Smiley face
Smiley face
Smiley face

"له‌ مه‌رزی باشماخ 170 ملیار دینار ده‌ست حکومه‌تی هه‌رێم که‌وتووه‌"

2017-01-11 19:07:30



ڕۆژنیوز ـ هاوکار مسته‌فا


سه‌رپه‌رشتیاری مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات له‌ ساڵی ڕابردودا و له‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخه‌وه‌، بڕی 170 ملیار دینار وه‌ک داهات ده‌ست حکومه‌تی هه‌رێم که‌وتووه‌.


مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ به‌ یه‌کێک له‌و مه‌رزه‌ فه‌رمیانه‌ داده‌نرێت که‌ له‌نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و ئێراندا کراونه‌ته‌وه‌ و ساڵانه‌ به‌ هه‌زاران گه‌شتیاری ئێرانی و کورد هاتوچۆیان پیادا ده‌که‌ن و ساڵانه‌ش ڕێژه‌یه‌کی زۆر داهاتیان لێوه‌ ده‌ستده‌خرێت.


ئه‌زوه‌ر مه‌حمود، سه‌رپه‌رشتیاری مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ، ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێکى تایبه‌تدا له‌سه‌ر ئامارى ساڵانه‌ى مه‌رزى باشماخ، به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند: به‌ به‌راود به‌ ساڵی ڕابردوو ڕێژه‌ی داهات له‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ به‌ ڕێژه‌ی %30 که‌می کردووه‌، به‌ جۆرێک له‌ ساڵی 2015 کۆی ئه‌و داهاته‌ی به‌ده‌ستخرابوو پێکده‌هات له‌ 245 ملیار دینار و داهاتی ساڵی ڕابردوش بریتی بوو له‌ 170 ملیار دینار.

 


ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: هه‌روه‌ها ڕۆشتنی گه‌شتیارانی هه‌رێم بۆ ئێران که‌می کردووه‌، به‌ جۆرێک  له‌ ساڵی ڕابردودا 284 هه‌زار گه‌شتیاری ئێرانی هاتونه‌ته‌ هه‌رێم و له‌به‌رامبه‌ریشدا 275 هه‌زار گه‌شتیار له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ڕۆشتونه‌ته‌ ئێران، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی ڕابردودا 118 هه‌زار ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر هاتونه‌ته‌ خاکی هه‌رێمه‌وه‌ و هاوکات سێ هه‌زار 129 ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگریش ڕۆشتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.


سه‌رپه‌رشتیاری مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: هه‌ر له‌ ساڵی ڕابردودا به‌هۆی نه‌شیاوییان بۆ به‌کارهێنان، هه‌زار و 148 تۆن که‌ره‌سته‌ی خۆراکی و پیشه‌سازی و شمه‌کی جیاوازمان گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ بۆ خاکی ئێران و نه‌مانهێشتووه‌ بهێنرێنه‌ ئه‌مدیو، هه‌روه‌ها 145 تۆن خۆراکیش هه‌ر له‌ناو مه‌رزه‌که‌دا له‌ناوبراون به‌هۆی ده‌رنه‌چونیان له‌ کوالتی کۆنتڕۆڵ و نه‌شیاوییان بۆ به‌کارهێنان.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin