Smiley face
Smiley face
Smiley face

"تورکیا له‌ قه‌یرانی دارایى گه‌وره‌دایه‌ و ناتوانێت کێشەی هەرێم چارەسەر بکات"

2017-01-12 12:24:36



ڕۆژنیوز – دانا عومه‌ر

 

ئه‌ندامێکى  ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی له‌باره‌ى ئه‌و لیژنه‌یەی له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیادا دروستکراوه‌ بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌ى ئابورى هه‌رێم ده‌ڵێت:" ئه‌و لیژنه‌یه‌ هیچ چاره‌سه‌ر ناکات، تورکیا خۆى لە قەیرانی گەورەدایە و بۆته‌ ئه‌رک به‌سه‌ر ئێمه‌وه‌".

 

غالب محه‌مه‌د، سه‌رۆکى لیژنەى پیشه‌سازى و وزه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی، هه‌روه‌ها خاوه‌نى بڕوانامه‌ى دکتۆرایه‌ له‌ نه‌وت و غازدا، له‌م ڕێپۆرتاژەی رۆژنیوزدا وه‌ڵامى چه‌ند پرسێک ده‌داته‌وه‌ له‌باره‌ى دۆخى دارایى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌و لیژنه‌یه‌ى بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌ى ئابورى هه‌رێمى کوردستان پێکهاتووه‌ له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیادا و مووچه‌ و پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران.

 

"تورکیا خۆى بۆته‌ بار به‌سه‌ر ئێمه‌وه‌"

 

سەبارەت بە لیژنە ئابوورییەکەیی نێوان هەرێم و تورکیا، کە لەکاتی سەردانەکەی بیناڵی یڵدرم بۆ هەولێر بڕیاری دروستکردنی درا، غالب محه‌مه‌د، وتی:" ئه‌و لیژنه‌یه‌ هیچ شتێک چاره‌سه‌ر ناکات، چونکه‌ تورکیا خۆى بۆته‌ ئه‌رک به‌سه‌ر ئێمه‌وه‌، من پێم وایه‌ ئه‌ردۆغان هه‌رچى تۆپ و فڕۆکەی جەنگی به‌کارده‌هێنێت به‌رامبه‌ر کوردى باکور و ڕۆژئاوا هه‌مووى به‌پاره‌ى ئێمه‌ کڕدراوه‌". 

 

"تورکیا لە قەیرانێکی گەورەدایە"

 

وتیشی:"تورکیا خۆى له‌ قه‌یرانێکى دارایى گه‌وره‌دایه‌، هه‌تا پاره‌که‌شى به‌ڕێژه‌ى 50% دابه‌زى به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار، بۆیه‌ تورکیا ناتوانێت قه‌یرانى دارایى ئێمه‌ چاره‌سه‌ر بکات، ئه‌و به‌س ده‌ستبه‌رادارى ئێمه‌ ببێت ئێمه‌ چاره‌سه‌رى ده‌که‌ین".


" لە هەرێمی کوردستان کێشەی دزمان هەیە"

 

ناوبراو، وتی:"له‌ هەرێمی کوردستان کێشه‌ى ئابوریمان نییه،‌ ئێمه‌ کێشه‌ى دزمان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر دزه‌کان لاببرێن و یه‌کێتى و پارتى به‌ته‌نها مامه‌ڵه‌ به‌دۆسیه‌ى نه‌وته‌وه‌ نه‌که‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ئه‌وا کێشه‌ى ئابورى چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

 

غالب محەمەد، ڕوونیکردەوە:به‌پێى ڕاپۆرتێک که‌ ئێمه‌ بڵاومان کردۆته‌وه‌ له‌ مانگى 12ى ساڵى 2016دا یەک ملیار و 28 ملیۆن دۆلار داهاتى مانگانەی نەوت بووه‌، به‌م پاره‌یه‌ ده‌مانتوانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بده‌ین خزمه‌تگوزاریشى پێبکه‌ین و به‌شێک له‌قه‌رزه‌کانیشمان به‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ناتوانین مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش بده‌ین.

 

"ده‌توانین هاوکارى کوردى پارچه‌کانى تریش بکه‌ین"

 

سەبارەت بە زۆری خەرجییەکانی هەرێم لەچاو داهات-دا، غالب محه‌مه‌د، وتی:" داهاتى نه‌وت و غاز نه‌ک هه‌ر به‌شى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات، ده‌توانین هاوکارى کوردى پارچه‌کانى تریشى پێبکه‌ین، چونکه‌ ئێمه‌ 57 بلۆکمان هه‌یه‌، له‌م رێژه‌یه‌ شه‌ش دانه‌ى بلۆکى غازییه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر دیراسه‌ى بکه‌ین 4% یه‌ده‌کى غازى جیهان له‌هه‌رێمى کوردستانه‌ و له‌ پارێزگارى سلێمانیه‌، 45 ملیار به‌رمیل نه‌وتى یه‌ده‌کمان هه‌یه‌، ڕۆژانه‌ 750 هه‌زار بو 800 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنین". 

 

ناوبراو، ڕاشیگەیاند:"هه‌تا نه‌وت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى یه‌کێتى و پارتى بێت، به‌تایبه‌تى پارتى دیموکراتى کوردستان، که‌ وه‌زیره‌که‌ى (ئاشتی هەورامی) به‌کاریده‌هێنێت بۆ خزمه‌تکردنى بنه‌ماڵه‌، ئه‌گه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت ببێت به‌ 100 دۆلاریش ئێمه‌ ناتوانین ئه‌م دۆخه‌ چاره‌سه‌ربکه‌ین".

 

" پارتی نەوت و غاز دەخاتە خزمەتی تورکیا"

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هۆکارەکانی چارەسەرنەبوونیشی خستەڕوو و وتی:" چارەسەر نابیت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ گه‌نده‌ڵی مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، سندوقێک نییه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ى تێبکرێت، بانکى کوردستان بۆته‌ سندوقى نه‌وت، (بانکى کوردستان بانکێکى ئه‌هلییه‌ و نزیکه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌)، نه‌وت و غاز له‌هه‌موو دونیادا دوو ڕه‌هه‌ندى هه‌یه‌، ڕه‌هه‌ندى سیاسى و ڕه‌هه‌ندى ئابورى، پارتى هه‌ردوو ڕه‌هه‌نده‌که‌ى بۆخۆى به‌کارهێناوه‌، ڕه‌هه‌نده‌ ئابوریه‌که‌ى و سیاسه‌که‌ى بۆ خزمه‌تى بنه‌ماڵه‌کى به‌کار هێناوه‌، ده‌یخاته‌ خزمه‌تى تورکیاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیپارێزێت".

 


" ئه‌وان سود له‌م دۆخه‌ ده‌بینن"


لەبارەی ئەوەی، کە بۆچی حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان نایه‌وێت پابه‌ند بێت به‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى 2017 ى عیراقه‌وه‌، ناوبراو، وتی:"ئه‌وانه‌ى که‌له‌ناو حکومه‌تى هه‌رێمدان زه‌ره‌ریانه‌ که‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى 2017 جێبه‌جێبکه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێ بکرێت ئه‌وا به‌غدا بودجه‌مان بۆ ده‌نێرێت، ئه‌گه‌ر بودجه‌مان بۆ بنێرێت، ده‌چێته‌ وه‌زاره‌تى دارایى، له‌وه‌زاره‌تى دارایى چاودێرى ده‌کرێت، که‌چاودێرى کرا دزیکردن له‌ناویدا که‌متره‌، ئه‌وان سود له‌م دۆخه‌ ده‌بینن،هه‌میشه‌ دز حه‌زى له‌ماڵى پشێویه‌، ئه‌م ماڵه‌ى ئێمه‌ ئێستا پشێوییه‌کى زۆرى تێدایه‌، مافیاکانى ناو یه‌کێتى پارتى توانیویانه‌ سود له‌و پشێویه‌ وه‌ربگرن بۆ خۆیان".

 

"که‌س نازانێت ئه‌و قه‌رزه‌ له‌کوێوه‌ هاتووه"

 

غالب، تیشکی خستە سەر ئەو قەرزانەی، کە حکومەتی هەرێم باسیان دەکات و وتی:" داهاتى هه‌رێمى کوردستان مانگانه‌ نزیکه‌ى یه‌ک ملیار و 200 ملیۆن دۆلاره‌، که‌ به‌شى هه‌موو شتێک ده‌کات، حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت ئه‌وه‌نده‌ داهاتمان هه‌یه‌، به‌ڵام دوایى دێت کاغەزێکى A4 مان ده‌داتێ هه‌مووى ده‌کات به‌قه‌رز، ئیتر که‌س نازانێت ئه‌و قه‌رزه‌ له‌کوێوه‌ هاتووه‌ له‌کێ قه‌رزکراوه‌، قه‌رزه‌کانى بۆچى خه‌رج کردووه‌".

 

"هەوڵدەدەن بەردەوام خزمەتگوزاری بگەیەننە تورکیا"


غالب محەمەد، وتیشی:"ئه‌وه‌ى که‌ ئاشتى هه‌ورامى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ده‌یکه‌ن به‌گه‌لى کورد، که‌س نه‌یکردووه‌، ئه‌م بنه‌ماڵیه‌ ئه‌وه‌نده‌ى که‌ دوژمنى کوردن دوژمنى هیچ شوێنێکى تر نین، هه‌وڵده‌ده‌ن به‌رده‌وام خزمه‌تگوزارى بگه‌یه‌ننه‌ تورکیا، دێن بۆرى غاز له‌ وێستگه‌ى کۆرمۆڕ- ه‌وه‌ بۆ تورکیا ڕاده‌کێشن، بۆئه‌وه‌ى تورکیا کاره‌بای هه‌بێت، که‌چى کۆرمۆڕ (گوندێکی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵە)خۆى کاره‌باى نیه‌، له‌ته‌نیشتى ئه‌و وێستگه‌یه‌وه‌ وێستکه‌یه‌کى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با هه‌یه‌ که‌ 700 مێگایه‌، ده‌توانن به‌ بۆریه‌ک غازى بۆ دابین بکه‌ن، بەڵام بۆی دابین ناکەن".


غالب محەمەد، باسی لەو پرۆژەیەش کرد، کە ئەوان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلیمانی پیشکەشی حکومەتیان کردووە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر مووچەخۆران و وتی:" ئێمه‌ له‌ مانگى چوارى ساڵى 2016 دا پڕۆژه‌یه‌کمان هه‌بوو داومانه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌تا ئێستا وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه‌".

 

" 52%  داهات زیادیکردووه"

 

ئاماژەی بۆ ناوەڕۆکی پرۆژەکە کرد و وتی:" له‌ پرۆژه‌که‌دا چه‌ند خاڵێکى تێدایه‌، یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ باج له‌سه‌ر هاوڵاتیان که‌مبکرێته‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌بێت که‌ پێشوو هه‌بووه‌، دووه‌م ئه‌و پاشه‌که‌وته‌ى ده‌کرێت له‌ مووچه‌ بخرێته‌ى سه‌ر ژماره‌یه‌کى بانکى، بۆئەوەی هاوڵاتى بتوانێت پاره‌ى باج و رسوماتى لێبدات، سێهه‌م له‌گه‌ڵ زیادکردنى نرخى نه‌وتدا ده‌ستکارى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ بکرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌پێى بڕیارى پاشه‌که‌وتى مووچه،‌ که‌ نێچیرڤان بارزانی واژۆى له‌سه‌ر کردووه‌ له‌خاڵی پێنجیدا هاتووە "هه‌رکات داهاتى هه‌رێمى کوردستان زیادیکرد ئه‌وا به‌و ڕێژه‌یه‌ مووچه‌ زیاد ده‌کات و پاشه‌که‌وت که‌م ده‌بێته‌وه‌"، له‌مانگى یه‌کى ساڵى 2016 ئه‌م بڕیاره‌ ده‌رچووه‌، له‌مانگى یه‌ک به‌رمیلێک نه‌وت به‌ به‌ 24 دۆلار فرۆشراوه‌، ئێستا به‌رمیلێک نه‌وت به‌ 46 دۆلار ده‌فرۆشن، واته‌ 52%  داهات زیادیکردووه‌، به‌ حه‌ق بێت به‌ واژۆى خۆیان بێت ئه‌گه‌ر ڕاستگۆبن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا ئه‌وا ده‌بێت 52% پاشه‌که‌وت که‌مبکاته‌وه".

 

‌غالب محەمەد، هەروەها وتی:" من پێشنیارم کردووه‌ هه‌ر ماڵێک به‌رمیلێک نه‌وتى سپى پێبدرێت له‌و پاشه‌که‌وتى مووچه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ پاڵاوگه‌کانى خۆمان 100 – 120 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى خاو له‌ڕۆژێکدا ده‌پاڵێوین، هه‌رێمى کوردستان 1 ملیۆن و 296 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى سپى ده‌ست ده‌که‌وێت، هه‌موو خێزانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان یه‌ک ملیۆن خێزانه‌، کەواتە ئێمه‌ ده‌توانین هه‌ر خێزانێک یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى سپیان بده‌ینێ، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێم به‌ بڕیارى نێچیرڤان بارزانى و ئاشتى هه‌ورامى و قوباد تاڵه‌بانى هاتوون ئه‌م نه‌وته‌ به‌بازاڕى ڕه‌ش ده‌فرۆشن به‌رمیلى به‌ 100 هه‌زار دینار، هاوڵاتیش به‌ 145 هه‌زار دینار ده‌یکڕٍێت".

 

ش.ف


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin