Smiley face
Smiley face
Smiley face

کۆمەڵی ئیسلامی: تا هەڵبژاردنی داهاتوو لە حکومەت دەمێنینەوە

2017-01-19 12:20:01



ڕۆژنیوز – دانا عومەر

 

وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، که‌ به‌لاى ئەوانەوە چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌نییه‌‌ له‌پێناو فشارى سیاسى جومگه‌کانى حوکمڕانى جێبهێڵین و ڕێگه‌ بده‌ن، که‌ لایه‌نێک یان دوو لایه‌ن ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا بگرن، دەشڵێت:" تا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ئێمه‌ ده‌مێنینه‌وه‌ و داکۆکى له‌ مافه‌کانى خه‌ڵکى هەرێمی کوردستان ده‌که‌ین".

 

ڕێبوار حه‌مه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیاسى کۆمه‌ڵى ئیسلامی ‌و هاوکات وته‌بێژى کۆمه‌ڵى ئیسلامى‌، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ڕۆژنیوزدا وه‌ڵامى چه‌ند پرسێکى گرنگ ده‌داته‌وه‌ له‌باره‌ى بۆچوونى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى دۆخى سیاسى و دارایی هه‌رێمى کوردستان و هه‌روه‌ها هۆکارى مانه‌وه‌ى ئه‌وان له‌ حکومه‌تدا و پرسى نزیکبونه‌و و کارى هاوبه‌شى لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کان و پابه‌ندبونى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى ٢٠١٧ ى عێراق –وه‌، هه‌روه‌ها گرنگى و پێویستى سازدانى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى.

 

وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت:" پێویسته‌ په‌رله‌مان کارا بکرێته‌وه‌ و کێشه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم چاره‌سه‌ر بکرێت، وه‌ حکومه‌تیش شه‌فاف بێت له‌ ده‌ستکه‌وتن و خه‌رجکردنى داهاتدا".

 

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌

 

- بۆچوونى کۆمه‌ڵى ئیسلامى چییه‌ له‌باره‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌؟

 

"به‌و مه‌رجه‌ ئێمه‌ له‌حکومه‌ت به‌شدار بوین که‌ هاوبه‌شیه‌کى ڕاسته‌قینه‌ به‌رجه‌سته‌بێت"

 

ڕێبورا حه‌مه‌د: ئێمه‌ له‌ سێ ڕه‌هه‌نده‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ کێشه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، یه‌که‌م کێشه‌ى بژێوى و ژیانى خه‌ڵکه‌، که‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر ببێت، ئه‌مه‌ش به‌دوو ڕێگه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، یه‌که‌م ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان شه‌فاف بێت له‌ ده‌ستکه‌وتنى داهاتدا، دووه‌م ده‌بێت له‌ خه‌رجکردنى داهاتیشدا شه‌فاف بێت، بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵى ئیسلامى هه‌م له‌ قۆناغى ئۆپۆزیسیۆن بووندا و هه‌م له‌قۆناغى به‌شداربوونماندا له‌ حکومه‌تدا به‌جدى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ قسه‌مانکردووه‌، به‌ومه‌رجه‌ش ئێمه‌ له‌حکومه‌ت به‌شدار بووین، که‌ هاوبه‌شییه‌کى ڕاسته‌قینه‌ به‌رجه‌سته‌بێت له‌ حوکمڕانیدا، وه‌ چاکسازى ڕیشه‌یى بکرێت.

 

بۆ ئه‌و لێکترازانه‌ سیاسیه‌ گه‌وره‌یه‌ى که‌ له‌نێوان پارته‌ سیاسیه‌کاندا هه‌یه‌ پێمان وایه‌ که‌ پێویسته‌ ته‌بایى سیاسى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو پارته‌ سیاسیه‌کان، نه‌ک ته‌نها پارته‌ سیاسیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌ڵکو پارته‌ سیاسیه‌کانى هه‌موو پارچه‌کانى کوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش باوه‌ڕمان وایه‌، که‌ ده‌بێت گفتۆگۆى جدى بکرێت، وه‌نابێت هیچ هێزێک مه‌رجى پێشوه‌ختى هه‌بێت، وه‌نابێت هیچ هێزێک هێڵى سورى هه‌بێت، ده‌بێت به‌نه‌رمى مامه‌ڵه‌ بکه‌ین.

 

بوارى سێهه‌میش په‌یوه‌سته‌ به‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، پێویسته‌ په‌رله‌مان کارا بکرێته‌وه‌ و کێشه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم چاره‌سه‌ربکرێت، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ گفتوگۆبکرێت. باوه‌ڕیشمان وایه‌ کات دره‌نگه‌ و پێویسته‌ سود له‌کات وه‌ربگرین.

 

- له‌باره‌ى سه‌ردانى یه‌که‌مى پارتى دیموکراتى کوردستان-عێراق بۆلاى لایه‌نه‌کان، تاچه‌ند جدیه‌ت به‌ پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ دیاره‌، وه‌ پێتان وایه‌ دانیشتنى دووه‌م چۆن ده‌بێت؟

 

" جدیه‌تیان ده‌بێت له‌ کرداردا ده‌رکه‌وێـت"

 

ڕێبوار حه‌مه‌د: ئێمه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ى جدیه‌ت ده‌ڕوانینه‌ هه‌نگاوه‌ کردارییه‌کان،  ئه‌وان وتیان ئێمە جدین، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وایه‌ جدیه‌تیان ده‌بێت له‌کرداردا ده‌رکه‌وێـت، پێویسته‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ بخرێنه‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر بارودۆخى هه‌رێمى کوردستان ده‌رکه‌وێت، ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وکاته ‌و ئێستاش وتومانه‌ که‌ پێویسته‌ یه‌که‌م په‌رله‌مان کارا بکرێـته‌وه‌، دووه‌میش پێویسته‌ گفتوگۆى جدى ده‌سستپێبکرێت، ئێمه‌ مه‌رجى پێشوه‌ختمان نیه‌ و سودى خه‌ڵک سه‌نته‌رى بڕیاره‌کانمان ده‌بێت، وه‌ ناڕوانینه‌ به‌رژه‌وه‌ندى حزبى، هه‌رچۆنێک بێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دوو هه‌نگاوه‌ بنرێت.

 

- بۆ دانیشتنى داهاتوو پڕۆژه‌تان ده‌بێت یان هه‌ر ئه‌و قسانه‌ى پێشتر کردوتانه‌ جارێکى تر به‌ پارتى ده‌ڵێنه‌وه‌؟

 

"گرفتى ئێمه‌ بونى پڕۆژه‌ نیه‌"

 

ڕێبوار حه‌مه‌د: زۆر ئاسانه‌ بوونى وه‌ره‌قه ‌و پڕۆژه‌، پێشتریش پرۆژه‌ هه‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کیشه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵام گرفتى ئێمه‌ بوونى پڕۆژه‌ نیه‌، گرفت ئیراده‌ى جدیه‌ بۆ گفتوگۆ و بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان، ئێمه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌وه‌ى، که‌ بزنین ئه‌و ئیراده‌ جدییه‌ هه‌یه‌، تا ئێستا زه‌مینه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ماویه‌تى که‌ ئیراده‌یه‌کى جدى دروستبێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان.

 

- ئه‌گه‌ر له‌و کاته‌ى په‌رله‌مان په‌کیخرا و وه‌زیره‌کانى گۆڕان له‌حکومه‌ت دورخرانه‌وه‌، لایه‌نه‌کانى تر و کۆمه‌ڵى ئیسلامیش له‌و حکومه‌ته‌ بکشانایه‌ته‌وه‌ نه‌ده‌بووه‌ فشارێک بۆ سه‌ر پارتى دیموکراتى کوردستان – عێراق؟.

 

" چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌نییه‌ که‌ له‌پێناو فشارى سیاسى جومگه‌کانى حوکمڕانى جێبهێڵین"

 

ڕێبوار حه‌مه‌د: زۆرجار ئه‌م پرسیاره‌ ڕووبه‌ڕووى ئێمه‌ ده‌بێته‌وه‌‌، له‌ڕاستیدا ئه‌م حکومه‌ته‌ حکومه‌تێکى بنکه‌ فراوانه‌، به‌ ڕێککه‌وتنێکى سیاسى له‌نێون ئه‌و پێنج هێزه‌ دروستکراوه‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ غه‌درێکى گه‌وره‌ له‌ ڕێککه‌وتنى سیاسى کراوه‌ و هه‌میش له‌و شه‌راکه‌ته‌ که‌ قه‌رار بوو له‌م کابینه‌یه‌ به‌رجه‌سته‌بێت و کابینه‌کانى تر تێپه‌ڕێنێت، که‌زیاتر له‌ ٢٠ ساڵ حکومه‌تێکى ٥٠ به‌ ٥٠ له‌هه‌رێمى کوردستان هه‌بووه‌، که‌ زۆرێک له‌و کێشانه‌ى ئێستان هه‌ن ده‌رئه‌نجامى ئه‌و حوکمڕانییه‌ خراپه‌یه،‌ که‌ له‌ڕابردوودا هه‌بووه‌، بڕیاربوو ئێمه‌ ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنین، وه‌ مانه‌وه‌شمان له‌ناو حکومه‌تدا هه‌ر بۆئه‌و ئامانجه‌یه‌، ئێمه‌ چۆن له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵوێستمان هه‌بووه‌، له‌ حکومه‌تیش وه‌زیره‌کانمان هه‌ڵوێستیان هه‌بووه‌، هه‌م له‌سه‌ر پاشه‌که‌وتى مووچه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بووه‌، هه‌م له‌سه‌ر یاساى بودجه‌ى ساڵى ٢٠١٧ ى عێراق هه‌ڵوێستیان هه‌بووه‌، وه‌ئه‌و سێکته‌رانه‌ى که‌ به‌ده‌ست کۆمه‌ڵى ئیسلامیه‌وه‌ن، به‌شاهیدى هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان  خزمه‌تى باشیان کردووه‌.

 

 

 ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌راکه‌ته‌ ڕاسته‌قیه‌نه‌، به‌لاى ئێمه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌نیه‌ که‌ له‌پێناو فشارى سیاسى جومگه‌کانى حوکمڕانى جێبهێڵین و ڕێگه‌ بده‌ین، که‌ لایه‌نێک یان دوو لایه‌ن ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا بگرن، ئه‌مه‌ مافى کۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش نییه‌ به‌ته‌نها، چونکه‌ ئێمه‌ ده‌نگمان له‌ خه‌ڵکى هەرێمی کوردستان وه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ تا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ئێمه‌ ده‌مێنینه‌وه‌ و داکۆکى له‌ مافه‌کانى خه‌ڵکى هەرێمی کوردستان ده‌که‌ین، ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵى ئیسلامى سه‌ربه‌رزین به‌وه‌ى که‌ توانیومانه‌ پارێزگارى له‌ هه‌ڵوێستى خۆمان بکه‌ین، هه‌ڵوێسته‌کانیشمان له‌به‌ره‌ى خه‌ڵکبوین.

 

- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که‌ وه‌زیره‌کانتان سه‌رکه‌وتوو بوون، به‌ڵام له‌حکومه‌تدا وه‌زیره‌کانى ئێوه‌ دوورده‌خرێنه‌وه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ هه‌ستیاره‌کان، بۆنمونه‌ له‌کاتى سه‌ردانى سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیادا ته‌نها وه‌زیره‌کانى یه‌کێتى و پارتى به‌شدارى کۆبونه‌وه‌ بوون له‌گه‌ڵیدا، شه‌راکه‌تى ڕاسته‌قینه‌ لێره‌دا چۆن به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت؟

 

"پێویسته‌ سێکته‌ره‌کانى حوکمڕانى له‌هیچ هێزێکى سیاسى حه‌رام نه‌بێت"

 

ڕێبورا حه‌مه‌د: ڕاسته‌ پرسیارى جدیش ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ مانه‌وه‌مان له‌م حکومه‌ته‌و پێداگریمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ شه‌راکه‌تى ڕاسته‌قینه‌ به‌رجه‌سته‌بێت ئه‌وه‌یه‌، پێویسته‌ سێکته‌ره‌کانى حوکمڕانى له‌هه‌رێمى کوردستان له‌هیچ هێزێکى سیاسى حه‌رام نه‌بێت، وه‌ شه‌فافیه‌تى ته‌واو هه‌بێت، ئه‌وه‌ ئه‌و ڕه‌خنه‌ جدیانه‌ن که‌ ئێمه‌ ده‌یگرین له‌م حکومه‌ته‌، ڕه‌نگه‌ زۆرجار پێمان بڵێن ئێوه‌ له‌ حکومه‌تدان و ڕه‌خنه‌ش ده‌گرن، ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ ده‌گرین هه‌تا ئه‌وکاته‌ى که‌ ئه‌و حکومه‌ته‌ شه‌راکه‌تێکى ڕاسته‌قینه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌کات، وه‌ هیچ وه‌زیرێک نابێت که‌ دورخرابێته‌وه‌، یان له‌و مه‌له‌فه‌ نهێنیانه‌ دوور بخرێته‌وه‌، چونکه‌ ئێستا پرسیارى جدى له‌سه‌ر مه‌له‌فى نه‌وت هه‌یه‌، وه‌ پرسیارى جدى له‌سه‌ر ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌ هه‌یه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى تر هه‌یه‌تى، ئه‌مانه‌ بابه‌تى جدین ئێمه‌ جێگه‌ى قسه‌له‌سه‌رکردن ین.

 

- بۆ زیاترکدنى فشاره‌کان کۆمه‌ڵى ئیسلامى ڕێگاى ترى فشاردروستکردن به‌کارده‌هێنێت؟

 

ڕێبوار حه‌مه‌د: ئێمه‌ هێزێکى سیاسین، ئه‌و کاتانه‌ى که‌ پێویست بووه‌، وتارێکى سیاسى ڕوونمان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ یه‌کێک بووه‌ له‌ رێگاکانمان، وه‌ئه‌و کاتانه‌ش که‌ فشارى مه‌ده‌نى پێویست بوبێت ئێمه‌ پشتیوانى خه‌باتى مه‌ده‌نیمان کردووه‌.

 

- نزیکبونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کانى به‌ئامانجى چییه ‌و کاریگه‌رى چی ده‌بێت له‌سه‌ر دۆخى سیاسى هه‌رێمى کوردستان؟

 

"بیروڕاى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م سێ لایه‌نه‌ یه‌کبگرن"

 

ڕێبوار حه‌مه‌د: ئه‌مه‌ ده‌رگایه‌کى باشه‌ که‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کان له‌هه‌رێمى کوردستان ڕۆڵێکى کاریگه‌رتریان هه‌بێت، وه‌ک ده‌زانرێت له‌و پێنج پارته‌ سه‌ره‌کییه‌ى که‌ له‌هه‌رێمى کوردستانن دوو هێزیان هێزى ئیسلامین، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کگرتوى ئیسلامیدا له‌ پێشتریشدا کۆمه‌ڵێک پڕۆژه‌ و کارى پێکه‌وه‌یى و هاوبه‌شمان هه‌بووه‌، هه‌م له‌ قۆناغى ئۆپۆزیسیۆن بوون پێکه‌وه‌ بووین، هه‌میش له‌ قۆناغى به‌شدارى له‌ حکومه‌ت پێکه‌وه‌ین، وه‌ له‌سه‌ر ئاستى حکومه‌ته‌ خۆجێیه‌کان خاوه‌نى یه‌ک لیستین به‌ناوى لیستى خزمه‌ت، وه‌ بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامیش له‌گه‌ڵمان به‌شداره‌، بیروڕاى ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م  سێ لایه‌نه‌ یه‌کبگرن و وه‌ک یه‌ک پارتى ئیسلامى کاربکه‌ن، به‌ڵام ئێستا له‌ گفتوگۆداین بزانین تاچه‌ند ده‌توانین ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بکه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵى ئیسلامى باوه‌ڕى ته‌واومان به‌ لێک نزیکبوونه‌وه‌ هه‌یه،‌ هه‌م له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کان هه‌میش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى تردا، بۆئه‌وه‌ى هه‌موومان پێکه‌وه‌ خواسته‌ نیشتیمانیه‌کانمان به‌دى بهێنین، وه‌ نزیکبونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کانیش هه‌ر هه‌نگاوێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بتوانین خزمه‌تى زیارى پرسه‌ نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یه‌کانى خۆمان بکه‌ین.

 

- به‌ده‌ر له‌ کۆمه‌ڵى ئیسلامى هیچ هێزێکى تر له‌لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کانه‌ خواستى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ ئه‌م لایه‌نه‌ ئیسلامیانه‌ یه‌کبگرن؟

 

رێبوار حەمەد: ئه‌وانیش ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌یه‌، ئێمه‌ ئێستا له‌ گفتوگۆداین، ده‌سته‌یه‌کى باڵاى کارى هاوبه‌شمان پێکهێناوه‌، هه‌نگاو ده‌نێین به‌ره‌و لێکنزیکبونه‌وه‌، هه‌میش به‌ره‌و کارى هاوبه‌شى زیاتر.

 

- ئه‌گه‌ر فشاره‌کانى ئێوه‌ و لایه‌نه‌کانى تر نه‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ شه‌راکه‌تى ڕاسته‌قینه‌ له‌ حکومه‌تدا پێک بێت تا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو، کۆمه‌ڵى ئسلامى ده‌بێته‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ کابینه‌ى داهاتوودا؟

 

"ئه‌گه‌ر نه‌بینین شه‌راکه‌تى ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌ به‌شدارى حکومه‌ت ناکه‌ین"

 

ڕێبوار حه‌مه‌د: پرسى به‌شداریکردن و به‌شدارینه‌کردنمان لە حکومەت ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ دواى هه‌ڵبژاردنه‌کان، ئێمه‌ ئه‌و کاته‌ به‌ دیراسه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ بارودۆخى هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵام به‌دڵنیایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵى ئیسلامى نه‌بینێت که‌ شه‌راکه‌تێکى ڕاسته‌قینه‌ و شه‌فافى هه‌یه‌، و ئه‌و حکومه‌ته‌ خزمه‌تى هاوڵاتیان ناکات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌شدارى حکومه‌ت ناکات.

 

- بۆچونى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌باره‌ى یاساى بودجه‌ى ساڵى ٢٠١٧ى عێراقه‌وه‌ چییه‌، پێتان وایه‌ حکومه‌تى هه‌رێم پێویسته‌ پابه‌ندبێت بپێوه‌ى له‌ سودى خه‌ڵکى کوردستاندایه‌ یاخود پابه‌ند نه‌بێت پێوه‌ى؟

 

"ئه‌وه‌ى له‌یاساى بودجه‌دا هاتووه‌ له‌خزمه‌تى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستاندایه‌"

 

ڕێبوار حه‌مه‌د: بۆچونى ئێمه‌ دیاره‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌وه‌ى له‌یاساى بودجه‌دا هاتووه‌ له‌خزمه‌تى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستاندایه‌، وه‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش له‌به‌رده‌م دوو بژارده ‌دایه‌، یان ئه‌وه‌یه‌ پابه‌ند بێت به‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى ٢٠١٧ى عێراقه‌وه‌، کێشه‌ى هاوڵاتیان چاره‌سه‌ر ببێت یان ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌و داهاته‌ى باسى ده‌کات بیخاته‌ به‌رده‌ست و کێشه‌ى مووچه‌ چاره‌سه‌ر ببێت، لێره‌دا پرسیارێک دروست ده‌بێت که‌ئایا حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان که‌ زیاترى ده‌ست ده‌که‌وێت بۆ کێشه‌ى مووچه‌ى چاره‌سه‌ر نه‌کردووه؟‌، ڕاستى ئه‌وه‌یه‌ که‌ حکومه‌ت شه‌فاف نه‌بووه‌ له‌ داهاتدا و  داهاتیشى نه‌خستۆته‌وه‌ خزمه‌تى هاوڵاتیان، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى مووچه‌ و قوتى هاوڵاتیانه‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ که‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت ئه‌وکاته‌ هه‌نگاو بۆ لایه‌نه‌کانى تر بنرێت.

 

- ئێوه‌ له‌ڕێگه‌ى وه‌زیرکانتانه‌وه‌ ئاگادارى هیچ هه‌نگاوێک نین که‌ نرابێت بۆ به‌دواداچون به‌دواى ئه‌وه‌ى که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سودى لە کام رێگادایه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى دۆخى دارایى هه‌رێم؟

 

ڕێبوار حه‌مه‌د: کۆبوونه‌وه‌ کراوه‌ له‌نێوان حکومه‌ت و فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مانى عێراق، به‌پێى زانیاریه‌کانى من ڕه‌نگه‌ کۆبونه‌وه‌ى تریش بکه‌ن، وه‌ گفتوگۆ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ و لێکتێگه‌یشتن دروست ببێت.

 

- له‌ئێستادا له‌باشورى کوردستان و کوردستان به‌گشتى ئاڵۆزیه‌ک هه‌یه‌ له‌نێوان پارته‌ سیاسیه‌کاندا، وه‌ به‌رو قۆناغى دواى داعش ده‌چین، له‌ئێستادا نزیکبوونه‌وه‌ى پارته‌ کوردییه‌کان و سازدانى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى چه‌ند گرنگه‌؟

 

" گرنگه‌ کورد نێوماڵى خۆى ڕێکخاته‌وه‌"

 

ڕێبوار حه‌مه‌د: ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵى ئیسلامى وتومانه‌ که‌ له‌قۆناغى دواى داعش هه‌م له‌ئێستاشدا گرنگه‌ کورد نێوماڵى خۆى ڕێکخاته‌وه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م لێترازان و ناکۆکیانه‌دا نین،‌ پێویسته‌ بۆ کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى و ئه‌وه‌ى خزمه‌ت به‌دۆزى کورد ده‌کات به‌ بێگومان هه‌نگاو بنێین، وادیاره‌ له‌ قۆناغى ڕابردودا به‌هۆى نه‌بوونى لێکتێنه‌گه‌یشتنى سیاسى له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، کورد له‌ قۆناغه‌کانى ڕابردوودا قوربانى ئه‌و ناکۆکییه‌ ساسیانه‌ بووه‌ که‌ له‌نێوان خۆیاندا هه‌بووه‌، ‌ ئێمه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌سه‌روبه‌ندى کۆتایى هاتنى داعشداین، پێویسته‌ لایه‌نه‌کودیه‌کان نێوماڵى خۆیان ڕێکبخه‌نه‌وه‌، وه‌  گوتارێکى سیاسى یه‌کگرتوویان هه‌بێت، وه‌ قۆناغى ژێرده‌سته‌یى ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ کۆتایى بێت.

 

- پێت وایه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ گرنگانه‌ چین که‌ پێویسته‌ بنرێن بۆ سازدانى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى؟

 

"پێویسته‌ ئامانجه‌ نەتەوەییەکان لەبەرچاوبگیرێت"

 

ڕێبوار حه‌مه‌د: رێکخستنه‌وه‌ى ناوماڵى کورد له‌ باشورى کوردستان هه‌نگاوێکى گرنگه‌ بۆ سازدانى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى،‌ ده‌کرێت ئه‌م  لێکتێگه‌یشتنه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى تر و ورده‌ ورده‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پێکهێنانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ى که‌ له‌پێشتردا پێک هاتبوو. کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ببه‌سترێت، وه‌ پێویسته‌ ئامانجه‌ حزبیه‌کان وه‌لا بنرێن و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان له‌به‌رچاو بگرین،  پێویسته‌ یاسایه‌کمان هه‌بێت که‌ کۆمان بکاته‌وه‌.

 

 

ش.ف

  



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin