Smiley face
Smiley face
Smiley face

چالاکوانانی هەڵەبجە بەئەنجام نەگەیشتنی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات تاوتوێ دەکەن

2017-02-17 11:36:40



رۆژنیوز- هاوكار مستەفا

 

ئەمڕۆ شەش ساڵی تەواو تێدەپەڕێت بەسەر خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، كە بە خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات ناسراوە، بەشداربووانی ئەو خۆپیشاندانانەش باس لە هۆكارەكانی بە ئامانج نەگەیشتنی ئەو خۆپیشاندانانە دەكەن.

 

17ی شوباتی 2011 ئەو ڕۆژە بوو كە تیایدا ژمارەیەك لە چالاكوانان و هاوڵاتیانی سلێمانی لەژێر ناوی پشتیوانی لە شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی ڕژانە سەر شەقامەكان، دواتر ئەو خۆپیشاندانانە فراوانتربوون و زۆرینەی شاروشارۆچكەكانی دیكەی هەرێمی گرتەوە، بەڵام دواتر بە زەبری هێز كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان هات و چەندین هاوڵاتی و پۆلیس شەهیدو بریندار بوون.

 

 

درەو مەهدی، یەكێك لەو چالاكوانانەی كە بەردەوام بەشداری خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی كردووە لە هەڵەبجە، لەبارەی هۆكاری بە ئامانج نەگەیشتنی خۆپیشاندانەكانەوە بە ڕۆژنیوزی وت:"شەش ساڵ لەمەو پێش هاوڵاتیان هاتبونە سەر شەقامەكان بۆئەوەی داوای ماف و ئازادییەكانی خۆیانیان بكەن، بەڵام بەداخەوە دواجار كوشتنی هاوڵاتیانی لێكەوتەوە ئەنجامێكی ئەوتۆی لێ‌ نەكەوتەوە كە بەدڵی هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر بێت".

 

 

ئەوەشی خستەڕوو:"لەزۆرێك لەو شوێنانەی كە خۆپیشاندانەكانی تێدا بەڕێوەدەچوو، بەفشار و بەزەبری هێز كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان هێنرا، بۆیە دوای تێپەربونی شەش ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكاندا هیچ ئەنجامێكی باشی لێنەكەوتەوە، ئەوەش بەهۆی دیكتاتۆری ئەم دەستەڵاتەی كە هەرێم بەڕێوە دەبات، هەروەها بڕوانەبونی بەرپرسانی ئەم هەرێمە بە خەباتی مەدەنی، هاوكات حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەوكاتەش مامەڵەیەكی خراپیان لەگەڵ دۆخەكەدا دەكرد، بەجۆرێك ئەگەر زانیبێتیان لەبەرژەوەندی خۆیاندایە ئەوا خۆیان دەكردە خاوەنی خۆپیشاندانەكان و بەپێچەوانەەوە خۆیان لێ‌ بێبەری دەكرد".

 

ئەو بەشداربووەی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات لە هەڵەبجە ئەوەشی باسكرد:"نەبونی میدیایەكی سەربەخۆ لەوكاتەدا و بەشدارنەبوونی هاوڵاتیانی ناڕازی بەشێوەیەكی فراوان و بەردەوام، هۆكارێكی تر بوون كە خۆپیشاندانەكان نەگەن بەئامانجی خۆیان، بۆیە دوای تێپەڕبونی شەش ساڵە بەسەر خۆپیشاندانەكاندا، بارودۆخی هاوڵاتیان بەرەو خراپتر هەنگاوی ناوە".

 

لەسەر هەمان پرس، یەكێكی تر لە چالاكوانان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات لەهەڵەبجە بەناوی هەورامان سەجادی، بەمجۆرە قسەی بۆ ڕۆژنیوز كرد:"هۆكاری سەرنەكەوتنی خۆپیشاندانەكان لەوكاتەدا، نەبوونی كەسانی شارەزا و  بەتوانا بوو بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەكان و هاوكات نەبونی  ئامانجێكی ڕوون و ئاشكرای خۆپیشاندەران، بووە هۆی ئەوەی كە جۆرێك لە شپرزەیی بەخۆپیشاندانەكانەوە ببینرێت، هەر ئەوەش وایكرد حزب كۆنتڕۆڵی خۆپیشاندانەكان بكات و دواجار خۆپیشاندانەكان نەگەنە ئامانجی خۆیان".

 

 

ئاماژەی بەوەشكرد:"لەوكاتەدا كە بەشداری خۆپیشاندانەكانمان دەكرد، كۆمەڵێكی زۆرمان هەموو كات دوامان دەكرد با ئەم خۆپیشاندانانە دووربن لە دەستی حزب و بێلایەنیان پێوە دیاربێت، چونكە ئەوەتا بینیمان كە لەخۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیشدا، چونكە حزب دەستی تێخست و لەبەرژەوەندی خۆی بەكاری هێنا خۆپیشاندەران و مامۆستایان نەک هەر نەیانتوانی بگەن بەئامانج، بەڵكو بە خراپ بەسەریشیاندا شكایەوە".

 

ئەو بەشداربووەی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات، بڕوای وابوو كە لەدوای كۆتایی هاتن بە شەڕی چەتەكانی داعش، چیتر هاوڵاتیان ئەم هەموو زوڵم و ستەمە قبوڵ ناكەن كە بەرامبەر بە هەموو چین و توێژەكان ئەنجام دەدرێت، چونكە هاوڵاتیان گەیشتونە باردوخێك كە هەموو سنورێكی تێپەڕاندووە، بەڵام بەمەرجێك حزب خۆی نەخاتە ناو دەنگی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانەوە و خۆی نەكات بەخاوەنی خۆپیشاندەران، وەك ئەوەی لەماوەكانی ڕابردودا بینیمان".

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin