Smiley face
Smiley face
Smiley face

مەزاری یەكەم شەهیدی 17ی شوبات بەسەركرایەوە

2017-02-17 11:09:52



ڕۆژنیوز – دانا عومەر

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ مەراسیمێك لەسەر مەزاری یەكەم شەهیدی 17ی شوبات ڕێكخرا، كە تێیدا بنەماڵەی شەهیدانی 17ی شوبات و چەندین پەرلەمانتار و كەسایەتی و چالاكوانی مەدەنی ئامەدەبوون.

 

مەراسیمەكە لەكاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە گۆڕستانی گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، تێیدا هەریەك لە وەستا عەلی باوكی شەهید ڕێژوان و پەرلەمانتاران عەلی حەمەساڵح و سۆران عمر و ئەبوبەكر هەڵەدنی و ڕۆژنامەنووس محەمەد رەئوف و نوێنەرانی بەرەی خەڵك و تەڤگەری ئازادی وتاریان پێشكەش كرد، وە چەند پارچە هۆنراوەیەك خوێندرانەوە.

 

 

لە وتارەكەیدا وەستا عەلی باوكی ڕێژوان، یەكەم شەهیدی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات وتی:"بەداخەوە لەدوای خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات دەسەڵات نەك هەر بەخۆیدا نەچوەتەوە، بەڵكو بوونەتە مافیای نەوت و سەروەت و سامانی ئەم نەتەوەیە بەتاڵان دەبەن، لەبری فراوانكردنی فەزای دیموكراتی، پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیان پەكخست و حكومەتیان ئیفلیج كردووە و ئەوەی بیانەوێت دەیكەن".

 

 

دواتر ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و وتی:"ئەم دەسەڵاتەی ئێمە پەند لە دەسەڵاتە ستەمكار و ملهوڕەكانی ناوچەكە وەرناگرێت، بەردەوامە لەسەر ستەمكاری و پشتبەستن بە وڵاتانی دەرەكی، ئەوەی كە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بەڵگەی ئەوەیە كە ئێمە بێدەنگ نابین و بەردەوامین لەسەر بەرەنگاربونەوەی ئەم دەسەڵاتە ستەمكارە، ئیتر ئێمەش یان وەكو شەهیدانی 17ی شوبات شەهید دەبین، یان سەركەوتن بەدەست دەهێنین".

 

 

دواتر سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كردوو وتی:"خۆپیشاندانی 17ی شوبات هاوكات بوو لەگەڵ كەوتنی چەندین دیكتاتۆر لە وڵاتانی عەرەبی، بەداخەوە لەدوای چەند ساڵێك هەم ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرانە هاتنەوە سەر حوکم بەشێوەیەكی تر، هەمیش دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بەرەو ستەمكاری زیارتر هەنگاوی ناوە، بۆیە ناڕەزایەتییەكانی 17ی شوبات بەردەوامی هەیە و هەمیش پشتیوانانی زیاتر و گەورەتر بووە".

 

 

دواتر عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوە دا كە ئەم دەسەڵاتە لەدوای شەش ساڵ بەردەوامە لەسەر ستەمكارییەكانی و بەتاڵانبردنی داهاتی وڵات و وتی:"ئەمانە خۆیان بە خاوەنی وڵات نازانن، بۆیە خەریكن بەناوی دادگاوە داهاتووی ئەم میللەتە دەدۆڕێنن لە دادگاكانی دەرەوە، ئەمانە لە قسە تێناگەن، بۆیە پێویستە بەهەموومان ڕووبەڕوویان ببینەوە".

 

 

لە بەردەوامی مەراسیمەكەدا چەندین وتار و هۆنراوەی تر پێشكەش كران و وتاری كۆتایی لەلایەن كۆمیتەی شەهیدانی تەڤگەری ئازادی كوردستانەوە پێشكەش كرا لەلایەن بەیان مەجیدەوە و وتی:"ئێمە لەیادی 17ی شوباتدا وەك كۆمیتەی شەهیدانی پەكەكە لەباشوری كوردستان داوا لە خانەوادەی شەهیدان دەكەین بێنە لای یەكتر و پێكەوە تێكۆشان بكەین، ئێمە ئەبێت ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین كە ئەوان بوون بە مافیا ئەی ئێمە خەریكی چین، ئێمە پێویستە داوای چاكسازی بكەین، ئێمە دەبێت داوای بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بكەین و پشتیوانی پارچەكانی تربین".

 

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin