Smiley face
Smiley face
Smiley face

شاخی گۆیژە بە درەختی بەڕوو سەوزدەکرێت

2017-01-11 15:14:16



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

لە ژێر دروشمی (جوانترکردنی شاخی گۆیژە بەدرەختی بەڕوو)،  دەستەی شاخڕەوی قەیوان هەڵمەتێک ئەنجامدەدات بۆ سەوزکردنی شاخی گۆیژە بەداری بەڕوو.

 

دەستەی شاخڕەوی قەیوان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە، کاتی ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بۆ سەوزکردنی شاخی گۆیژە لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند.

 

لە ڕاگەیەنداروەکەدا هاتووە، کە لە ژێر دروشمی (جوانترکردنی شاخی گۆیژە بەدرەختی بەڕوو)،  دەستەکەیان هەڵمەتێک ئەنجامدەدات بۆ سەوزکردنی شاخی گۆیژە بەداری بەڕوو بەمەبەستی بەخشینەوەی هەناسەیەکی نوێ بە شار و فڕێدانی بەرگی ڕەش و هەڵقرچاوی دارسنۆبەرە سوتاوەکانی گۆیژە بە لەدایک بوونی هەزارەها نەمامی داربەڕوو لە شوێنیان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کاتی ئەنجامدانی هەڵمەتەکە، دەستنیشانکراوە و هاتووە:" ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٧:٠٠ سەرلەبەیانی لە سەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود ١٠٠ سەد مەتر پێش ئوتێل تایتانیک لەنزیک چاڤی لاند کۆدەبینەوە و کاتژمێر ٧:٢٠  بەڕێدەکەوین بۆ ناوچەی دیاری کراو لەسەر چیاکە بەمەبەستی دەستپێکردنی هەڵمەتەکە".

 

هەروەها هاتووە:"ئەم کارە پیرۆزەش بە سپۆنسەری و هاوکاری ( کۆڕەک تیلیکۆم، گروپی کۆمپانیاکانی نەجمەدین/دانیاستی ، نەمامگەی گاردینیا) وە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی پاوان و دارستانی سلێمانی و فەرمانبەرانی بەشی ڕێنمایی کشتوکاڵی شارباژێڕ ئەنجامدەدرێت، ئێوەی هاوڵاتیانی ئازیزیش دەتوانن بەشداری بکەن و هەڵمەتەکە گەورەتر و جوانتر بکەن وە بەشداریتان خزمەتێکی گەورەیە بە گۆیژە و شاری سلێمانی".

 

دەستەی شاخڕەوی قەیوان، دەشڵێت:"لە کەشێکی سەیرانی و هاوڕێیانەدا بەدەم ماندوێتی کارەوە لە شاخی گۆیژە دەستەکەمان خوانی نیوەڕۆ بۆ هاوڕێیانی بەشدار بوو ئامادەدەکات، وە سەرجەم پێداویستیەکانی هەڵمەتەکە لەتەواوی کەل و پەلەکان ئامادەکراوە".

 

دەستەکە ئەوەش دەخاتە ڕوو:"ئەم هەڵمەتە بەچەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت ( قۆناغی ڕواندن و چاودێری کردن و ئاودان لەوەرزە وشکەکاندا تا گەورە بوونی دارەکان)".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، داوا لەو کەسانە دەکات، کە دەیانەوێت بەشداری لەو هەڵمەتەدا بکەن لە رێگای پەیجی ‎دەستەی شاخڕەوی قەیوان Dastay Shaxrawy Qaiwan  ەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاگادارییان بکەنەوە.

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin