Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەهۆی ڕێگریی هێزە ئەمنییەكانەوە بەرەی خەڵك شوێنی چالاكییەكەی گواستەوە

2017-02-17 13:20:17



ڕۆژنیوز- دانا عومەر

 

بڕیار وابوو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەرەی خەڵك لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی بەبۆنەی یادی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتەوە بەیانامەیەك بخوێنێتەو، بەڵام بەهۆی ڕێگری هێزە ئەمنییەكانەوە چالاكییەكەیان بۆ قاوەخانەی كلتوری گواستەوە.

 

ئەمڕۆ شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات ی ساڵی 2011 دا، بەرەی خەڵك بە ئامانجی بەرزڕاگرتنی خۆپیشاندانەكان نیازیان وابوو لە بەردەركی سەرا چالاكی ئەنجام بدەم، بەڵام هێزێكی زۆری ئەمنی لەبەردەركی سەرا كۆ کرایەوە و ڕێگریان لە ڕۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان كرد لەبەردەركی سەرادا كۆببنەوە، بەهۆی ڕێگریی هێزەئەمنییەكانەوە بەرەی خەڵك لە قاوەخانەی كلتوری لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەیانمامەكەیان خوێندەوە.

 

لەبەیانامەكەی بەری خەڵكدا كەلەلایەن زەنگین ئەبوبەكرەوە خوێندرایەوە هاتبوو:"حەڤدەی شوبات بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕۆژێكی پرشنگدارە، لەبەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی ستەمدا، هاوكات ڕۆژێكە پڕە لە ئابڕووچوون بۆ دەسەڵاتی حزبە خاوەن هێزەكان".

 

 

هەروەها زەنگین ئەبوبەكر وتی:"بەرەی خەڵك ئەم ڕۆژە و قوربانییەكانی لەیاد ناكات و سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان و برینداران و كەسوكاریان دادەنەوێنێت، هەروەها پێداگرە لەسەر بەدادگایی گەیاندنی تاوانباران و تەقەكەرانی 17ی شوبات".

 

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتبوو كە ئەوان وەك بەرەی خەڵك دوور لە دەستی حزبی یادی خۆپیشاندانەكانی بەهاری ساڵی 1991 دەكەنەوە، لەبەرئەوەی هەموو دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین دەستكەوتی خەڵكی كوردستانە و كراوەتە موڵكی حزب، ڕایانگەیاند ئەگەر دەسەڵات بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ڕاپەڕینی دووەم لای خەڵك دەبێتە بژاردە.

 

لەدوای خوێندنەوەی بەیاننامەكە، ئاراس سەڵاح ئەندامی دەستەی بەڕێوبردنی بەرەی خەڵك، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و ڕایگەیاند:"ئەمڕۆ ئێمە ویستمان لەسەرای ئازادی ئەم بەیانمامەیە بخوێنینەوە، بەڵام بەهۆی هێنانی هێزێكی ئەمنی زۆر، چالاكییەكانی خۆمان گواستەوە بۆ قاوەخانەی كلتوری، ئێمە لەسەر چالاكییەكانمان بەردەوام دەبین".

 

 

ئاراس سەڵاح وتیشی:"ئێمە وەك بەرەی خەڵك بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی چالاكی هەمەجۆر لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتەدا، ئەم دەسەڵاتە هیچ بژاردەیەكی تری نییە یان دەبێت ببێتە خزمەتكاری خەڵك، یان دەبێت بڕوات".

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin