ڕۆژنیوز ـ عه‌لی قادر
به‌شێک له گه‌نجانی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین داوا له سه‌رجه‌م گه‌نجانی باشووری کوردستان ده‌که‌ن که بۆ پشتیوانیکردن له هه‌ڵوێستی پێشمه‌رگه دێرینه‌کان ڕۆژی هه‌ینی ڕوو له قه‌ندیل بکه‌ن.
دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ناو باخی گشتی شارۆچکه‌ی ڕانیه سه‌ربه ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین له لێدوانێکدا، به‌شێک له گه‌نجانی ده‌ڤه‌ره‌که پشتگیری خۆیان بۆ پشتیوانیه‌کانی پێشمه‌رگه دێرینه‌کان بۆ گه‌ریلا ڕاگه‌یاند.
گه‌نجان دا‌واشیان له سه‌رجه‌م گه‌نجانی باشووری کوردستان کرد، که پشتگیری له پێشمه‌رگه و گه‌ریلا بکه‌ن دژ به پیلانه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکی داگیرکه‌ر و هاوکاره‌کانیان له ناوخۆی هه‌رێم، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ڕۆژی هه‌ینی کاتژمێر 9:30ی پێشنیوه‌ڕۆ له (کلکه‌ی کۆڵێن)ی شارۆچکه‌که کۆببنه‌وه و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و قه‌ندیل به‌ڕێبکه‌ون.
سیاکۆ حسێن، یه‌کێک له گه‌نجانى به‌شداربوو وه‌کو نوێنه‌رى گه‌نجان قسه‌ى کرد و وتى: "هه‌روه‌ک ده‌زانرێت دوژمنانى گه‌لی کورد بۆ له‌ناوبردن و داگیرکاری به‌رده‌وام له هه‌وڵ و پیلانگێڕیدان، به‌تایبه‌تیش ده‌وڵه‌تی تورکی داگیرکه‌ر به‌رده‌وام له دژی گه‌له‌که‌مان له پیلاندایه و له ئێستاشدا ده‌یانه‌وێت به هاوکاری چه‌ند لایه‌نێکی باشوری کوردستان هێرش بکه‌نه سه‌ر گه‌ریلا له‌ناوچه‌کانی شه‌نگال و قه‌ندیل و بادینان".
وتیشى: "بۆیه ئێمه لێره‌وه پشتیوانی خۆمان بۆ گه‌ریلا دوپات ده‌که‌ینه‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نین ئاماده‌ین و به هه‌موو جۆرێک له دژی هه‌ر پیلان و هێرشێک بوه‌ستینه‌وه که دژی هێزه‌کانی گه‌ریلا و گه‌له‌که‌مان به‌ڕێوه‌بچێت".
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد: ئێمه پشتیوانییه‌کانی پێشمه‌رگه دێرینه‌کان به‌رز ده‌نرخێنین و پاڵپشتی ئه‌وان ده‌که‌ین، هه‌ربۆیه به مه‌به‌ستی شکستپێهێنان به پیلانه‌کانی دوژمنان داوا له سه‌رجه‌م گه‌نجان ده‌که‌ین بێده‌نگ نه‌مێنن و پشتیوانی له هێزه‌کانی گه‌ریلا بکه‌ن.
هه‌فته‌ى ڕابردوو سه‌دان پێشمه‌رگه‌ى دێرینى هه‌رێمى کوردستان چوونه قه‌ندیل و پشتیوانى خۆیان بۆ هێزه‌کانى گه‌ریلا نیشاندا.
ک.ک