Smiley face
Smiley face
Smiley face

هاوسەرۆکی پژاک: لە هەوڵداین بۆ یەکدەنگکردنی پارتەکانی ڕۆژهەڵات

2016-12-26 11:14:55



ڕۆژنیوز – سۆران حسێن

 

سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ڕایدەگەیەنێت:" لە هەوڵداین بۆ بەیەکدەنگکردنی هەموو پارتەکانی ڕۆژهەڵات بۆ هەموو پرسە گرنگەکان و بەجۆرێک ببینە ئۆپۆزسیۆنێکی کوردی بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان".

 

سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنیوزدا تیشک دەخاتە سەر گرنگی کۆدەنگی پارتەکانی ڕۆژهەڵات و کۆنگرەی نەتەوەیی، باسیش لە پەیوەندییەکانی پژاک لەگەڵ پارتە کوردییەکاندا دەکات و تیشکیش دەخاتەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئیران، لەسەر دواین کۆنگرەی پژاکیش دەڵێت لە ئێستادا، ژنان بەڕێژەی ٥٠% بەشدارن لەسەرجەم ئەرک و ئۆرگانەکانی پژاکدا.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-دواین کۆنگرەی پژاک ئەمساڵ بەڕێوەچوو، گرنگترین خاڵە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەکە چی بوون؟

 

"ژنان و پیاوان پێکەوە ڕابەرایەتی پژاک دەکەن"

 

سیامەند موعینی: لە کۆنگرەی چوارەم دا، ڕێژەی ژنان لە ناو پژاکدا ٤٠%بوو، بەڵام لە کۆنگرەی پێنجەمدا توانیمان ڕێژەکە یەکسان بکەینەوە و بیکەینە ٥٠% بۆ ژنان، ئەمە یەکێک بووە لە پێشکەوتنەکانی دواین کۆنگرە، ئێستا هەر لە سەرۆکایەتییەوە تا هەموو ئۆرگانەکانی پژاک، ڕێژەی ژن و پیاو یەکسانە.

 

-لە کۆنگرەکەتاندا تاچەند پەیوەندی نێوان پژاک و پارتە سیاسیەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کراوە؟

 

 

"پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو پارتەکاندا دەدەین"

 

سیامەند موعینی: ئێمە لە کۆنگرەدا نزیکایەتی و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئامانجێکی سیاسی بینیوە، لەبەرنامەماندایە سەردان و نزیکبوونەوە کەگەڵ هەموو پارتەکاندا پەرە پێبدەین، هەروەک چۆن لە ڕابردووشدا هەمان بووە، بەڵام وەک وتم ئامانجامانە پەرەی زیاتری پێبدەین.

 

-پەیوەندییەکان لە نێوان حزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا، لە چ ئاستێکدا هەڵدەسەنگێنن؟


"هەوڵدەدەین ئۆپۆزسیۆنێکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێکبێنین"

 

سیامەند موعینی: ئێمە وەک پژاک هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ، لە هەوڵی ئەوەداین کارێک بکەین لە نێوان هەموو پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژیا و هەر باگراوەندێک، ببینە خاوەنی یەک وتاری هاوبەش و لە پرسە گرنگەکاندا یەک هەڵوێستمان هەبێت، بەجۆرێک ببینە ئۆپۆزسیۆنێکی کوردی بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ئەوەش چەند پرۆژەیەکمان پێشنیارکردووە کە گفتوگۆی لەسەر بکەین.

 

-وەڵامی پارتەکانی ڕۆژهەڵات چیبووە بۆ پێشنار و داواکانتان؟

 

 

"هەندێکیان زۆریان پێ باشبووە کە گفتوگۆی لەسەر بکەین"

 

سیامەند موعینی: ئێمە سەردانی چەند لایەنێکمان کردووە، ئەوانەی چوینەتە سەردانیان بە خۆشحاڵیەوە پێشوازییان لە داوا و پرۆژەکانمان کردووە و نزیکایەتی و دۆستایەتی باشیان هەبوو بۆ یەکدەنگی پارتەکانی ڕۆژهەڵات، هیوادارین گفتوگۆکانمان بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە و هەنگاوی کرداری بۆ بنێین، بۆ ئەوەش هەموو لایەنەکان پێویستە بە بەرپرسیارە ئەرکەکان بەجێبگەیەنن.

 

-پەیوەندییەکانی پژاک لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پارتەکانیدا لە چ ئاستێکدایە؟

 

"لەگەڵ هەموو پارتەکاندا پەیوەندیمان باشە"

 

سیامەند موعینی: لەگەڵ پارتەکانی باشوری کوردستان و ڕۆژئاوا و باکوریش پەیوەندیمان زۆرباشە، بەڵام دەکرێت لە پارتێکەوە زۆرنزیکبین بەهۆی هاوفکری و هاوهەڵوێستیمانەوە، لەگەڵ ئەوانەشی کە جیاوازی لە بیرو بۆچوونماندا هەیە، دیسان پەیوەندی و سەردانی بەردەواممان هەیە بۆ لای یەک، وە ڕەنگە لەگەڵ پارتێکیشدا کەمتر پەیوەندی هەبێت، بەردەوامیش وتوومانە ئێمە دەمانەوێت و هەوڵیشی بۆ دەدەین کە هەموو حزبەکان پێکەوە پەیوەندیمان بەهێزبێت و بتوانین ببینە هۆکارێک بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان.

 

-ڕەوشی گەلی کورد و گەلانی ئێران لە ژیر سایەی سیاسەتی ئەو وڵاتەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 

"زیندانەکانی ئێران پڕکراون لەوانەی داوای ئازادی و مافەکانیان دەکەن"

 

سیامەند موعینی: هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە لە ساڵی ١٩٧٩، هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئازادیخوازان و گەلاندا تا ئەوپەڕی خراپ بوون بووە، بۆیە دەبینین زیندانەکانی ئێران پڕکراون لەو کەسانەی لە پێناو ئازادیدا تێکۆشانیان کردووە، ئەمانەش لەگەڵ هیچ بەهایەکی ئازادی و دیموکراسیخوازیدا یەکناگرێتەوە، سیستەمی ئێران بەجۆرێک دیکتاتۆرە دەیەوێت بە تیرۆر و زیندانیکردن و تۆقاندن هەموو هێزەکانی بەدەر لەخۆی لەناوببات و هیچ دەرفەتێکیشی نەهێشتوەتەوە، بۆیە ئێمە پێمانوایە کە دەبێت گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی ئیراندا بکرێت.

 

-لە ڕۆژانی ڕابردوو یاسای مافی هاوڵاتی بوون لە ئێراندا خرایە بەرباس، بە بڕوای پژاک ئەو یاسایە دەتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک لە سیستمی سیاسی ئەو وڵاتەدا بکات؟

 

"ئیتڵاعات دەتوانێت وەلای بنێت و کەسیش ناتوانێت ڕێگری لێبکات"

 

سیامەند موعینی: ڕۆحانی ئەو پرۆژەیەی ڕاگەیاندووە، هەبوونی هەنگاوێکی باشە، بەڵام جێبەجێکردنی بە زەحمەت دەبینین، جگە لەوەی وتم جێبەجێکردنی زەحمەتە، بە پروپاگەندەیەکیشی دەبینین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئێران لەلایەن ڕۆحانییەوە، دەسەڵات ئامانجیشی ئەوەیە دواتر بڵێن ئێمە گوێمان لە گەلانی ئێران گرتووە و ئازادیمان فەراهەم کردوون، بەڵام ئەوە دەشبێت مەجلیسی شورای ئێران پەسەندی بکات(پەرلەمانی ئێران)، بۆئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر وانەبێت، نەک کرداری، لە ڕووی یاساییشەوە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەئاسانی لەلایەن ئیتڵاعاتەوە بەلاوەدەنرێت، هیچ هێزێکیش ناتوانێت ڕێگری لەوان بکات.


-لە ئەگەرێکدا ئەنجومەنی شورا پەسەندی بکات، دەکرێت بۆ گەلانی ئێران باشبێت؟

 

"نەک شتێکی زۆر، ئەوە شتێکی زۆر بچوکە"

 

سیامەند موعینی: وەک وتم ئەوە هەنگاوێکە، لەبەرامبەر پێکەوە ژیانی گەلانی ئێران و پاراستنی کلتور و ناسنامەی ئەو گەلانەدا لەو وڵاتە دەژین، نەک شتێکی زۆر، ئەوە شتێکی زۆر بچوکە، ئەگەریش لە مەجلیس پەسەند بکرێت، ئەوە هەر ڕێگایەکی زۆر دووری لەپێشە، بەتایبەت بۆ ئەوەی ئێمە دەمانەوێت و باسمانکرد.

 

لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی ئێراندا، پەیامی ئێوە بۆ گەلی کورد و گەلانی ئێران چییە؟

 

"دەبێت گەلانی ئێران دەنگی ناڕەزایی هەڵبڕن"

 

سیامەند موعینی: لەناو هەر سیستمێکی دیکتاتۆردا گەل گرنگە، کۆمەڵگایەک، کە بەوەگەیشتبێت بزانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی چۆن بەڕێوە دەچێت، ئەو کۆمەڵگایە چواردەور لە دیکتاتۆر دەگرێت و لەناوی دەبات، کۆمەڵگای ئێرانیش پێویستە بەخۆڕێکخستن و دەنگهەڵبڕینی ناڕازیی خۆیان لەو سیاسەتە ڕزگاربکەن، چونکە دەسەڵاتی ئێران نەک هەر لە ئازادی و سیاسەتدا شکستیهێناوە، بەڵکو لە ئابووریشدا شکستی هێناوە، بەجۆرێک لە پارێزگایەکی گەورەی وەک کرماشاندا ڕێژەی بێکاری گەیشتووەتە ٤٠%، بۆیە پێویستە گەلانی ئێران داوای ئازادی و نان و مافەکانیان بکەن، ئێران و سیستمەکەی ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازی ئەو گەلانەبێت، ئێمە پێشنیاری کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیمانکردووە، لەو سیستەمەدا گەلان و دینەجیاوازەکان هەموو یەکسان دەبن و دەتوانن پێکەوە بژین، بۆیە دەبێت کۆمەڵگا خۆی لەمشێوە دەسەڵاتەی ئێستا ڕزگاربکات.

 

-پێتانوایە ئێران سیاسەتێکی جیاوازتر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە پەیڕەودەکات؟

 

"ڕەنگە ئابووری ببێتە هۆی لەناوچوونی ئەو سیستمە"

 

سیامەند موعینی: نەک لە ئێستادا، لە زەمانی شای پێشووی ئێرانیش سیاسەتێکی جیاواز بەرامبەر ڕۆژهەڵات پەیڕەوکراوە، هەوڵیان داوە ئەو ناوچانە پێشنەکەوێت، نەک هەر ڕۆژهەڵات بەشێکی زۆر لە ئێران لە هەمان قەیراندان، سیستان و بەلوجستان هەمان شێوەی کوردستانە، خوزستان کە لەسەر نەوت خەوتووە هەمان شێوە لە دۆخێکی خراپدایە، ئەمانە هەموویان دەچنەوە سەر ئەو گەندەڵیانەشی لەسیستمی ئێراندا هەیە، بۆیە چاوەڕوانیش دەکرێت کە ئابووری کێشەیەکی گەورە بۆ دەوڵەتی ئێران و سیستمەکەی دروستبکات.

 

-بڕیارە چەند مانگی داهاتوو، دوو هەڵبژاردن لە ئێران بکرێت، تێبینیتان هەیە لەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوانە؟

 

سیامەند موعینی: ئەوان وای پیشانەدەن کە ئەوانەی ئیسلاح تەڵەبن(ڕیفۆرم خوازان) و دەیانەوێت چاکسازی بکەن، بەشەکەی تری ئوسوڵگەران (ڕاستڕەو) ئەوانەی دەیانەوێت درێژە بەم سیستمەی ئێستای ئێران بدەن، بەڵام لەڕاستیدا ئێران خۆی وەک حزبێک بەڕێوەدەبرێت.

 

-ئۆپۆزسیۆنی بۆ ئەو هەڵبژاردنانە چ کاریگەرییەکیان دەبێت؟

 

"ئێران ئۆپۆزسیۆنی ساختە دروستدەکات"

 

 

سیامەند موعینی: ئێران بەو سیستمەی خۆیەوە دەیەوێت لەناوخۆیدا ئۆپۆزسیۆنی ساختە دروستبکات، ئەوان ئامانجیان بەو کارانە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی گەل بێدەنگ بکەن، دەیانەوێت دەست بەسەر ئۆپۆزسیۆنیشدا بگرن، ڕۆحانی بەم کارانەی ئێستای ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک بکات، ئێمەش وەک هیچ کاتێک نامانەوێت لە سیستەمێکی بەو شێوەیەدا شوێنمان هەبێت، چونکە پێمانوایە نەک هەر بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ئێران ئەو سیستمە بەسەرچووە.

 

هەر لەسەر هەڵبژاردنەکان سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پژاک زیاتر قسەیکرد و وتی: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای ئێران، چەندین جۆر فلتەر بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە دەیانەوێت خۆیان بپاڵێون، بەگشتی ئەوان کەسانێک قبوڵ دەکەن کە لەو فلتەرانەدا دەربچێت و دڵسۆز بوونی بۆ سیستمی ئێران پشتڕاستبکاتەوە، ئەوکاتە ئەوانیش لە جیاتی نوێنەرایەتی گەلەکەیان بکەن، نوێنەرایەتی سیستمی ئێران دەکەن، لە ڕابردووشدا هەروابووە، بەڵام دەکرێت بتوانرێت هەندێک گۆڕانکاری بکرێت و ئەندامانی شوراش ڕووی کاریان بگۆڕن و بکەونە خزمەتی گەلەکانیانەوە.

 

-ئایا بۆ ئەو هەڵبژاردنە پێتانوانیە یەکدەنگی پارتە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات زۆر گرنگ بێت؟

 

"ئێمە هەوڵمانداوە و پێشنیاری ئەوەمان کردووە"

 

سیامەند موعینی: زۆر ڕاستە، ئێمە ئەو پێشنیارەمان بۆ هەموو حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە هاودەنگبین بۆ هەڵبژاردنی ئێران، دەتوانین گفوگۆبکەین و یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبین، ئەوەش کاریگەری زۆری دەبیت لەناو گەلەکەماندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

-ترامپ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، ئایا ئەو گۆڕانکارییانە کاریگەری لەسەر ئێران دەبێت؟

 

"لە داهاتوودا دەتوانین ڕوونتر لەسەر ئەو بابەتە بدوێین"

 

سیامەند موعینی: لە کابینەی ئێستای باراک ئۆبامادا بە شێوازێکی لیبراڵی لە سیستمی ئێران نزیک بوونەوە هەبووە، هەوڵی داوە بە فشاری ئابووری کاریگەری دروستبکات، ئەویش لە چوارچێوەی بەرژەوەندی زلهێزەکاندا، بەڵام خواست و ویستی گەل شتێکی ترە، ئێستا یەکێک لەو وەزیرانەی ترامپ دیاری کردووە دەوترێت کەسێکی توندە بەرامبەر ئێران، بەڵام جارێک ناتوانین شیکردنەوەی زۆر بۆ ئەو باسە بکەین، لە داهاتوودا سیاسەتیان ڕوونتربوویەوە دەکرێت زیاتری لەسەر بدوێین.

 

-کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نیوان ئێران – تورکیا، ڕوسیا بەڕێوەدەچێت، سەرەنجتان لەسەر ئەو کۆبوونەوانە چییە؟


"تورکیا ویستی پەیامێک بدات بە ئەمریکا"

 

سیامەند موعینی: چاوپێکەوتن لە نێوان ئەو هێزانەدا زۆرن کە بەرژەوەندیان لەشەڕی سوریا و شەڕی عێراق دا هەیە دژی داعش، ئەویش لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندابووە، پێشتر ئەمریکا هەوڵیدا لە مەسەلەی سوریادا دەستێوەردان بکات و بڵێت کە ئێمە دەزانین تورکیا پشتیوانی چەکدارەکانی وەک بەرەی نوسرە دەکات بۆ شەڕکردن لە دژی داعش، هەروەها مەسەلەی گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان هاتەپێش، تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ ویستی بەقازانجی خۆی سودی لێببینێت، بەڵام باڵانسەکە گۆڕا، ئەوەبوو سەرەتا بینیمان ئەسەد بەتەواوی دیمەشقی گرتەوە، بەشێکی زۆری بەرەی نوسرە و داعش و چەتەکانی تریش بەشێکی زۆری سوریایان گرت، ئەوە باڵانسی هێزی گۆڕی، دواتر دانیشتنەکانیش لەسەر بنەمای داڕشتنەوەیەکی دیکە دەستی پێکرد لە نێوان هەندێک وڵاتدا، لێرەشدا بە پێشەنگایەتی ڕوسیا، ئێران و تورکیا و ئەسەدیش ڕۆڵی خۆیان دەبینن، تورکیا ویستی پەیامێک بداتە ئەمریکا وەک فشارێک و بڵێت من دەتوانم لە ناتۆ دەربچم بەدیلیشم بۆ ئەوە هەیە، ئەویش پەیمانی شەنگهایە، بەڵام ئاکەپە بەو سیاسەتانەی تورکیای بەرەو هەڵوەشانێکی گەورە و گورزی کوشندە بردوو.

 

-پێتوانیە کاریگەرییان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانیش هەبێت؟

 


"نەک هەر ڕۆژئاوا، کاریگەری لەسەر هەموو کورد دەبێت"

 

سیامەند موعینی: بێگومان، هەر کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا نەک هەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو کورد دەبێت، بەڵام ڕەنگە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بێت، بەڵام گرنگە کورد بتوانێت سیاستەتێکی گرنگ و بەهیز بکات، چونکە ئێمە لە ڕەوشێکی هەستیارداین، هاودەنگی و پشتیوانی کورد لە ناوخۆیدا زۆر گرنگە، کە پێموابێت کورد لە ڕۆژئاوا ئەو هەوڵەی خۆی داوە، ئەوان لە سیاسەت و جەنگیشدا پێشەنگی باشیان تۆمارکردووە.

 

-بەبڕوای ئێوە لە ئێستادا، لەم هەلومەرجەدا کۆنگرەی نەتەوەیی تا چەند گرنگی دەبێت؟

 

"دەبێت کورد ئەو کۆنگرەیە ببەستێت"

 

سیامەند موعینی: بێگومان زۆریش گرنگە، بۆئەوەی بتوانێت سیاسەتی نێودەوڵەتی کورد یەکبخات، بەڵام بەداخەوە لەبەر پەیوەندی هەندێک لە وڵاتان بە چەند حزبێکەوە لە پێناو ئابووری خۆیاندا هۆکارێک بوون بۆ دواکەوتنی کۆنگرەی نەتەوەیی، هەرچەند بەربەستی دەبێت، دەبێت کورد هەرچۆن بووە ئەو کۆنگرەیە ببەستێت.

 

-کەجەکە داوای یەکێتی نەتەوەیی کرد، وەک پژاک ئێوە تاچەند پشتیوانی دەکەن؟

 

"ئێمە پشتیوانیمان لەو پەیامە کردووە"

 

سیامەند موعینی: ئێەمە پشتیوانیمان لەو پەیامەکردووە و زۆریش بەگرنگمان بینوە، بۆ هەر ئەرکێکیش لەپێناو کۆنگرەی نەتەوەییدا بکەوێتە سەر شانمان ئامادەین پێکیبێنین، داواشمان کردووە هەموو حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەموومان پێکەوە بەیەک دەنگ بەشداربین لە کۆنگرەی نەتەوەییدا.

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin