەکردووە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-لە ماوەی ڕابردوودا سەرکردایەتی یەکێتی لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانییان لە دەستێوەردانی وڵاتان لە ناوخۆی هەرێم دەربڕی، ئەو نیگەرانیانە لە چییەوە سەرچاوەی گرتبوو؟

 

"هەندێک وڵات لە هەرێمدان هەموو کارێکیان بۆ خراپترکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستانە"

 

ئارێز عەبدوڵا: دەستێوەردان هەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا، بەڵام ئەگەر ئێمە کێشەی سیاسی و یاساییمان نەبێت، ئەو دەستانە کاریگەریی زۆریان نابێت، بەڵام کاتێک ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کێشەمان هەبێت و لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا کێشە هەبێت بێگومان دەستێوەردانەکان کاریگەرتر دەبن، بەتایبەت هەندێک وەڵات هەن، کە لە هەرێمی کوردستان جێگیربوون، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە بارودۆخی کوردستان خراپتربکەن، بەو پێیەی باشتربوونی دۆخی هەرێمی کوردستان کاریگەری باشی دەبێت لەسەر پارچەکانی تیری هەرێمی کوردستان

 

-یەکێتی پرۆژەیەکی ڕاگەیاند بۆ چاککردنی دۆخی هەرێم و گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی هەرێم، کە دزەی کردە ناو میدیاکانەوە، تاچەند پشتیوانی کراوە لە لایەن لایەنەکانەوە؟

 

ئارێز عەبدوڵا: تا ئێستا ئێمە بە فەرمی نەمانخستووەتە بەردەم لایەنە سیاسییەکان، ئێمە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیمان هەبووە، لەوێ باسی نەخشەڕێگای سیاسییمان کردووە و پێشنیارمان هەبووە، بڕیاڕە لە نزیکترین کاتدا پەسەندی بکەین و بیخەینە بەردەم لایەنە سیاسییەکان.

 

-لەم بارودۆخەدا پێتان وایە پشتگیری لە پرۆژەکەتان بکرێت؟

 

"دەبێت لایەنەکان پرۆژەکە پەسەند بکەن، بەتایبەت پارتی"

 

 

ئارێز عەبدوڵا: ئێمە بیرمان لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، هەربۆیە ئەو پرۆژەیەمان ئامادەکردووە، پرۆژەکەش شتێکی خەیاڵی نییە و نەتوانرێت جێبەجێبکرێت، شتێکمان پێشنیارکردووە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بگونجێت و لایەنەکانی دیکەش ڕەزامەندبن لەسەری، لەگەڵ ئەمەشدا هەر حزب و ڕێکخراوێک سەرنج و تێبینی خۆیان هەیە و دەتوانن بیخەنە سەری، دەبێت هەموو هێزەکان پرۆژەکە پەسەند بکەن، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە بەڕاستی ئێمە پێمانوایە ئەوەی کە دامانڕشتووە لەوە کەمتر نەک بارودۆخەکە چارەسەر ناکات بەڵکو خراپتری دەکات.

 

-ڕێککەوتنی ئێوەو گۆڕان بەکوێ گەشت، هەستناکەن ساردبوونەوە لە نێوانتاندا هەیە؟

 

"پابەندین بە ڕێککەوتنەکەمانەوە"

 

ئارێز عەبدوڵا: ئێمە و گۆران ڕێککەوتنێکی سیاسییمان هەیە، وە پابەندین پێیەوە، کە لە چەندین خاڵ خۆی دەبینێتەوە، ڕاستە ڕەنگە وەک ئەوەی ئێمە ویستوومانە بەخێرایی نەچووەتە پێشەوە جێبەجێکردنی خاڵەکان، بەڵام هەموومان پابەندین پێیەوە.

 

-وەک فراکسیۆن، کاری پێکەوەییتان لەگەڵ گۆڕان بەکوێ گەیشتووە؟

 

"ئێستا لەگەڵ گۆڕان هاوهەڵوێستین لە بەغدا"

 

ئارێز عەبدوڵا: پێشتر ڕاگەیەندرا کە دەبینە فراکسیۆنێکی هاوبەش ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە، ئێستاش لە بەغدا لەگەڵ گۆڕان هاوهەڵوێستین، بەتایبەت لەسەر ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە نێوان هەرێم و بەغداو پرسە نیشتیمانییەکانی کوردەوە هەیە، بەڵام تێکەڵکردنەوەی فراکسیۆنەکان هێشتا ماویەتی و پێوسیتی بەکاتی زیاترە، و ئێمە کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەین و ئومێد دەکەین جێبەجێبکرێت.

 

-بانگەشە بۆ دەوڵەتی کوردی دەکرێت، هەڵوێستی یەکێتی چییە لەسەر ئەو بانگەشانە، ئایا پێتانوایە دەتواندرێت دەوڵەت لەم دۆخەدا ڕابگەیەندرێت؟

 

"ئێمە خۆمان دەنگمان بە دەستووری عێراق داو هێشتا دەرفەتی گفتوگۆ ماوە"

 

ئارێز عەبدوڵا: گەلی کوردستان گەورەترین گەلە لەسەر ڕووی زەوی، کە تا ئێستا دەوڵەتی نییە، لە کاتێکدا بەپێی هەموو پێوەرەکان ئێمە مافی ئەوەمان هەیە کە دەوڵەتمان هەبێت، هەوڵمان بۆداوە و هەوڵیش دەدەین، بۆ نمونە یەکێتی لە ساڵی ١٩٨٢وەوە، دروشمی مافی چارەی خۆنووسینی بەرزکردووەتەوە، واتا دروستکردنی دەوڵەت و گەل بڕیار بدات، بەڵام ئێستا جیاوازە و دەکرێت بە دوو بەش قسەی لەسەر بکەم، بەشێک پەیوەندی بە ناوخۆمانەوە هەیە و بەشەکەی تر بەدەرەوە، ئایا ئێمە لە هەرێمی کوردستان زەمینەی دەوڵەتمان سازکردووە، ئایا وڵاتانی دەوروبەرو جهیان لەبارە ئێمە دەوڵەت ڕابگەیەنین!؟ هەرکەس وەڵامی ئەم پرسیارانە بە دروستی بداتەوە دەتوانێت بڕیاری ڕاست و دروستیش بدات.

 

هەروەها، ئێمە ئێستا لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقداین، دەستورێکمان هەیە خۆشمان دەنگمان بۆداوە و ئێستاش پێداگیری لەسەر دەکەین، هەرچەند دەوڵەتی عێراق لە هەندێک بڕگەدا مافی کوردی پێشێلکردووە بەتایبەت ماددەی ١٤٠ و پێنەدانی شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە، ئەمانە جێگای نیەگرانین، بەڵام دەرفەتی گفتوگۆش لەگەڵ عێراقدا هەیە.

 

-کەوایە لە ئێستادا ئەو دەرفەتە نە ڕەخساوە؟

 

"بەم هەموو کێشانەوە ئایا مەبەست دروستکردنی دەوڵەتە یان شاردنەوەی کێشەو قەیرانەکان!"

 

 

ئارێز عەبدوڵا: ئێستا پەرلەمانی هەرێم کارناکات، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە، بەداخەوە هێزی پێشمەرگە تا ئێستا دوو هێزە، هەرچەندە لە سەنگەرەکاندا پێکەوەن، بەڵام لەڕووی ئیداریشەوە پەیوەندییان بە حزبەکانەوە هەیە، وە ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەرچووە و ڕێگاش نەدراوە پەرلەمان یاسایەکی نوێ دەربکات یان هەمواری بکاتەوە، وە قەیرانێکی گەورەی داراییش هەیە، بۆیە من دەڵێم ئایا ئەو بانگەشانە بۆ دروستکردنی دەوڵەتە، یان بۆ چاوپۆشیکردنی ئەو قەیرانانەیە، کە لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، ئەگەر بۆدەوڵەتە هەرکەسە باببێت و من دەبمە پێشمەرگەی ئەو دەوڵەتە.

 

-دوترێت هیچ ڕێگایەک نەماوە بۆ مانەوە لەگەڵ بەغدا، ئێوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق-ن، تا چەند ئەو قسانە بە ڕاست دەبینن؟

 

"خۆ حکومەتی عێراق پەرلەمانی هەرێمی پەکنەخستووە و ڕێگری نەکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ"

 

ئارێز عەبدوڵا: من پەرلەمانتاری عێراقم ئەگەر ڕێگایەک نەماوە ئێمە چی دەکەین لەوێ؟ ئەی سەرۆک کۆمار چی دەکات؟ سەرۆکی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق و زۆر پۆستی باڵای تری کورد چی دەکەن لە بەغدا؟، من پێموایە هەمووکات دەرگای گفتوگۆ هەیە و کراوەیە، ئەگەر ئەو قسانەش دەکرێت، خۆ حکومەتی عێراق پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی پەکنەخستووە، خۆ حکومەتی عێراق ڕێگری نەکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان، خۆ حکومەتی عێراق دەسەڵاتی دادوەری نەکردووە بە لایەن، ئەمانە ئێمە خۆمان دروستمان کردووە، گرنگە خۆمان جارێ ئەمە چارەسەر بکەین پاشان گلەیی لە حکومەتی عێراق بکەین، وە کاتێکیش دەرفەت نامێنێت ئەوە ئێمە ڕایبگەیەنن کە ئەوەتا ئەوان نایەنە پێشەوە بۆ گفتوگۆ، ئەوکاتە ئێمە پشتیوانی بەهێزی ناوخۆیی و دەرەکیشمان دەبێت.

 

-کەوایە کێشەکانی ناوخۆی هەرێم کاری لەسەر پێگەی کورد لە بەغدا کردووە؟

 

"پێگەی کورد زۆر بێ هێزبووە"

 

ئارێز عەبدوڵا: لە بەرامبەر پێشودا لەئێستادا پێگەی هەرێمی کوردستان زۆر بێ هێزبووە، پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر لاوازبووە، ئێوە سەریری ئەوە مەکەن لە ئێستادا ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیونیمان لێدەکەن و سەردانی شاندە باڵاکان هەیە، هەموو ئەوانە پەیوەندییان بە دووشتەوە هەیە و شاندەکان خۆشیان ئەوەیان نەشاردووەتەوە، کە بە پلەی یەک شەڕی داعشە و دووەمیش هەبوونی هەزاران ئاوارەی موسڵ و ناوچەکانی تری عێراق بۆ هەرێم، وە ئەوان ئەم هەموو کێشەی هەرێم دەبینن و دەزانن کە خۆمان دروستمانکردووە، پێشتر لەبەر زوڵمەکانی سەر کورد پشتیوانیان لەهەرێم دەکرد و دەشیانویست وەک پرۆژەیەک بۆ بەرەوپێشچونی دیموکراسی پشتیوانیمان بکەن، بەڵام ئێستا دەبینن ئەو دیموکراسییە بەرەو تەسکبوونەوە و کەمبوونەوە دەڕوات، بۆیە ناوماڵی کورد یەک نەخەینەوە، دوای ڕزگارکردنی موسڵ و نەمانی داعش پێگەمان لاوازتر دەبێت.

 

-سیاسەتی کارتان تا ڕادەیەک جیاوازە، بەڵام دەنگۆی ڕێککەوتنی ئێوە و پارتی هەیە وەک ساڵانی پێشوو ٥٠ بە ٥٠، ئەمانە تا چەند ڕاستن؟

 

"دابەشکردنی پۆستەکان کێشەکان چارەسەر ناکات و پێویستی بە هەموو لایەنەکانە"

 

ئارێز عەبدوڵا: ئەگەر بە ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە کێشەکان چارەسەر دەبن باشە، بەڵام من وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی پێموایە بە دابەشکردنی پۆستەکان کێشەکان چارەسەر نابن، بەڵکو هۆکاری و دیاریکردنی کێشەکان خودی کێشەکان چارەسەر دەکەن، ئێمە هەندێک کێشەمان هەیە بوونەتە کێشەی نیشتیمانی و نەتەوەیی، وەک کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان، ئەوانە پەیوەندی بە هەموو حزبەکانەوە هەیە، من پێموایە دەبێت هەمووان بەیەکەوە ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، بۆ نمونە دەبێت بە هەموومانەوە هەوڵ بدەین پەرلەمان کارا بکەینەوە، بە بێ پەرلەمان هیچمان بۆناکرێت، وە دەبێت کێشەی سەرۆکایەتی چارەسەر بکەین، ئایا یاساکە بگۆڕین بۆ ئەوەی سەرۆک لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژێرین، یاخود جارێکی تر ماوەی بارزانی درێژبکرێتەوە، یان دەزگای سەرۆکایەتی هەرێم هەر لاببرێت و جێگرەوەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمانەوە پێوسیتی بەهەموومانە نەک ٥٠بە٥٠، پێویستە هەموو کەسێکیش ئەو راستییە بزانێت، جگە لە ڕێژەی کوردسییەکان، سەنگ و پێگەی یەکێتی لە دەرەوە هیچ لە پارتی لەمتر نییە، لەبەر ئەمەش پەیوەندی یەکێتی و پارتی باشبن باشترە.

 

-ڕەخنەیەکی زۆر لە ئێوە گیرا لەسەر ئەوەی دەنگتان بە بودجەی عێراق لە بەغدا دا و لەهەولێر ڕەتتانکردەوە، ئەم سیاسەتە بۆ؟

 

"با پارتی بێت و ڕەخنەکان لەسەر خۆی لابات"

 

ئارێز عەبدوڵا: ئێمە لە ڕابردوودا هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان هەڵوێستمان یەکبوو، بەتایبەت لەسەر بودجە و پێشمەرگە و زۆری تر، بەداخەوە ئەمساڵ جیاوازبوو، لەسەر بودجە ئێمە چوار لایەن یەک هەڵوێستبووین و پارتیش بەجیا لایەنێک بوو کە دژی بوو، ئێمە پێمان وابوو دەبوو دەنگی پێبدایە، بودجە هەروەک خۆی بووە، ٢٠١٤ و ساڵانی دواتر چۆنبووە هەروابووە لە بەرامبەر هەناردەی ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ١٧%بودجە بنیردرێت، ئێستاش ئەگەر جێبەجێبکرێت دەبێتە هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەو کاتە هاوڵاتیانیش لە نەبوونی مووچەدا ڕەخنە لە حکومەتی ناوەند دەگرن نەک هەرێم، ئەوەش ڕاستنییە کە بەغدا مووچە نەنێرێت، ئەوان قەت مووچەیان نەناردووە، هەر بودجەی ١٧%بووە و هەرێم سەرپشک بووە بە مووچە خەرجی دەکات یان هەرشتێک، ئەوەش خۆمان لە ڕابردوودا داوامان کردووە، کە هەرێم سەرپشکبێت لە خەرجکردنی بودجەکەیدا، ئێستاش پارتی لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو یاسایەدا نییە و ئامادەنییە ٥٥٠ هەزار بەرمیلیش بنێرێت، ئەگەر پارتیش پێی باشە با بودجە بێت لە بەغداوە، ئەگەر بەشی هەرێمی نەکرد ئەو کاتە ئێمەش ڕەخنە لە بەغدا دەگرین و دەڵێین ئەو پارەیەی دەینێرن بەشی هەرێمی کوردستان و خەرجییەکان ناکات.

 

-بەگشتی سیاسەتی نەوتی هەرێم چۆن دەبینن؟

 

"هەرێم پشتی بە تورکیا بەستووە کە مەترسییەکی گەورەیە بۆ داهاتووی هەرێم"

 

ئارێز عەبدوڵا: من وەک سەرۆکی کۆمسیۆنی نەوت لە پەرلەمانی عێراق، زۆر بەداخەوە دەڵێم سیاسەتی هەرێم بەرچاو ڕوونی نییە بۆ نەوت، پشتی بە دەوڵەتێک بەستووە کە لە دواڕۆژدا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەویش تورکیایە، واتا هەناردەکردنی نەوت تەنها لە ڕێگای تورکیاوە، ئەوەش وەک وتومە بۆ ئێستا و ئایندی گەلی کوردستان مەترسییەکی گەورەیە، چونکە دڵنیام دەوڵەتی تورکیا ئامادەنییە تا کۆتایی ڕێگە بەهەناردەی نەوت بدات هەرچەند بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریشی هەیە، لەبەر ئەوە من ئەو سیاسەتە باش نابینم، بۆخۆم گومانم هەیە لە سەر ڕێژەی هەناردەکە و بڕی داهاتەکەی، هەرێم دەبێت گومانەکان نەهێڵێت و تەنها سەرچاوەی هەناردەی نەوتیشی تورکیا نەبێت.

 

-دەوترێت نەوتی کەرکوک لە داهاتوودا لە ئێرانەوە هەناردە دەکرێت، ئەوە تاچەند سودی دەبێت بۆ کەرکوک و هەرێمی کوردستان؟

 

"جارێ تەنها پێشنیارە"

 

ئارێز عەبدوڵا: پێشتر عێراق ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئێران هەبووە کە بۆرییەکی نەوت لە نێوان بەسراو ئەبادان، دروستبکات، ئێستا باس لەوەدەکرێت کە ئەو ڕێککەوتننامە نوێبکرێتەوە کە ٢٠٠٧ دوو جار واژۆی لەسەر کراوە، ئەویتر عێراق پێشنیاری کردووە، کە نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی ئێرانەوە هەناردەبکرێت، بەڵام تەنها پێشنیارە و دەکرێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، کە باشبوو دەتوانیین ڕێککەوتنی لەسەر بکەین، لەو کاتەشدا بە بێ رازیبوونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕێککەوتن ناکرێت.

 

-کەوایە باشترە ڕێگایەکی تر هەبێت بۆ هەناردەی نەوت جگە لە تورکیا؟

 

"دەبێت هەرێمیش سیاسەتی عێراق بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی نوێ بگرێتەبەر"

 

ئارێز عەبدوڵا: سیاسیەتی حکومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدان چەند ڕێڕەوێک بۆ هەناردەی نەوت بدۆزنەوە، وەک لە ڕێگەی ئوردنەوە، جاران لە ڕێگای سوریاوە هەناردەیان دەکرد، ئێستاش لە هەوڵی هەناردەدان لەڕێگای ئێرانەوە، بۆیە من پێموایە دەبێت هەرێمی کوردستانیش هەمان سیاسەت بەڕێوەببات و ڕێڕەوی تر بدۆزێتەوە، چونکە ئەو کاتە بۆ فرۆشتنیش کێبڕکێیەک درستدەبێت و هیچ وڵاتێکیش بۆ ڕێگادان بە هەناردەی نەوت فشاری سیاسیمان ناخاتەسەر، ئەوکاتە تۆمەرجت دەبێت، نەک وەکو ئێستا تورکیا مەرجی خۆی دەسەپێنێت.

 

 

ش.ف

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin