ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان
ئه‌بو کاروان له فراکسیۆنى ئازادى له په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند، ڕێگری‌کردن له دوو په‌رله‌مانتار بۆ ئه‌وه‌ى بچنه هه‌ولێر، پێشێلکردنى مافى مرۆڤه.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ، ئه‌بو کاروان له فراکسیۆنى ئازادى له په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان له ڕاگه‌یه‌نراوێکدا که وێنه‌یه‌کى بۆ ڕۆژنیوز نێردراوه، له‌سه‌ر ڕێگری‌کردن له سۆران عومه‌ر و عه‌لى حه‌مه ساڵح بۆ چوونه هه‌ولێر، هه‌ڵوێستى خۆى نیشاندا.
ئه‌بو کاروان ڕایگه‌یاند: له کاتێکدا هه‌وڵه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سیاسی له هه‌رێمه‌که‌مان له ئارادایه، دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕی یه‌که‌می کۆبونه‌وه‌کان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌کان به ئیجابی به‌ڕێوه‌چوون و چاوه‌ڕوانی به‌شی دووه‌می کۆبونه‌وه‌کان بووین بۆ کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و گۆڕانکاری له حکومه‌ت و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره بۆ پرسی یاسا و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، به‌داخه‌وه جارێکی دیکه له بازگه‌ی پردێ ڕێگه له دوو ئه‌ندام په‌رله‌مان ده‌گیرێت که بچنه هه‌ولێری پایته‌خته‌وه.
ڕاشیگه‌یاند: ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی ساده‌ترین مافی هاووڵاتیبوونه و پێشێلکردنی مافی مرۆڤه، چ جای ئه‌و به‌ڕێزانه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستانن و مافی پارێزبه‌ندیان هه‌یه، ئه‌م کاره نه‌شیاو و نه‌خوازراوه به بۆچوونی ئێمه پرۆسه‌ی ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان ئاڵۆزده‌کات و خزمه‌ت به پرۆسه‌که ناکات.
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌ر تێڕوانینێک که هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌رکه‌سێک پێویسته ڕێکاری یاسایی بگیرێته‌به‌ر نه‌ک په‌نابردن بۆ ڕێگری و توندوتیژی، که ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماکانی دیموکراسی و ئازادی تاک و سه‌ره‌تاکانی مافی مرۆڤه، ئه‌م کاره نه‌خوازراوانه سه‌رکۆنه و ئیدانه ده‌که‌ین و نابێت ببێته نه‌ریت.
ک.ک