Smiley face
Smiley face
Smiley face

مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە بەردەوامبوونیان لە بایکۆت ڕاگەیاند

2017-01-11 13:25:56



ڕۆژنیوز - جیهاد هەورامی​

 

ژمارەیەك لە مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە، لەبەردەم یەكەی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەی هەڵەبجە گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتیان ئەنجامداو ئەندامێكی دەستەی داكۆكی لەمافی مامۆستایانیش دەڵێت: بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو فشارو هەڕەشانەی كە لەسەر مامۆستایانی ناڕازییە ئەم گردبونەوەیەمان ئەنجامداو بەردەوام دەبین لە بایکۆت.

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم یەكەی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەی هەڵەبجە، ژمارەیەك لە مامۆستایانی ناڕازی گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

 

لەو بارەیەوە هەردی هادی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە گوایە لەلایەن یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردەی هەڵەبجەوە هەڕەشە لەمامۆستایانی ناڕازی دەكرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ دەوام، وەك دەستەی داكۆكی لەمافی مامۆستایان ئەمڕۆ هاتینە بەردەم یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو فشارو هەوڵانەیان بكەین".

وتیشی:"هەرچەندە كۆمەڵێك سەرپەرشتیار ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەنەوە كە شتی لەو بابەتە بووبێت و ئامادەش نین سزای هیچ مامۆستایەك بدەن، بەڵام ئەوەمان لێ‌ دوپاتکردنەوە كە بەهیچ شێوەیەك و بەفشارو تەلەفونی هیچ سەرپەرشتیارێك ئامادەنابین بایكۆت بشكێنینو بگەڕێینەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن و بەردەوام دەبین لەسەر دەربڕینی ناڕەزایەتیەكانمان، لەئەگەری سەلماندن و بوونی ئەوفشارو هەڕەشانە ئەوا ئێمەش لەداهاتودا هەڵوێستی ترمان دەبێت و ئەوەشمان بە ڕوونی پێ‌ ڕاگەیاندون".

 

لەبەرامبەریشدا سەرپەرشتیاری كارگێڕی یەكەی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەی هەڵەبجە، دلێر مەحمود، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" ئیشی سەرەكی ئیشراف و یەكەی سەرپەرشتیکردنی پەروەردە تەنها پردی پەیوەندی نێوان مامۆستایان و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەیە، نەوەك سزادان و فشارخستنەسەر مامۆستایان بۆ گەڕانەوەیان بۆناو هۆڵەكانی خوێندن، ئێمەش وەك خۆمان ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە سەرپەرشتیارێك یان هەندێكیشیان بەتەلەفون و بەهەڕەشە لەمامۆستایان داوایان لێ‌ كرابێت بگەڕێنەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن".

دلێر مەحمود، وتیشی:" ئێمە بەهەموو شێوەیەك پشتگیری لە داوا ڕەواكانی مامۆستایانی ناڕازی دەكەین و تا ئەم ساتەش نە مامۆستایەكمان سزا داوەو نە بەتەلەفونیش هەڕەشەمان کردوو، كە بایكۆت بشكێنن، بەڵام لە ئەگەری بەلاڕێدابردن و قۆستنەوەی ئەم هەلەی بایكۆت بۆ بەرژەوەندی شەخسی و تایبەتی ئەوا ناچارین هەڵوێستێكی ترمان هەبێت".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin