Smiley face
Smiley face
Smiley face

سەرۆکی پەرلەمان: لەم قۆناغە هەستیارەدا کۆنگرەی نەتەوەیی زۆر پێویستە

2016-12-17 10:51:53



ڕۆژنیوز - سۆران حسێن

 

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ڕۆژنیوزدا، دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تیشک دەخاتەسەر دواین دۆخی سیاسی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت:"لەم قۆناغە هەستیارەدا کۆنگرەی نەتەوەیی زۆر گرنگ و پێویستە".

 

سەرۆکی پەرلەمان باس لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی و هۆکارەکانی دەکات، هەروەها تیشک دەخاتەسەر پەیوەندییەکانی پەرلەمان لەگەڵ پارچەکانیتری کوردستانداو جێنەهێشتنی کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش بە هۆکارەی سەرەکی هەموو قەیرانەکانی هەرێم لەقەڵەم دەدات.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:

 

ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان لە چیەوە دروستبووە بە بڕوای ئێوە؟

 

"ئەم دۆخەی ئێستا ئەنجامی بەرژەوەندی شەخسیە"

 

دکتۆر یوسف محەمەد:" ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت ئەنجامی ئەوەیە بەرژەوەندییە شەخسی و حزبییەکان خراوەتە سەر بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان، بەداخەوە تا ئێستاش هەر بەم شێوەیە مامەڵە دەکرێت، ئەگەر ئێمە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی گەلەکەمان کارمان بکردایە بەم دۆخە نەدەگەیشتین".

 

بارزانی ڕاستەوخۆ تۆی بە هۆکاری ئەم قەیرانانە ناوبرد، رای ئێوە چییە؟

 

"ئەم قەیرانە بەهۆی وازنەهێنانی کاک مەسعود لە کورسیەکەی دروستبوو"

 

د. یوسف محەمەد:" هەمووان دەزانین ئەم قەیرانە بەهۆی وازنەهێنانی کاک مەسعود لە کورسیەکەی دروستبوو، ئێمە لە پەرلەمان چوار پرۆژە یاسامان هەبوو بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، بۆ ئەوەی بتوانرێت سەرۆکێکی تازە بۆ هەرێم هەڵبژێردرێت، ئەوەشی کردوومانە دژە یاسا نەبووە و بەپێی پەیڕەوی ناخۆ کردوومانە، ئەوەی کە کاری نایاسایی دەکات بارزانییە کە بە ناشەرعی لەسەر پۆستەکەی کاردەکات".

 

ئێوە پۆستەکەی بارزانی بە ناشەرعی دەزانن، ئایا لە سەردانەکەتاندا بۆ وڵاتانی دەرەوە ئەو پرسەتان باسکردووە، چونکە بارزانی لە دەرەوەدا وەک سەرۆک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟

 

"باسی سەرەکیمان لە دەرەوە هاوکاری پێشمەرگە و شەڕڤانان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و کۆبانێ و جەلەولا بووە"

 

د. یوسف محەمەد:" ئێمە ئەوەمان وەک کاری لە پێشینەمان باسنەکردووە، بەڵام بەدڵنیایەوە پرسی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا باسی لێوەکراوە، بەڵام کۆمەڵگای نیودەوڵەتی ئاگاداری ئەو سەرپێچیانەن کە لە دیموکراسیدا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت و نیگەرانن، بەڵام ئەوان لە ئێستادا گرنگی بە شەڕی داعش دەدەن، بە دڵنیایشەوە لە داهاتوودا هەڵوێستی ڕوونتریان دەبێت".

وتیشی:" ئەو پرسانەی ئێمە لە وڵاتانی دەرەوە باسمانکردووە بە پلەی یەکەم پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان بووە، شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش بووە، باسمان لە پەیوەندی و هاوکاریکردن کردووە بۆ پێشەمەرگە و شەڕڤانان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها باسمان لەو ڕێژە زۆرەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستاندا کردووە".

 

ئەوەشی وت:" ئێمە پرسی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و کۆبانێ و گوڵاڵە (جەلەولا) مان، کردوەتە ئەجێندای کارەکانمان، لە تەواوی سەردانەکان و دیدارەکانماندا ئەو پرسەمان بە گرنگ زانیوە".

 

بۆ پشتیوانی کەیسی تاوانی ئێزدییەکان، چ هەنگاوێکتان ناوە؟

 

"یەکێک بووە لە سەرەکیترین و لە پێشینەترین کارەکانمان"

 

د. یوسف محەمەد:" لەتەواوی سەردان و کۆبوونەوەکانماندا کەیسی بە جینۆساید ناساندنی ئێزدییەکان و ئەو تاوانەی بەرامبەریان کرا، یەکێک بووە لە سەرەکیترین و لە پێشینەترین کارەکانمان ".

 

لەئێستادا هیچ ئەگەرێک هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێم؟

 

"دەیبینم حزبەکان فشار دەخەنەسەر فراکسیۆنەکانیان بۆ ئەوەی هیچ هەنگاوێک نەنێن بۆ چارەسەری".

 

د. یوسف محەمەد:" بەداخەوە حزبە سیاسیەکان ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیان نییە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، بڕیارە کۆبوونەوەکان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دەبینین چەند بە خاوی بەڕێوەدەچێت، نەک هەر ئەوە، ئەوەی من دەیبینم حزبە سیاسیەکان فشار دەخەنەسەر فراکسیۆنەکانیان بۆ ئەوەی هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری نەهاوێژن".

 

پارتی لابردنی یوسف محەمەد وەک مەرجێک دەزانێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ڕای تۆ چیە لەو بارەیەوە؟

 

"من نە هۆکاری قەیرانی سیاسی، نە داراییم"

 

د. یوسف محەمەد:" ئێمە دوو قەیرانمان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، قەیرانی سیاسی و قەیرانی دارایی – ئابوری، من نە هۆکاری قەیرانە سیاسی و یاساییەکەم کە پەیوەندیدارە بە سەرۆکایەتی هەرێمەوە، نە سەرچاوەی قەیرانی دارایی – ئابورییەکەم، کە بوەتە هۆی بڕینی قوتی هاوڵاتیان".

 

ئەگەر لایەنە سیاسیەکان ڕێککەوتن ئەنجام بدەن، ئێوە ئامادەن دەست لەکاربکێشنەوە؟

 

"ئەگەر لایەنەکان ڕێکبکەون من ئامادەم پێیەوە پابەندبم"

 

د. یوسف محەمەد:" ئەگەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە، و ئەگەر لایەنە سیاسیەکان و دەسەڵاتی دادوەری کە بەداخەوە ئەویش حزب دەستی تێوەرداون لە ناویدا زۆر زیادیکردووە، ڕێکبکەون سێ سەرۆکایەتییەکە بگۆڕن، من دوای پرس لە گەڵ بزوتنەوەکەم، بزوتنەوەی گۆڕان، چونکە من ئەوان بۆ ئەم پۆستە پشتیوانیان کردووم، هەروەها قسەی خۆشم دەبێت و پابەندی بڕیارەکانیان دەبم، داواش لە هەموو حزبەکان دەکەم چیتر واز لە پینەو پەڕۆ بێنن، چونکە دۆخی هەرێمی کوردستان پینەو پەڕۆ هەڵناگرێت".

 

وتیشی:" پرسەکان پێویستە چارەسەری بنچینەییان بۆ بدۆزرێتەوە و هەڵینەگرن بۆ داهاتوو، من نمونەیەک دەهێنمەوە، ئەگەر ساڵی ٢٠١٣ و پێشتریش کە پرۆژە هەبووە بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و دەستوری هەرێمی کوردستان، سەریان بگرتایە، ئەوە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم نە دەگەیشتە ئەم خولەی پەرلەمان و ئەم خولەی پەک نەدەخست، ئێستاش با هەر ئەم خولەی پەرلەمان و ئەم سەرۆکەی پەرلەمان ببنە قوربانی، بەڵام با پرسێکی ئاڵۆزی وەک ئەمەی ئێستا کە هەیە، و هەریەکە لە قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم و بودجە و قوتی خەڵکن، دوانەخەین بۆ خولی داهاتوو".

 

بڕیارە شاندێکی پارتی بێنە شاری سلێمانی، پێتان وایە ببنەهۆی ڕێککەوتن و چارەسەری کێشەکان؟

 

"پێوسیتە ئیرادەی جدی هەبێت"

 

د. یوسف محەمەد:" نامەوێت پێش ڕووداوەکان بکەوم، سەرەنجم لەسەر کۆی پرۆسەکە هەیە، بەڵام وەک باسمکرد پێویستە ئیرادە و جدیەت بۆ چارەسەرییەکان هەبێت".

 

بەپێی یاسا، دەبێت ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەبچێت، ئایا بەم دۆخەوە توانای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن هەیە؟

 

"هەڵبژاردن لە هەرێمدا هیچ بەهایەکی نەماوە"

 

د. یوسف محەمەد:" لە بنەڕەتدا ئێستا هەڵبژاردن هیچ نرخێکی نەماوە لە هەرێمی کوردستاندا، کاتێک حزبی سیاسی لە ڕێگەی هێزی چەکدارییەوە پەرلەمان پەکبخات و پرۆسەی سیاسی بوەستێنێت، کاتێک سەرۆکێک کە بە هەڵبژاردن بۆ چوار ساڵ هاتووە ماوەکەی تەواوە کردووە، دوو ساڵی بۆ تازەکراوەتەوە، دوای ئەوەش ئامادەنەبووە کورسیەکەی چۆڵبکات، لێرە هیچ نرخێکی هەڵبژاردن نەماوە، بۆیە تا پرۆسەی سیاسی نەخەینەوەسەر ڕێچکەی خۆی کە دیموکراسیەتە، ئەوە من باوەڕناکەم هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا هیچ کێشەیەک چارەسەربکات".

 

پێتان وایە ئێستاش هێز باڵانسی سیاسەت دەگۆڕێت؟

 

"حزب پێشمەرگە بەکاردەهێنێت"

 

د. یوسف محەمەد:" کێشەی سەرەکی لە هەرێمدا ئەوەیە، کە حزبە سیاسیەکان نایانەوێت دەستبەرداری هەژموونی خۆیان بەسەر هێزە چەکدارەکاندابن، کە من دڵنیام کە هێزە چەکدارەکانی هەرێم بەتایبەت هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە، خۆیان ئەم هەژموونەی حزبیان پێناخۆشە، بۆ نمونە پێیان ناخۆشە کە ئابونەی حزبی بدەن، پێیان ناخۆشە لایەنێکی سیاسی بۆ ململانێی ناوخۆیی بەکاریان بهێنێت".

 

وتیشی:" بۆیە تا ئەمە چارەسەرنەکەین و دەستی حزب لەسەر هیزی پێشمەرگە نەبڕین و هێزی پێشمەرگە نەکەینە دامەزراوەیەک کە هێزی هەموو هەرێمی کوردستانبن، هەرچەند خۆیان وان، بەڵام حزب نایانەوێت وابن، چونکە تا ئێستا حزبەکان ئامادەنین دەستبەرداری ئەوەبن کە بودجەی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ لەحکومەتەوە وەربگیرێت و نەبرێتە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠، تا ئەمانە کۆتایی پێنەیەت، نەک هەرئەوەی کە ناتوانین ئومێدێکی باشمان بە پرۆسەی دیموکراسی هەبێت، بەڵکو دەبێت لەوەش بترسین کە ڕۆژێک ئەو حزبانە ناکۆکی ناوخۆییان هەبێت و هێزی چەکدار دژ بەیەک بەکاربێنن، بەداخەوە ئیستا خەریکە وایلێدێت تاکە شەخسێکیش پیشمەرگە لە بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، ئەگەر ململانێی شەخسیش دروستبێت ئەگەری پێکدادان هەیە لە هەرێمدا".

 

بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن فراکسیۆنە کوردییەکانەوە لە بەغدا پەسەندکرا، ئێستا هەمان لایەنەکان جگە لە گۆڕان، لە حکومەت ڕەتی دەکەنەوە، ڕای سەرۆکی پەرلەمان لەم بارەیەوە؟

 

"ئەوە دوو فاقییە، حزبی دەبێت لە بەغدا چی وت لە هەرێمی کوردستانیش ئەوەبڵێت"

 

د. یوسف محەمەد:" ئەوە بۆخۆی دوو فاقییەکە، حزبی سیاسی دەبێت کیانێکی یەکگرتووبێت، لە بەغدا چی وت لە هەرێمی کوردستانیش ئەوەبڵێت، بەداخەوە ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەژموونی هێزی چەکدار، کە حزبە سیاسیەکان ناچاردەکات لە هەولێر قسەیەکیتر بکەن، کە ڕەنگە قسەی حزبەکان نەبێت کە لە سلێمانی و بەغدا کردوویانە".

 

وەک سەرۆکی پەرلەمان، پێتباشە بودجەی هەرێم لە بەغداوەبێت یان هەرێم خۆی هەناردەی نەوت بکات؟

 

"دەبێت لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە ئەمەیان هێنایە کایەوە"

 

د. یوسف محەمەد:" پێمباشە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بکرێتە پێوەر، هاوڵاتیان ماندووبوون، سێ ساڵە لە قەیرانێکی قوڵدا دەژین، ئەوە ساڵ تەواو دەبێت هەیە شەش مانگ و هەشە چوار مانگ مووچەی وەرگرتووە، بۆیە گرنگە بەرژەوەندی خەدڵک لێکبدرێتەوە، ئەوە لێکنەدرێتەوە کە کێ هەڵەی کردووەو چۆن بووە، ئەوە گرنگە دادگای یاسایی بڕیاری لەسەر بدات".

 

وتیشی:" ڕەوایە ئێستا بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان ١٦ دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە؟، دەبێت لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە ئەمەیان هێنایە کایەوە، چونکە نەوت ئێستا لە بازاڕی جیهانیدا ٥٠ دۆلارە، واز لەمەش بێنین بەشەکەیتر کە قوتی خەڵکە گرنگە، ئەگەر بە هەناردەکردنی نەوت لەبەغداوە و دابینیکردنی مووچەی هەرێم دەستەبەر دەکرێت ئەوە شتێکی باشە، ئەگەر واشنیە پێویستە بزانرێت ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە هەرێم هەیەو ناوی حکومەتی هەرێمە، ئەو داهاتەی خۆی باسیکردووە چی لێهاتووەو بۆکوێ چوووە؟ لە داهاتوودا چۆن خەرجکراوە، ئەگەر هەتانە فەرموو بیدەنە هاوڵاتیان، ئەگەریش نیتانە لێگەڕێن باچیتر هاوڵاتیان لەمە زیاتر زیان نەکەن".

 

کەوایە بەبڕوای ئێوە سیاسەتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا شکستیهێناوە؟

 

"بە دڵنیاییەوە شکشتی هێناوە"

 

د. یوسف محەمەد:" بە داخەوە سیاسەتێکی زۆر هەڵە لە بواری نەوت و گازدا پەیڕەو کراوە، من هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووم کە هێزمان دەربخەین لە بواری نەوت و گازدا کە خاوەنی نەوتێکی زۆرین کۆمپانیا جیهانییەکان بێنە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم هەڕاجکردنەی نەوت کە دەیبینین، هەموو خاکی هەرێم دابەشکراوە بەنزیکەی ٥٠ بلۆکی نەوتی و دراوە بە چەند کۆمپانیایەک کە بەسەر نەوتی هەرێمەوە بوونە کۆمپانیا و ناویان چووە ڕیزی ناوی کۆمپانیاکانی نەوتەوە، ئەوانە تاوانی گەورە و هەڵەی کوشندە بوون کە کران".

 

وتیشی:" پشتبەستن تەنها بە نەوت وەک داهاتی سەرەکی هەڵەیەکی دیکەیە، ئەگەر بۆ گەلانیتر هەڵەیەک بووبێت بۆ ئێمە دوو جار هەڵەیە، ئەمانەم لە کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمیش باسکردووە، چونکە ئێمە سنورێکمان نییە بۆ سەر دەریا کراوەکان، دەرئەنجام بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت پێویستت بە یەکێک لە دەوڵەتەکانی دراوسێ دەبێت، ئەو دەوڵەتانەش هەرکات بیانەوێت فشارێک دروستبکەن دەتوانن ڕێگری لە هەناردەی نەوتەکە بکەن".

 

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم باسە زیاتر دواو وتی:" ئەمانەش لە کاتێکدایە ئێمە لە ئاوەوە یەکەمین لە ناوچەکەداو لە زەوی کشتوکاڵیشەوە خاوەنی زەوییەکی بەپیتین، لە ڕووی دانایی و دەستی کاریشەوە یەکێکین لە میلـلەتە لە پێشینەکان، بۆیە دەڵێم بە دڵنیاییەوە سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان شکستخواردوو بووە، ببینن ئێمە نەوت دەفرۆشین بەڵام قەرزارین، نەوت دەفرۆشین ناتوانین مووچەی خەڵکی هەرێم دابینبکەین، ئەوانەش لە کاتێکدایە پێش دەرهێنانی نەوت لە عێراقەوە بودجەی ١٧%مان بۆ دەهات، بۆیە دیسان دەیڵێمەوە هەڵەیەکی زۆر لەم بوارەدا کراوە".

 

بەبڕوای تۆ، چی بکرێت بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، ئومێدێک هەیە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان؟

 

د. یوسف محەمەد:" چارەسەر لە هەرێمی کوردستاندا ئاسان نییە!.

 

بەڵام دەبێت ڕێگەیەک بۆ چارەسەری هەبێت؟

 

د. یوسف محەمەد:" بە دڵنیاییەوە دەکرێت هەبێت، ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت، ئەگەر ئەم حزبانە بەم سیاسەتەی ئێستاوە کارنەکەن و بەجدی کاربکەن بۆ بەرژەوەندی گشتی".

 

لە داهاتوو ئێستاشدا بەردەوام سنورەکانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر بۆردوومان دەکرێن، پەرلەمانی کوردستان لەو ڕووەوە چ هەنگاوێکی ناوە؟

 

"لەسەر ئەو هەڵوێستانە ڕووبەڕووی گرفتیش بوینەتەوە"

 

د. یوسف محەمەد: ئێمە هەمیشە هەڵوێستمان هەبووە لە دژی ئەو بۆردوومانانە، ڕەنگە لەسەر ئەو هەڵوێستانە ڕووبەڕووی گرفتیش بوبێتینەوە، بەڵام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پرسە نەتەوەییەکاندا پێم وانییە هیچ دواکەوتوویەکی هەبووبێت، بەڵکو ئەم خولەی پەرلەمان کرایەوە بەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستاندا، نەک هەر ناوخۆی هەرێم.

 

وتیشی:"ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمانەوە دەربارەی ڕۆژئاوا و گرنگبوون، داننان بە ئیرادەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوا، کۆمەڵێک کارن ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان شانازی پێوەدەکەن".

 

ئێستا پەیوەندی ئێوە لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا چۆنە؟

 

"هەمیشە هەوڵمانداوە وەک نوێنەری هەموو کورد کاربکەین بەرامبەر هەڕەشەکان"

 

د. یوسف محەمەد:"ئێمە پەیوەندییەکی زۆرباشمان هەیە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا بە هەموو دید و بۆچونە جیاوازەکانەوە، وەک باسم کرد پەرلەمان ببوو بەچەترێک بۆ هەموو پارچەکان، لە کارەکانیشدا هەمیشە هەوڵمانداوە وەک نوێنەری هەموو کورد کاربکەین بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی کە لەسەرمان بووە، نەک تەنها هەرێمی کوردستان، چونکە پەرلەمانی کورد پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بووە".

 

وەک سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم، ڕاتان لەسەر ئەو کودەتای ئاکەپە چییە لە باکوری کوردستان کە هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانی هەدەپەو سەدان نوێنەری کورد دەستگیرکراون؟

 

"بەهیچ جۆرێک ناکرێت کە نوێنەرانی گەل دەستگیربکرێن"

 

د. یوسف محەمەد:" ئێمە پێشتریش پەیاممان هەبوو، نەک تەنها لەسەر دەستگیرکردنی بەڕێزانی هاوسەرۆکی هەدەپە، بەڵکو هەموو پەرلەمانتاران و سەرۆک شارەوانییەکانیش، چونکە هەرگیز ناکرێت دەستگیربکرێن".

 

وتیشی:" بەهیچ جۆرێک ناکرێت کە نوێنەرانی گەل کە بەشێوەیەکی شەرعی هەڵبژێردراون دەستگیربکرێن، بەڵکو دەکرێت وتووێژیان لەگەڵدا بکرێت، ئێمە خوازیاربووین بوونی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیادا بقۆزرێتەوە بۆ وتووێژێکی قوڵ لەنێوان لایەنە سیاسیەکان و حکومەتی تورکیا و نوێنەرانی کورد بێتە کایەوە بۆ ئەوەی ئاشتی لە تورکیادا بەرقەراربێت".

 

ئایا ئەم دەستگیرکردنانە پرۆسەی ئاشتی لەناو نابات؟

 

"لە سەدساڵی ڕابردوودا بۆ کپکردنی کورد و کوردستان لە هەر چوارپارچەکە هەموو شێوازێک گیراوەتەبەروو شکستی هێناوە"

 

د. یوسف محەمەد:" ئەم شێوازی گرتن و ڕاوەدوونان و کوشتن و دەستگیرکردن و شەڕکردنە لەماوەی سەدساڵی ڕابردوودا بۆ کپکردنی کێشەی کورد و کوردستان لە هەر چوارپارچەکە گیراوەتەبەر، بەڵام لە هەموو شێوازەکاندا شکستی خواردووە، بۆیە پێویست دەکات حکومەتی تورکیا بزانێت ئەمە ڕێگای چارەسەرنییە، بەڵکو دەکرێت بە ئازادکردنی هەموو گیراوان و ڕێگە خۆشکردن بۆ گفتوگۆی ئاشتی ڕێگای چارەسەرییەکان بدۆزێتەوە".

 

لە ئێستادا بۆ نزیکبوونەی هەموو کورد، کەجەکە داوادەکات هەرچی زووە کۆنگرەی نەتەوەیی ببسترێت، ئایا ئەمە تاچەند گرنگە و لە ئێستادا دەرفەت بۆ ئەمە ڕەخساوە؟

 

"لەم قۆناغە هەستیارەدا کۆنگرەی نەتەوەیی زۆر گرنگ و پێویستە"

 

د. یوسف محەمەد:" هەموو کاتێک کۆنگرەی نەتەوەیی و دروستکردنی چەترێک بۆ پێکەوەکارکردنی هێزە کوردستانییەکان لە چوارپارچەی کوردستان کارێکی یەکجار گرنگ و پیرۆزە، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەدا، بەداخەوە ئەگەر دوو ساڵی ڕابردوو کۆنگرەی نەتەوەیی بکرایە دۆزی نەتەوەیی ئێمە و بەتایبەت لەشەڕی داعشدا زۆر زیاتر دەچوویە پێشەوە و سودی باشمان لێدەبینی، ئێستاش هەر گرنگی زۆری هەیە بۆئەوەی زاڵبین بەسەر ئەو مەترسیانەی لە داهاتوودا لەسەر کورد دەبێت".

 

بە بڕوای ئێوە بۆچی تا ئێستا ئەو کۆنگرەیە نەبەستراوە و دواکەوتووە؟

 

"بەداخەوە حزبێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لە پارچەکانیتری کوردستانیش ڕێگیربووە"

 

د. یوسف محەمەد:" بەداخەوە من زۆر بە ڕاشکاوی دەیڵێم، کە ئیرادەی حزبێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لە پارچەکانیتری کوردستانیش ڕێگرە لەبەردەم دروستکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی و ڕێگرە لەبەردەم وتارێکی هاوبەشی نیشتیمانی بۆ کوردستان، لە کاتێکدا کورد تەنها خۆی دۆستی خۆیەتی، لە کاتێکدا دەوڵەتانی دراوسێمان هەریەکە و بەرژەوەندی تایبەت و بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی بە خۆی هەیە، ڕەنگە ئەوەش لەگەڵ بەرژەوەندی کورددا یەکنەکگرێتەوە، بۆیە دەبوو لە هەموو کەس زیاتر خۆمان دۆستی یەکتربین، کە بەداخەوە ئێستا پێچەوانەکەی هەیە".

 

پێتانوانییە بەسەردانیکردنی لایەنەکانی چوارپارچەی کوردستان بتوانرێت لە ئێستادا ئەو زەمینەیە بۆ یەکڕیزی کورد بڕەخسێندرێت؟

 

"گرنگە دووربکەوینە لە بەڕێکردنی کات و دەستبخەینە سەر برینەکان"

 

د. یوسف محەمەد:"دانیشتن و سەردان و گفتوگۆ هەموو کاتێک باشە، بۆ تواندنەوەی ئەو بەستەڵەکەی لەنێوان لایەنە سیاسیەکانداهاتووەتە کایەوە باشە، بەڵام گرنگە دووربکەوینە لە بەڕێکردنی کات و کات کوشتن و دەستبخەینەسەر برینەکان و هەوڵی چارەسەریی ڕیشەیی برینەکان بدەین، ئەگەر نا بەنمونە دوای شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کورستان زیاتر لە ٦٠ کۆبوونەوە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا کرا، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو، بۆیە پێویستە کۆبوونەوە لە پێناو کۆبوونەوەدا نەبێت، بەڵکو کۆبوونەوەکان لە پێناو چارەسەرکردنی گرفتەکاندابێت".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin