Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌رزشی شاخه‌وانیی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.. به‌ وێنه‌

2017-02-10 17:32:51



ڕۆژنیوز ـ جیهاد هه‌ورامی


به‌شێک له‌ ژنانی شارى هه‌ڵه‌بجه‌ ڕوویان له‌ وه‌رزشی شاخه‌وانیی کردوه‌ و سه‌رپه‌رشتیاری گروپێکى شاخه‌وانییش ده‌ڵێت: ئامانجمان له‌ شاخه‌وانیی بۆ زیاتر ته‌ندروستی و له‌شساغی ژنان و هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌یانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ماڵه‌کان.


له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ گروپی تایبه‌ت به‌ ژنان بۆ ئه‌نجامدانی شاخه‌وانی دروست بوه‌، به‌ پێی به‌رنامه‌ی خۆیان مانگانه‌ شاخه‌وانیی ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ چیاکانی ده‌وروبه‌ری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌ دواین ده‌رچونیشیان، ئه‌مڕۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر لوتکه‌ی چیای شنروێ.


شێنێ ئاده‌م سه‌رپه‌رشتیاری به‌شی شاخه‌وانی ژنانی (ڕێکخراوی ئارامی هه‌ڵه‌بجه‌) به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند: "ئامانجمان له‌ ئه‌نجامدانی شاخه‌وانی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تادا وه‌رزشه‌کانمان له‌ناو هۆڵ ئه‌نجام ده‌دا و دواتر به‌باشمان زانی که‌ بچینه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌چوارچێوه‌ی شاخه‌وانیدا چالاکی ئه‌نجام بده‌ین بۆ زیاتر ته‌ندروستی و له‌شساغی، که‌ خۆشبه‌ختانه‌ ڕۆژ دوای ڕۆژیش ڕێژه‌ی به‌شداربوان ڕوو له‌زیاد بوون ده‌کات".

 


وتیشی:" بڕیارماندا گروپێکی تایبه‌ت به‌ ژنان دروست بکه‌ین و تائێستاش زیاتر له‌ شه‌ش جار شاخه‌وانیمان ئه‌نجامداوه‌، که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ شوێنه‌ نزیک و ئاسانه‌کان ده‌چوین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ توانیمان سه‌رکه‌وین بۆ سه‌ر لوتکه‌ی چیای شنروێ و له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی سارد و به‌فراویدا به‌بێ کێشه‌ شاخه‌وانیه‌که‌مان ئه‌نجام بده‌ین".


هه‌روه‌ها شه‌یدا عوسمان یه‌کێک له‌ به‌شداربوه‌کان به‌ ڕۆژنیوز ڕاگه‌یاند:" ئامانجم له‌ به‌شداریکردن له‌ شاخه‌وانی بۆ ته‌ندروستی خۆم و پاشان بینینی دیمه‌نی سروشت و تێکه‌ڵ بون له‌گه‌ڵ هاوڕێکانمه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئه‌نجامدانی یه‌که‌م شاخه‌وانیشدا به‌شداریم کردوه‌ و سودێکی باشیشم لێ بینیوه‌ و پێشتریش که‌ نه‌خۆشیم هه‌بوه‌ خۆشبه‌ختانه‌ به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م شاخه‌وانیه‌ نه‌خۆشیه‌که‌م نه‌ماوه‌ و ته‌ندروستیم زۆر باش بوه‌".

 


ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا:" ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشحاڵیه‌وه‌ ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕێژه‌ی به‌شداریکردنی ژنان له‌ چالاکیه‌ وه‌رزشیه‌کان و به‌تایبه‌ت شاخه‌وانی ڕووی له‌زیادبونه‌ و خودی خۆم ماڵه‌وه‌ و به‌تایبه‌ت هاوسه‌ره‌که‌م زیاتر هانم ده‌دا،ت که‌ به‌شداری بکه‌م و چیتر ئه‌و کاریگه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و عورف و عاده‌تی کۆنه‌ نه‌ماوه‌، که‌ ژنان له‌ماڵه‌وه‌ گۆشه‌گیر بکات و لێره‌شه‌وه‌ داوا ده‌که‌م له‌و ژنانه‌ی که‌ تائێستا به‌شداریان نه‌کردوه‌ ئه‌وا بۆ جارانی داهاتو وه‌ک ئێمه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌ و به‌شداری بکه‌ن"."


به‌شداربویه‌کی تریش به‌ناوی سه‌حه‌ر شه‌وکه‌ت، ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژنیوز وت:" ئه‌نجامدانی شاخه‌وانی بۆ هه‌مو تاکێک و به‌تایبه‌ت بۆ ژنان زۆر گرنگه‌ و پێویسته‌ کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ هه‌مو ژنێک بتوانێت بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌شداری ئه‌م شاخه‌وانیه‌ بکات که‌ له‌ئێستادا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ژنان له‌ناو ئه‌م گروپه‌دا مانگانه‌ شاخه‌وانی ئه‌نجام ده‌ده‌ین".

 


وتیشی:" له‌گه‌ڵ ئه‌نجاندانی شاخه‌وانیه‌که‌شدا ئێمه‌ چالاکی ژینگه‌ پاککردنه‌وه‌ش ئه‌نجام ده‌ده‌ین و کاتێ که‌ بۆ شوێنێک ده‌چین هه‌رچی شتی فڕێ دراو و ئه‌و شتانه‌ی، که‌ له‌سه‌ر زه‌ویدان و ده‌بنه‌ هۆی پیسبونی ژینگه‌ هه‌ڵیان ده‌گرین و له‌ که‌نارێک له‌ناو زه‌رفێکی گه‌وره‌دا دایده‌نێن".


(گروپی شاخه‌وانی ژنانی ڕێکخراوی ئارامی هه‌ڵه‌بجه‌) ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێک ده‌بێت وه‌رزشی شاخه‌وانیی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و تا ئێستاش زیاتر له‌ شه‌ش ده‌رچونیان هه‌بوه‌، که‌ له‌ دوایین جاریاندا ئه‌مڕۆ سه‌رکه‌وتن بۆ سه‌ر لوتکه‌ی چیای شنروێ.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin