Smiley face
Smiley face
Smiley face

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان: بنەماڵەی شوکری دەڵێن بەهۆی کارەکەیەوە کوژراوە

2017-02-17 15:30:17



 ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە، بنەماڵەی شوکری زەینەدین پێیانوایە کوڕەکەیان بەهۆی کارەکەیەوە کوژراوە کە رۆژنامەنووس بووە.

 

رێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی، راپۆرتێکی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کردوەتەوە کە تێیدا بە وردی باسی گیان لەدەستدانی رۆژنامەنووس شوکری زەینەدین دەکات کە لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو تەرمەکەی لەسەر سنووری نێوانی باکور و باشوری کوردستان دۆزرایەوە.

 

لە سەرەتای رپۆرتەکەدا هاتووە: "شوکری زەینەدین، کامێرامان و ئەندامی کەناڵی کەی ئێن ئێن لەسەر سنور و نزیك قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، لە بارودۆخێكی ناڕووندا مرد لەبەرواری ٢٩ی ١١ی ٢٠١٦دا، بەگوێرەی زانیارییەکانی خانەوادەو شوێنی کاری ناوبراو. میرزا کارۆ هاوڕێی ڕۆژنامەنوس وەك لە راپۆرتەکاندا ئاماژەی پێكراوە دەڵێت بەیەکەوە ڕۆیشتووین بۆ ڕاوکردن و لەوکاتەدا شوکری مردووە و مەیتەکەی بردراوەتەوە بۆ خانەوادەکەی لە بەرواری ١ی ١٢دا، (بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان)".

 

هەروەها ئەوەش هاتووەکە: "دەسەڵاتداران و بەرپرسان چەند لێدوانێکی جیاوازو دژبەیەك دەدەن لەسەر چۆنیەتی مردنی ڕۆژنامەنوسەکە، بەگوێرەی سەرچاوەکانی گروپی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و کەناڵی ڕووداو، خانەوادەکەی و ڕاپۆرتە هەواڵەکان ئاماژە بە یەکەم لێدوانی پۆلیس و ڕاپۆرتی پزیشکی دەدەن کە وتراوە شوکری بە فیشەك کوژراوە، دواتر، پۆلیس و راپۆرتە پزیشکیەکان لێدوانەکانیان گۆڕی و وتیان کە بە ئاژەڵی کێوی ڕۆژنامەنوسەکە کوژراوە و هیچ ئاسەواری فیشەك بە جەستەیەوە نیە، (بەگوێرەی خانەوادەکەی و ڕاپۆرتە هەواڵەکان)".

 

ئەوەش باسکراوە کە:"خانەوادەی رۆژنامەنوسەکە لەڕێگەی وەرگێڕێکەوە بۆ CPJ وتویانە (شوکری دوو ڕۆژ بوو ون ببوو کاتێ میرزا گەڕایەوە ماڵەوەو پێی ڕاگەیاندین کە شوکری مردووە لەکاتی ڕاوکردندا، بەڵام، خانەوادەکەی دەلێن لەماوەی ڕابردوودا شوکری بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئێمە هەرگیز نەدەچوو بۆ ڕاوکردن)".

 

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە کە:"شوکری کاری بۆ کەی ئێن ئێن دەکرد کە سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانەو حزبێکی ئۆپۆزسیۆنە، کوڕی ڕۆژنامەنوس، قەهرەمان شوکری، بە CPJی گوت: (باوکم بۆ چەندین جار هەڕەشەی لێکراوە بەهۆی کارەکەیەوە کە لەسالی ٢٠١١ەوە لەگەڵ ئەم دەزگایە کاردەکات و هەروەها لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان)، کوڕەکەی دەڵێت: (چوار ڕۆژ پێش مردنی باوکم، کەسێكی نەناسراوە بەژمارە تەلەفۆنێکی نەناسراو تەلەفونی بۆ کرد و هەڕەشەی کوشتنی لێکرد پێیگوت ئەگەر وازنەهێنێت لە کەی ئێن ئێن ئەوا دەتکوژم)، هەروەها، کوڕەکەی وتی: (دوو مانگ بەر لە مردنی هەمان هەڕەشەی کوشتنی لێکرا)".

 

راپۆرتەکەی هەواڵنێرانی بێسنوور ئاماژەی بەوەش کردوە کە: "قەهرەمان شوکری وتیویەتی(باوکم کاری کردووە لەسەر ئامادەکردنی ڕاپۆرتێك لەسەر بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لەسەر سنوری نێوان تورکیا-عێراق کە ناوچەیەکی کێشە لەسەرە لە کوردستانی عێراق)، لەسالی ٢٠١٣دا، شوکری دەستگیرکرا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەهۆی کارکردنی لەگەڵ کەی ئێن ئێن).

 

راپۆرتەکە لەسەر زاری هاوڕێکخەری گروپێکی کوردی بۆ مافەکانی مرۆڤ هەندێک زانیاری وردی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا هاتووە:"ڕەگەز کەمال محمدعلی، هاو-ڕێکخەری ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە CPJی گوت: (قسەم لەگەڵ میرزا کردووە لەسەر مردنی شوکری، میرزا پێیگوتم پاش ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکەم جیابوینەوە بۆ ڕاوکردن گوێم لە بیستنی دوو فیشەك بوو، شوکری هاواری یارمەتی کرد، دواتر گوێم لە دوو فیشەکی تریش بوو)، میرزا بە ڕەگەزی گوتووە کە دوای ٢٠خولەك شوکری بە مردوویی دۆزیوەتەوە".

 

لەبارەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی دهۆک لە راپۆرتەکەدا هاتووە:"ڕەگەز  وتی(پۆلیسی دهۆك و لیژنەی پزیشکی، کە دوو دامەزراوەی باوەرپێکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، سێ جار ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکانیان لەسەر چۆنیەتی مردنی شوکری گۆڕی و ڕێگەیان نەدا کە ستافی کەناڵی کەی ئێن ئێن تەرمی شوکری ببینن لە نەخۆشخانە).

 

ئەوەش هاتووە کە:"ڕەگەز کە قسەی لەگەڵ کوڕی شوکری کردووە، بە CPJی گوت(لیژنەی پزیشکی لەسەرەتادا بە خانەوادەی شوکریان گوتووە کە بە فیشەك کوژراوە، بەڵام دواتر پزیشکەکان بانگیان کردوونەتەوە بۆئەوەی پێیانبڵێن کە شوکری کوژراوە بە ئاژەڵێکی کێوی)، لەکۆتا راپۆرتدا نوسیان کە شوکری بەهۆی ئاژەڵێکەوە مردووە، ڕەگەز  و خانەوادەکەی وتیان".

 

هەروەها راپۆرتەکەی رێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، ئاماژەی بەوەش داوە کە:"هەندێ ناوەند ڕاپۆرتیان کردووە لەسەر لێدوانەکانی خانەوادەی شوکری کە دەڵێن لە ڕووداوێکدا فیشەکی لەخۆی داوە یان بەهۆی ئاژەڵێکی کێوییەوە کوژراوە، یەکێ لە راپۆرتەکان وێنەی ئاژەڵێکی بلاوکردۆتەوە لەنزیك شوێنی مردنی شوکری. بەڵام، خانەوادەی رۆژنامەنوسەکە وتیان بە CPJ کە ئەم راپۆرتە هەواڵانە دەستکاری وتەکانی ئێمەیان کردووە کە لەسەر هۆکارو چۆنیەتی کوشتنی شوکری وە لەو بڕوایەدان کە بەهۆی کارکردنی لەگەڵ کەی ئێن ئێن و بزوتنەوەی گۆڕان کوژراوە".

 

هەروەها ئەوەش هاتووە:"لەڕاپۆرتێكی CPJی ساڵی ٢٠١٤دا، ئاماژە بەوە دەکات کە لەم هەرێمە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنوسان هەیە کە ئازاردەدرێن، دەڕفێنرێن، هەڕەشەیان لێدەکرێت، و هێرشبەرەکانیش بەبێ سزادان بۆی دەردەچن".

 

لە کۆتایی راپۆرتەکەشدا باس لەوە کراوە:"لە کۆبونەوەی نێوان کەی ئێن ئێن و سەرۆکی دەستەی هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئۆفیسی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ڕووەیدا الحاجی، بە کەناڵەکەی راگەیاند کە نەتەوەیەکگرتووەکان کاردەکات لەسەر ئەم کەیسە و بەردەوام دەبێت لە لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کوشتنی شوکری زەینەدین".

 

رێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ)، رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە، کاردەکات بۆ پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان لە سەرتاسەری جیهان و ساڵانە راپۆرتی خۆی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی رۆژنامەنووسان بڵاو دەکاتەوە، بەبۆنەی کوشتنی هەر رۆژنامەنووسێکیش راپۆرتی تایبەت بڵاودەکاتەوە، ئەو رێکخراوە بنکەی سەرەکی لەویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکایە و لەساڵی ١٩٨١دامەزراوە.

 

* دەقی راپۆرتە لەلایەن ماڵپەڕی ١٧ی شوباتەوە کراوە بە کوردی.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin