ڕۆژنیوز - دانێر قه‌ره‌داغی
توندوتیژی دژی ژنان لە باشوری کوردستان لە جیاتی کەمبوونەوە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت و شێوازی توندوتیژییەکانیش بەجۆرێکن، کە مرۆڤ توشی شۆک دەکات، تویژەرێکی کۆمەڵایەتیش دەڵێت: بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی پێویستمان به شۆڕشێکی گه‌وره و زۆر ڕادیکاڵیانهیه.
ڕۆژنیوز لە بەدواداچوونێکدا تیشک دەخاتەسەر هۆکارەکانی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان و چی بکرێت بۆکه‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و توندوتیژیانه؟، بۆچی ژن بێدەنگ کراوە لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەری دەکرێت؟ و وەڵامەکان-یش لە چەند کەسایەتییەک وەردەگرێت.
کامه‌ران مه‌لا محه‌مه‌د، که مامۆستای دواناوه‌ندیه، لە ڕوانگەی پیاوێکەوە سەبارەت بە هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ژنان دوا و وتی:"گرفتی سه‌ره‌کیمان گرفتی به‌مرۆڤبوونی ژنە، له‌زیهنی ئێمه‌دا ژن هێنده‌ی پیاو مرۆڤ نیه، لە کاتێکدا ژنیش وه‌ک پیاو خاوه‌نی هه‌ست و سۆز و دەربڕینی خۆشیهکانێتی، ده‌بوو پیاو هه‌ستی به‌مه بکردایه".
کامەران، ئاماژە بۆ ئەوەش کرد، کە لەکۆمەڵگای مۆدێرنەدا بەهەمان شێوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دەکرێت، بەڵام شێواز و جۆری توندوتیژییه‌کان گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه "له کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنه‌دا ناڵێن ژن مرۆڤ نییه، بەڵام به گومانه‌وه ده‌ڕوانرێته ژن".
ئه‌و مامۆستایه، وتیشی:"سه‌رباری ئه‌و هه‌موو له‌مپه‌ڕانه‌ی لەبەردەم ژناندا هەیە، بەڵام ژنان توانیویانه ئه‌و له‌مپه‌ڕانه تێپه‌رێنن، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه که ژن لاواز نییه ئه‌وه دیدی ئێمه‌ی پیاوانه لاوازه به‌رامبه‌ر ژن".
"کۆمه‌ڵگا هه‌مووی قوربانییه"
بە بۆچوونی ئازاد جه‌لال، که توێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیه، لە کۆمەڵگەی کوردی‌دا توندوتیژی ته‌نها دژی ژن ناکرێت، بەڵکو دژی هەردوو ڕەگەز هه‌یه و په‌یوه‌ندی به کلتوری کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگاکه‌وه هه‌یه و وتی:"ئێمه به‌هه‌موومان قوربانین".
ئازاد جەلال، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه باشتره له نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بی و ئێمه هه‌نگاوێکمان ناوه به‌ره‌و پێشه‌وه، وتیشی:" بۆئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌کان خێراتربکرێن، پێویستمان به شۆڕشێکی گه‌وره و زۆر ڕادیکاڵیانهیه هه‌روه‌ها پێویستە ئه‌و تێڕوانین و فۆرمه‌ی بۆ ئاین هه‌یه گۆڕانکاری تێدا بکرێت و بیرکردنه‌وه‌ی تاک بگۆڕێت".
هەر لەوبارەیەوە، به‌هار عەبدولڕەحمان، په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی کاروباری کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، وتی:"توندوتیژی ڕهگو ڕیشه‌یه‌کی مێژوویی هه‌یه، بۆیه پێویستیشی به مێژوویه‌ک هه‌یه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ژنان له‌هه‌موو دنیادا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەڵام به فۆرم و شێوازی جیاواز و وتی:"دواجار توندوتیژی توندوتیژییه و ده‌بێت به‌ره‌نگاری ببینه‌وه به شێوه‌یه‌ک، که هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز به‌یه‌که‌وه ده‌بێت هاوکاری یه‌کتربن و ڕێگری لێبکرێت".
تانیا تاهیر، پارێزه‌ر و چالاکوانه له‌بواری مافەکانی ژنان، به‌شێکی توندوتیژی دژی ژنانی گه‌ڕانده‌وه بۆ "ئه‌و توندوتیژیه سیاسیه‌ی به‌رده‌وام له باشوری کوردستان به‌رامبه‌ر به‌ژن به‌کارهاتووه".
وتیشی:"نه‌بوونی ئیرادە له‌لای سه‌رکرده‌کانی سیاسی کورد سه‌باره‌ت به‌پرسی ژن و لەبەرامبەراد خه‌باتی به‌رده‌وامی ژنان ئومێد به‌خشه".
ئەو پارێزەرە، بەدیدێکی ڕەخنەگرانەوە تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆچارسەری پرسەکانی ژن وتی:"ئێمه ده‌مانه‌وێت پرسی ژن ئاشنابکه‌ین به‌کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام بیرمان چووه ده‌بێت پیاو له‌پێشدا ئاماده بکرێت".
لەبارەی ئەو کەیسانەی، کە زۆرتر دەچنە دادگاکان، پارێزەرێک بەناوی ئەڤین عەبدولڕەحمان سۆفی، وتی:" لەو کەیسانەی دێنە لای ئێمە زۆر جار ژن له‌ترسی جیابوونه‌وه و تێکچوونی ژیانی و په‌رته‌وازه‌بوونی منداڵه‌کانی بێده‌نگ ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر توندوتیژییەکان، یان ڕێگه‌یه‌کی تر هه‌ڵده‌بژێرێت له لوتکه‌ی ڕق په‌یداکردنی به‌رامبه‌ر بە پیاوەکە ڕێگەی تر دەگرێتەبەر، و هەندێک جاریش په‌نا بۆ ناپاکی خێزانی ده‌بات وه‌ک تۆڵه لێکردنه‌وه".
جێگای ئاماژەیە لە دواینترین ئەو ئەو کەیسانەی توندوتیژی دژی ژنان، کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو و لەسەرەتای ئەمساڵدا لە باشوری کوردستان ڕوویانداوە، ئەشکەنجەدان و شکاندنی فەقەرات و چەندین پەراسوی ژنێکە لە شاری سلێمانی بەناوی حەلاوە، کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئەنجامدراوە و ماوەی زیاتر لە مانگێکە لە نەخۆشخانەیە و بێ هۆشە، هەروەها سوتانی سەروین نۆبەدار لە شارۆچکەی سۆران، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن وا بڵاوکرایەوە باوکی سوتاندویەتی، ڕێگاش بە هیچ لایەک نەدرا کار لەسەر کەیسەکە بکات و ڕاستی ڕووداوەکە ڕوون بکاتەوە.
لە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگەشەدا لە شاری کەرکوک پیاوێک هاوسەرەکەی کوشت و دەنگۆی ئەوەشی بڵاوکردەوە، کە لەلایەن چەند کەسێکی دەمامکدارەوە کوژراوە، لە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەشدا لە شارەدێی دیبەگەی سەر بە شارۆچکەی هەولێر پیاوێک هاوسەرەکەی بە شیش و دار کوشت.
ش.ف