Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕێکخراوى 17ى شوبات هه‌شت خه‌ڵاتى دابه‌شکرد.. به‌ وێنه‌

2017-02-17 17:32:59



ڕۆژنیوز ـ دانا عومه‌ر


ڕێکخراوى 17ى شوبات له‌ شه‌شه‌مین ساڵیادى خۆپیشاندانه‌کانى 17ى شوباتدا مه‌راسیمێکى یادکردنه‌وه‌ى ڕێکخست و تێیدا هه‌شت خه‌ڵاتى به‌خشیه‌وه‌، که‌ له‌نێو خه‌ڵاتکراواندا خه‌ڵات درایه‌ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هید وه‌دات حسێن، په‌یامنێرى ڕۆژنیوز له‌ شارى دهۆک.


دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ مه‌راسیمه‌که‌ له‌ قاوه‌خانه‌ى کلتورى له‌ شارى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا که‌سوکارى شه‌هیدانى 17ى شوبات و سه‌رۆکى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کورستان و چه‌ندین ڕۆژنامه‌نوس و که‌سایه‌تى به‌شداربوون، خه‌ڵاتى 17ى شوبات درایه‌ هه‌شت که‌س له‌ شه‌هیدانى قه‌ڵه‌م و ڕۆژنامه‌نوسان و چالاکوانانى مه‌ده‌نى.


خه‌ڵاتى یه‌که‌م درایه‌ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هید دکتۆر وشیار ئیسماعیل، خه‌ڵاته‌که‌ له‌لایه‌ن یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ پێشکه‌شکرا و له‌لایه‌ن مامۆستا که‌مال، براى شه‌هید دکتۆر وشیاره‌وه‌ وه‌رگیرا.

 


مامۆستا که‌مال له‌دواى وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌که‌ وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و وتى:" ئێمه‌ لێره‌وه‌ سوپاسى هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ین، که‌ به‌شدار بون له‌ مه‌راسیمى دکتۆر وشیاردا، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى شارى سلێمانى له‌بیر ناکه‌ین که‌ ده‌یانوت هه‌موومان دکتۆر وشیارین".


ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد: خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ تاوه‌نه‌که‌یان ئه‌نجامداوه‌ ده‌ستگیرکراون، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌که‌ن که‌ سه‌ره‌داو هه‌یه‌ که‌ ده‌ستى پشتى تاوانه‌که‌ ئاشکرا بکرێت.


خه‌ڵاتى دووه‌مى ڕێکخراوى 17ى شوبات درایه‌ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدى ڕۆژنامه‌نوس وه‌دات حسێن، په‌یامنێرى ئاژانسى ڕۆژنیوز له‌ شارى دهۆک، خه‌ڵاته‌که‌ له‌لایه‌ن ئارامى شێخ محه‌مه‌د جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه‌ پێشکه‌شکرا و له‌لایه‌ن سیداد حسێن، براى ڕۆژنامه‌نوس شه‌هید ویدات-ه‌وه‌ وه‌رگیرا.


له‌دواى وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌که‌ سیداد حسێن، وتارێکى پێشکه‌ش کرد و له‌ سه‌ره‌تاى وتاره‌که‌یدا سڵاوى له‌ هه‌موو شه‌هیدان و خانه‌واده‌ى شه‌هیدانى 17ى شوبات کرد و سوپاسى ڕێکخراوى 17ى شوباتى کرد بۆ خه‌ڵاتکردنه‌وه‌ و هه‌روه‌ها وتى:" وه‌دات ڕۆژنامه‌نوس بوو بیر و هزرى ئه‌و بۆ خزمه‌تکردن بوو به‌ هه‌ر چورا پارچه‌ى کوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ باشورى کوردستان ڕۆژنامه‌کوژ هه‌یه‌".

 


سیداد حسێن وتیشى:" به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕۆژێک دێت که‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌کوژانه‌ سزاى تاوانه‌کانیان بده‌ن، چونکه‌ ئه‌وان خاوه‌نى ئه‌م وڵاته‌ نین، خاوه‌نى ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌م وڵاته‌ شه‌هیدانى 17ى شوبات و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى ڕێگه‌ى ئازادین".


خه‌ڵاتى سێهه‌مى 17ى شوبات درایه‌ چالاکوانى مه‌ده‌نى نزار محه‌مه‌د، که‌ یه‌کێک بوو له‌ ڕێکخه‌ران و چالاکوانانى خۆپیشاندانه‌کانى سه‌راى ئازادى، خه‌ڵاته‌که‌ له‌لایه‌ن ئه‌نه‌سى کوڕى شه‌هید ئومێده‌وه‌ پێشکه‌شکرا.


نزار محه‌مه‌د له‌ دواى وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌که‌ وتارێکى پێشکه‌ش کرد و وتى:" من ئه‌مساڵ ئه‌م خه‌ڵاته‌ ڕه‌تناکه‌مه‌وه‌ و به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ وه‌ریده‌گرم، بۆئه‌وه‌ى به‌ ده‌سه‌ڵاتداران و مشه‌خۆرانى ئه‌م وڵاته‌ بڵێم ئه‌گه‌ر ئێوه‌ توره‌که‌کانتان حازره‌ بۆ سه‌رى من و بۆ فڕاندن و گرتنى من ئه‌وا ئه‌نه‌س-ێکیش هه‌یه‌ که‌ جیلى ئاینده‌یه‌ خه‌ڵات ده‌داته‌ من".

 


خه‌ڵاتى چواره‌م درایه‌ سوهه‌یلا عومه‌ر، یه‌کێک له‌ ژنه‌ چالاکوانه‌کانى سه‌راى ئازادى، خه‌ڵاته‌که‌ له‌لایه‌ن دایکى شه‌هید ڕێژوانه‌وه‌ پێشکه‌ش کرا.


سوهه‌یلا عومه‌ر له‌دواى وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌که‌ وتى:" ئێمه‌ پێش هه‌موو ئه‌وانه‌ى خۆیان به‌ ده‌سه‌ڵاتدار ده‌زانن خه‌باتمان کردووه‌ و قوربانیمان داوه‌، ئه‌وان خاوه‌نى پاره‌ن، ئێمه‌ خاوه‌نى ئیراده‌ین، ئه‌وان خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتن ئێمه‌ خاوه‌نى ئه‌م خاکه‌ین، ئێمه‌ هیچ کاتێک ئه‌وه‌ له‌یاد ناکه‌ین که‌ ڕۆڵه‌کانى ئێمه‌یان خه‌ڵتانى خوێن کرد".


خه‌ڵاتى پێنجه‌م درایه‌ خاتوو مریه‌م فه‌تاح چالاکوانى مه‌ده‌نى خه‌ڵاته‌که‌ له‌لایه‌ن دایکى شه‌هید سورکێوه‌وه‌ پێشکه‌شکرا.


مریه‌م فه‌تاح له‌ وتارێکدا وتى:" من شانازى به‌ وه‌رگرتنى ئه‌م خه‌ڵاته‌وه‌ ده‌که‌م، دڵنیابن ناڕه‌زایى و چالاکى له‌کوێ بێت ئێمه‌ له‌وێین و به‌رده‌وامین له‌سه‌ر داواکردنى مافه‌کانمان".


خه‌ڵاتى شه‌شه‌م درایه‌ ڕۆژنامه‌نوس جه‌لال محه‌مه‌د خه‌ڵاته‌که‌ له‌لایه‌ن باوکى شه‌هید هه‌ردیه‌وه‌ پێشکه‌ش کرا.


جه‌لال محه‌مه‌د له‌ وتارێکدا وتى:" من شانازى به‌ وه‌رگرتنى ئه‌م خه‌ڵاته‌وه‌ ده‌که‌م، وه‌ به‌ڵێن ده‌ده‌م به‌ مایکه‌که‌ى ده‌ستمه‌وه‌ به‌رده‌وام  بم له‌ خزمه‌تکردنى خه‌ڵک، چونکه‌ ئێستا له‌ کوردستاندا دوو  ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتێک که‌ قۆرخى هه‌موو شتێکى کردووه‌ و ده‌سه‌ڵاتى دووه‌میش ڕۆژنامه‌نوسانن".


خه‌ڵاتى حه‌وته‌م درایه‌ ڕۆژنامه‌نوس ڕزگار جه‌بار خه‌ڵاته‌که‌ له‌لایه‌ن خاتوو ڕێزان دایکى شه‌هید گه‌رمیانه‌وه‌ پێشکه‌ش کرا.


ڕزگار جه‌بار له‌ وتارێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌ پێویسته‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر خه‌باتکردن، چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتێک هه‌یه‌ گوێ له‌ ئێمه‌ ناگرێت پێویسته‌ ئێمه‌ به‌ به‌رده‌وامبون ناچار به‌ گوێگرتنى بکه‌ین.


خه‌ڵاتى هه‌شته‌م درایه‌ مامۆستاى ئاینى مامۆستا سامان، خه‌ڵاته‌که‌ له‌لایه‌ن مامۆستا دیاروه‌ پێشکه‌ش کرا.


مامۆستا سامان له‌دواى وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌که‌ وتارێکى پێشکه‌ش کردو وتى:" ئێمه‌ له‌سه‌ر خه‌باتکردن و هه‌وڵدان به‌رده‌وام ئه‌بین، یان ئه‌وه‌تا سه‌رئه‌که‌وین به‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌دا و ماف و حه‌قى خۆمان به‌ده‌ست ئه‌هێنین، یان ئه‌وه‌تا وه‌ک شه‌هیدانى 17ى شوبات شه‌هید ئه‌بین".

 


له‌ کۆتایى مه‌راسیمه‌که‌دا زاهید مه‌حمود باوکى شه‌هید سورکێو وتارێکى پێشکه‌ش کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ ئه‌وان وه‌ک بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدا مافى ئه‌وه‌یان نیه‌ ڕێکه‌وتنى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکدا بکه‌ن له‌سه‌ر شه‌هیده‌کانیان، چونکه‌ شه‌هیده‌کان موڵکى گه‌له‌، وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا ئه‌وان تاوه‌کو جه‌ماوه‌ریان له‌پشت بێت له‌ هیچ شتێک ناترسن.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin