Smiley face
Smiley face
Smiley face

محەمەد ئەمین ئاکتار: ئاکەپە دەیەوێت ئاستەنگ دروستبکات لە گۆڕەپانی سیاسیدا

2016-12-06 10:32:28



رۆژنیوز - عەلی کۆچەر

 

پارێزەر محەمەد ئەمین ئاکتار، سەرۆکی پێشووی سەندیکای گشتی پارێزەرانی ئامەد، باسی دەستگیرکردنی سیاسەتمەدارانی کرد و وتی: "دەیانەوێت بەم سیاسەتە لە گۆڕەپانی سیاسیدا ئاستەنگ دروستبکەن، دەتوانین ئەم قۆناغە وەکو قۆناغی سیاسەتی فشار و چەوساندنەوە ناوزەد بکەین".

 

رۆژنیوز سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرکوتکردن، هەڵگیرساندنی سیاسەتێکی دژە کورد، هێرشەکان بۆسەر هەدەپە و دەبەپە و قڕکردنی سیاسی و فشارەکان بۆ سەر رێکخراوە دیموکراتییەکان، داخستنی کۆمەڵەکان و ناوەندە مەدەنییەکان، دەستگیرکردنی هاوسەرۆکان و کوشتنی تاهیر ئەلچی، سەرۆکی پێشووی سەندیکای گشتی پارێزەرانی ئامەد چاوپێکەوتنێکی ئەنجام داوە لەگەڵ محەمەد ئەمین ئاکتار، سەرۆکی پێشووی سەندیکای گشتی پارێزەرانی ئامەد. 

 

دەقی چاوپکەوتنەکە:

 

- لەم دواییانەدا هێرش کراوەتە سەر هەدەپە و دەبەپە، ئێوە ئەم هێرشانە لە بواری یاساییەوە چۆن دەبینن؟

 

"بەم سیاسەتانە دەیانەوێت ئاستەنگ دروستبکەن لە مەیدانی سیاسیدا"

 

پارێزەر محەمەد ئەمین ئاکتار: بۆ قسەکردن لەم باسە دەبێت بگەڕێینەوە ساڵێک لەمەوبەر، ئەوکاتە دەوڵەت سیاسەتێکی نوێی دەستپێکرد، ئەو سیاسەتە لەبواری سەربازییەوە دەستیپێکرد و بڕیاردرا کێشەکان بە هێز بسڕدرێنەوە، دەیانەوێت هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم سیاسەتە نوێیە لەناوببەن، دەیانەوێت لە هەموو کاتێک زیاتر دەنگی کۆمەڵگا کپ بکەن، لە بەرامبەر ئەمەدا کۆمەڵگا چۆن بەرگری لەخۆی دەکات؟ بە رێکخراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسییەکان بەرگری لەخۆی دەکات، کۆمەڵگا لەرێگای شارەوانییەکانەوە بەشداری خۆبەڕێوەبەری دەبێت، پێویستە لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەدا هەموومان یەکبگرین، داخستنی دەزگا راگەیاندنەکان، فشارەکان بۆ سەر رۆژنامەنووسان و داخستنی گۆڤارەکان و دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانییەکان لەو کردەوانەن کە لەم سیاسەتە نوێیەدا جێیان کراوەتەوە و ئێستاش بەردەوامن، لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە نوێیەیاندا پێویست بوو بەتایبەت دەست بەسەر شارەوانییەکانی دەبەپەدا بگرن و لە جێگای هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان خۆسەپێنەر دابنێن.

 

پاش هەوڵدان بۆ کودەتای ١٥ی تەمموز، چوار سەرۆکی شارەوانیان بەبەهانەی پەیوەندی لەگەڵ لایەنگرەکانی فەتحوڵڵا گولەن دەستگیر کرد، بۆ هەموو شارەوانییەکانی دەبەپە پارێزگارەکان و قایمقامەکان وەکو خۆسەپێنەر دانران، ئەگەر باش لەم رووداوانە بڕوانین، دەوڵەت بەم کارە هەموو ناوەند و رێکخراوەکانی هەناسەدانی کۆمەڵگای داخستووە و خنکاندوونی، لەم سیاسەتانەدا چەندە پێشکەوتوون؟ دەوڵەت لەبەر پارێزبەندی پەرلەمانتاران، نەیتوانیبوو زۆر فشار بخاتە سەر پەرلەمانتاران، ئەویشی بە پێشێلکردنی دەستور و گۆڕینی هەندێک لەماددە یاساییەکان چارەسەرکرد، باش دەزانین ئەگەر کەسێک تاوانێک ئەنجام بدات، هەموو پێکەوە دەستگیر دەکرێن و باجی ئەو تاوانە دەدەن، دۆسیەی پەرلەمانتارانی هەدەپە جیاوازن لە یەکتر، دۆسییەکان بە داواکاری گشتی جیاواز سپێردراون، دەیانەوێت ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی لەکۆمەڵگادا بەڕێوە ببەن، دەیانەوێت لە مەیدانی سیاسیدا ئاستەنگ دروستبکەن، دەوڵەتی تورک بەنیازە مەیدانی رێکخراوە مەدەنی و دیموکراتییەکان چۆڵ بکات و مەیدانەکە بەتەنیا بۆ خەباتی سەربازی کورد بهێڵێتەوە، پاشان بە هەموو جیهان بڵێت ئەمانە کۆمەڵێک چەکداری تیرۆریستن، دوایەش بەم بەهانەیەوە ئەویش هەموو جۆرە سیاسەتێکی سەربازی بەکار بهێنێت.

 

- لە کوردستان و تورکیا سیاسەت گەیشتووەتە تەنگترین ئاستی خۆی، بەتایبەت هێرشەکان بۆسەر گەلی کورد بە شێوازێکی بێسنوور ئەنجام دەدرێت، یاسا لە وڵاتدا واتای نەماوە، لەبەرامبەر ئەم هێرشانەدا میکانیزمی یاسایی بێدەنگە، ئەمانە چۆن دەبینن؟

 

"دادگای تورک خەریکە شکستێکی مێژوویی ئەزمون دەکات"

محەمەد ئەمین ئاکتار: ئێستاکە دەسەڵاتداری فشارەکانی دژی هەمووان بەکاردەهێنێت، بە کوردەکان دەڵێت، ئەگەر دەنگتان بێت یان زمان بکەنەوە، من دەیبیستم و دەستگیرتان دەکەم، بۆیەش بە ئەنجامدانی تاوانیان بە یاسایی کردەوە، ئێستاکە دادگاکان و دادوەرەکانیان ترساندووە و ئەوانیش لە ترسی ئەوەی دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا نەگیرێت یان دەستگیر نەکرێن دەنگیان لێوە نایات، چونکە ئەوان لەبەامبەر دەسەڵاتداری سیاسیدا هیچ مافێکیان نییە.

 

دادگای تورک هەم لەبواری یاسایی و و هەم لە بواری باوەڕییەوە خەریکە شکستێکی مێژوویی ئەزمون دەکات، لەلایەکی دیکەوە فشار لەسەر هەموو سەندیکا یاسایی و رێکخراوەکان هەیە، پاش هەوڵدان بۆ کودەتای ١٥ی تەمموز گومان لە هەموو رێکخراوەکان کرا کە پەیوەندیان لەگەڵ کودەتاکەرانەوە هەبێت، لەبەر ئەوەش رێکخراوەکان سەیردەکەن بزانن حکومەت چی دەوێت تا ئەو کارە ئەنجام بدەن، ئەو رێکخراوانە لە ترسی ئەو گومانانە زۆر شت نابینن، پێویستە تێکۆشان بکەن و خۆیان رێکبخەن، پێویستە کاروباریان جیا بێت لە داواکاریەکانی دەوڵەت، بەڵام ئەگەر ئەمە بکەن، دایاندەخەن، بەڵگەیان بۆ ئاشکرادەکەن و سزایان دەدەن، ئێستاکە لەبەرامبەر کردەوەکانی دەوڵەتدا، هەموو رێکخراوەکان و یەکێتیە مافناسییەکان چاویان داخستووە، چونکە ئەگەر دەنگیان لێوەبێت گومانیان لێ دەکرێت، چونکە دەترسن ئەگەر ئەم کارە بکەن تۆمەتی پشتگیری بزووتنەوەی گولەن یان پەکەکەیان بەسەردا بسەپێندرێت، ئەوان بەم شێوەیە خۆیان بێدەنگ کردووە، بەڵام پێویستە بزانن کە سبەی ڕۆژ ئەم کردەوانە دژی خۆشیان ئەنجام دەدرێت، دەوڵەت وەکو رێکخراوێکی سەربەخۆ سەیری ئەوان ناکا، بەڵکو وەکو هەندێک ناوەندیان دەبینێت، کە هەر کات بیەوێت دایاندەخات یان دەیانکاتەوە.

 

 لە چوارچێوەی کودەتای١٢ی ئەیلولیشدا وەکو ئێستا نەبوو، ئەوکات رێکخراوەکان کرانەوە و هەڵبژاردنی خۆیان بەڕێوەبرد، رێکخراوەکان هەندێک ئەرکی یاساییان هەیە، ئەرکی رێکخراوەکان پاراستنی مافی مرۆڤ و راگرتنی باڵادەستی یاسایە، ئەوان دەبێت لە ریزی پێشەوە بەرگری لە یاسا بکەن، لەبەرامبەر ئەشکەنجە بوەستنەوە و بەرگری لە رێکخراوە ئازادەکان بکەن، ئەوان دەبێت مافەکان بپارێزن، ئەمە ئەرکی سەندیکا یاساییەکان و رێکخراوەکانە، ئەگەر ئەمە ئەنجام نەدەن بەواتای پێشێلکردنی ئەرکەکانیانە، ئێستاکە لە تورکیا یاساکان زیاتر پەیوەندیان بە راگرتنی پرەنسیبە دەوڵەتیەکانەوە هەیە، ئەو پرەنسیبانەن کە یاسا و دەستور پێشێلدەکەن، هەر ئەم پرەنسیبانەشن کە پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران لادەبەن و ئەرکدارکردنی خۆسەپێنەرەکان بۆسەر شارەوانییەکان بەیاسایی دەکەنەوە و داخستنی تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامەکان رەوا دەکەنەوە.

 

- ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکان و کۆمەڵە مەدەنییەکان داخراوان، کۆمەڵەی یاساناسانیش داخراوە، لەبەرامبەر داخستنی ئەو کۆمەڵە و رێکخراوانەدا نەخشەرێگای ئەڵتەرناتیڤ چیە؟

 

" لە کودەتای ١٢ی ئەیلولیشدا رێکخراوە و کۆمەڵەکان دانەخران"

 

محەمەد ئەمین ئاکتار: ئەمانە هەموویان لەچوارچێوەی دۆخی نائاساییدا ئەنجام دەدرێن، کردەوەکانی پاش١٥ی تەمموز بەبەهانەی دۆخی نائاساییەوە هەموو دەستکەوتە دیموکراتییەکانی ئەم وڵاتەیان لەناو برد، بە داخستنی پارتە سیاسییەکان و دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران دەست بەسەر دەسەڵاتدا گیرا و باڵادەستی دەوڵەت راگەیەندرا، هەروەها وتیان بۆ بەرگری لە بایەخە دیموکراتییەکان و ئازادی، دۆخی نائاسایی رادەگەیەنن، بۆ کپ کردنی دەنگە جیاوازەکان کودەتایەکیان لەناو کودەتادا پێکهێنا، ئەوەی هەوڵدەران بۆ کودەتا بۆیان نەکرا ئەمانە خەریکن دەیکەن، لە کودەتای١٢ی ئەیلولیشدا ئەوەندەی ئێستا کۆمەڵە و رێکخراو دانەخران، تەنیا کارەکانیان وەستێندرابوو، پاش کودەتاکە زۆربەیان دەستیان بەکار کردەوە، ئەو کات کۆمەڵەی پارێزەرانی هاوچەرخ هەبوو و پاش کودەتاکەدرێژەی بەکارەکەی دا، بەڵام ئێستاکە هەموو کەسێک وەکو دژی خۆیان دەناسێنن و سەرکوتی دەکەن، دۆخەکە بەم شێوەیە ناتوانێت بەردەوام بێت.

 

- ئەو شەوەی دەمیرتاشیان دەستبەسەر کرد و پاشان بڕیاری دەستگیرکردنیان دا ئێوە لەوێ بوون، دەتوانن بەکورت باسی ئەو شەوەمان بۆ بکەن؟

 

" دادگاییکردنی دەمیرتاش بەو بەیانییە زووە ئاسایی نەبوو"

 

محەمەد ئەمین ئاکتار: کاتژمێر ١:٣٠ی نیوەشەو بوو، من هەواڵەکەم لە هاوڕێیەکی پارێزەرم وەرگرت و پێکەوە چووین بۆ ماڵی دەمیرتاش، لەماڵ نەبوو، وتیان بردوویانە بۆ دژەتیرۆر، ئێمەش چووین بۆ ئەوێ، ژمارەیەکی دیکە لە هاوڕێیانی پارێزەریشمان هاتن، بەڵام لەبەر دۆخی نائاسایی قسەیان نەکرد، تەنیا رێگایان بە سێ پارێزەردابوو، پێویست بوو ئێمە چاومان پێی بکەوێت، لە کاتی چوونە ژوورەوەدا ئازاریان داین، وتیان: "خوا ئەمڕۆی بۆ ئێمە هێناوە، ئێمە زۆر خوشحاڵین دەمیرتاش گیراوە"، من و هاوپیشەکانمان وەڵاممان نەدانەوە، بۆ ئەوەی کێشەیەک بۆ دەمیرتاش دروست نەبێت قسەمان لەگەڵ نەکردن، لە چوونەژوورەوەدا جیا لەو بێڕێزیانە کێشەیەکی دیکەیان بۆ دروست نەکردین، ئەوەشیان وت، دەتوانن تا بەیانی لێرە دانیشن، ئێمە دەمیرتاش دەستبەسەر ناکەین، ئێمە باش دەمانزانی کە سەرۆکێکی وەکو دەمیرتاش لەلایەن ئەو کەسانەوە ئازار نادرێت، چونکە هەمووکەس بەجۆرێک بەڕێز دەمیرتاشی خۆش دەوێت، ئەوان نەیاندەتوانی جگە لە رێزگرتن کارێکی دیکە لەگەڵ ئەودا بکەن، بەڕاستی هەم سیاسەتمەداری و هەم هاوسەرۆکبوون لەخۆی دەوەشێتەوە، تا کاتژمێر٤:٠٠ی سەرلەبەیانی لەوێ ماینەوە، رۆیشتنین بۆ ئەوەی بەڕێز دەمیرتاش ئیستراحەتی خۆی وەربگرێت، ئێمە نەماندەزانی چی خەریکە روودەدات، پۆلیسەکانیش هیچیان نەدەزانی، تەنیا پێیان وتبوون بڕۆن و دەمیرتاش بێنن، کاتێک گەڕاینەوە ماڵەوە، تەلەفۆنیان کرد و وتیان، کە بەڕێز دەمیرتاش کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی بەیانی دەنێرن بۆ دادگا، بەڕاستی دادگاییکردن لەو کاتژمێرەدا ئاسایی نەبوو، کاتێک چووین بۆ دادگا هەموو رێگاکانیان گرتبوو، بە سەختی توانیمان خۆمان بگەیەنینە دادگا و بچینە ژوورەوە، کاتژمێر٧:٠٠ی بەیانی توانیمان لەگەڵ داواکاری گشتی قسە بکەین، سەلاحەدین دەمیرتاشیشیان هێنابووە ئەوێ، دەمیرتاش لەدادگا وتەی نەدابوو و وەڵامی هیچ کامە لە پرسیارەکانیانی نەدابووەوە، لەبەر ئەوەی بردنی و دادگاییکردنی پەرلەمانتارێک بەو نیوەشەوە ئاسایی نییە، ئێمەش ناڕەزاییمان دەربڕی، قسەکانمان نزیکەی کاتژمێرێکی خایەند، کاتێک بەرگرییەکان کۆتاییان هات، تەقینەوە روویدا، شوێنی تەقینەوەکە تا دادگا پێنج کیلۆمەتر دووربوو،  کاتێک بەرگرینامەکەمان دا و واژۆمان کرد، لە دادگا چووینە دەرەوە، رێڕەوەکان لە ئاستێکی بەرزدا بەسەربازی کرابوون، پۆلیس تەنانەت رێگای بە کارمەندانی دادگاش نەدەدا بێنە ناو رێڕەوەکانی دادگاوە، لەکاتی چوونە دەرەوەدا هەموو کەسیان دەپشکنی و ئێمەش گەڕان، ئێمە تۆزێک ترساین، لە رێڕەوەکاندا مێز و کورسییەک هەبوو، من داوام کرد دەمیرتاش لەوێ دابنیشێت، من و دوو پارێزەری دیکە لەوێ بووین، ئەوانی دیکە هەموو پۆلیس بوون، لەو رێڕەوەشدا نزیکەی کاتژمێرێک دانیشتین، پاشان دەمیرتاشیان دەستگیر کرد، هیچ کەسێک جگە لە ئێمە لە دەمیرتاش نزیک نەدەبووەوە، جگە لەو بێڕێزیانەی لە سەرەتای چوونە ناو دادگاوە پێیان کردین، هیچ هەڵسوکەوتێکی ناشیرینم نەبینی لێیان، ئەوان تەنانەت لێمان نزیکیش نەدەبوونەوە، لە دەمیرتاشمان پرسی: "بەرگرینامەیەکی چۆنت بۆ ئامادە بکەین"، وتیی، من دەست لە کاری پارێزەران وەرنادەم، چۆنتان پێ باشە بەو شێوەیە بینووسن، کاتێک دەیانویست بیبەن بۆ زیندان، دەیزانی کە دەیبەن بۆ زیندانێکی دەرەوە، منیش هەر وام بیر دەکردەوە، پێشتریش گولتان کشاناک و فورات ئانلی، هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەدیان بردبوو بۆ زیندانی قادریە، پێمانوابوو دەمیرتاشیش دەبەن بۆ ئەوێ، بەڵام وانەبوو، بردیان بۆ ئەدرنە، ئەدرنە زۆر دوور بوو.

 

- چەند رۆژ پێش ئێستا ساڵوەگەری تیرۆرکردنی تاهیر ئەلچی بوو، ئێوە وەکو هاوپیشەیەک ئەو رووداوە چۆن دەبینن؟ هەروەها بە دۆسیەی تاهیر ئەلچی گەیشتوەتە کوێ؟

 

" تاهیر ئەلچی بە گولـلەی پۆلیسەکان کوژرا"

 

محەمەد ئەمین ئاکتار: باسکردن  لەو تیرۆرە زۆر سەختە، تاهیر ئەلچی بۆ کۆمەڵگای مافناس، پارێزەری مافی مرۆڤ و رۆشنبیر بوو، هاوڕێیەکی نزیکم بوو و بەو تیرۆرە لەدەستم دا، جگە لەوەی هاوپیشەم بوو هاوڕێیەکی نزیکیشم بوو، لە رێگای هێرش بۆسەر تاهیر ئەلچی وەکو سەرۆکی سەندیکای گشتی پارێزەرانی ئامەد، هێرش بۆسەر هەموومان کرا، زۆر سەختە بۆ من قسەکردن لەبارەی تاهیر ئەلچیەوە، چونکە تاهیر ئەلچی هاوڕێی زۆر نزیکم بوو، پێش ئەوەی تیرۆری بکەن بردبوویان بۆ دادگای ئەستەنبۆل بۆ ئەوەی وتەی لێوەربگرن، هاوسەرەکەی وتی: "من زیاتر لە دەستگیرکردنی، لە نەخۆشی دڵی ئەو دەترسم"، منیش ئەو کات وتم: "سوێند دەخۆم ئێوارەی بەیانی لە ئەستەنبۆل دەگەڕێینەوە"، نەماندەزانی دەستگیردەکرێت یان نا، بۆ ئەوەی دڵی هاوسەرەکەی خۆش بکەم ئەو قسەیەم کردبوو.

 

ئاشکرایە کە تاهیر ئەلچی بە گولـلەی پۆیس کوژرا، بەڕاستی ئەگەر کەسێکی دیکە تەقەی لە ئەلچی کردبایە، تاکو ئەمڕۆ بکوژەکانی ئاشکرا دەکران، کوشتنی تاهیر ئەلچی لەبەر چاوی هەموواندا روویدا، لەبەرامبەر هەموو کامێراکان و لەکاتی پەخشی راستەوخۆدا کوژرا، لەوێ رۆژنامەنووسان هەبوون، تەنانەت پۆلیسەکانیش دو کامێرایان پێبوو، لەپاڵ هەموو ئەوانەدا دۆسییەکە پێشڕەوی نەکردووە و زانیارییەک لەبارەی کوژرانەکەیەوە بڵاو نەبوەتەوە، بێگومان ئەوانەی لێپرسینەوە لێکۆڵینەوەیان سەبارەت بە کوژرانی ئەلچی کرد، بکوژەکە دەناسن و بۆیان ئاشکرابووە کێ بووە، تا ئێستا هیچ وتەیەک لە کەس یان کەسانی گومانلێکراو وەرنەگیراوە، لەبەرئەوەی لە جەستەی ئەلچیدا گولـلەکە مابووەوە، دەبوو خێراتر هەموو شتێک روونبکرایەتەوە، دەبوو هەمان رۆژ لە هەموو ئەوانەی ئەو جۆرە چەکە بەکاردەهێنن لێپرسینەوە بکرایە و وتە لە کەسانی گومانلێکراو وەربگیرایە، بەڵام ئەم کارانە ئەنجام نەدران، ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەی کە پێشڕەوییەک لە دۆسییەکەدا روونەدات، بەدواداچوونەوەکانی ئێمە وەکو پارێزەر، دۆسیەی تاهیر ئەلچیی تاکو ئەمڕۆ هێناوە، لەسەر داواکاری ئێمە هەندێک بەڵگە کۆکرانەوە، ئێمە کۆمیسیۆنێکمان پێکهێناوە بەناوی: "کۆمیسیۆنی لێپرسینەوە سەبارەت بە کوشتنی تاهیر ئەلچی"، من وەکو خۆم دڵنیام کە تاهیر ئەلچی بە گولـلەی پۆلیس کوژراوە، بێ دودڵی ئەم قسەیە دەکەم، بەڵام کامە پۆلیس؟ کامە گومانلێکراو؟ لە ئەنجامی چ پلانێکدا؟ بۆ زانینی ئەمانە پێویستە لێپرسینەوە ئەنجام بدرێت.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin